دوای 20 ساڵ ئەنجومەنی شارەوانییەكان لەهەرێم سەر لەنوێ پێكدەهێنرێنەوە

0
249

SNN- مەودا مستەفا
لەچوارچێوەی پرۆسەی چاكسازیی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بۆ باشتر راییكردنی كاروباری شارەوانییەكان و خزمەتكردنی زیاتری هاووڵاتییان، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ئەنجومەنی شارەوانییەكان لە پارێزگا و قەزا و ناحیەكان بەشێوەیەكی تر و سەرلەنوێ پێكدەهێنێتەوە.
راگەیاندنی وەزارەتی شاروانی و گەشتوگوزاری حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت “گۆڕانكارییەكان بەگوێرەی پەیڕەوی ژمارە (2)ی ساڵی 2019 تایبەت بە پەیڕەوی پێكهێنانی ئەنجومەنەكانی شارەوانی لە هەرێمی كوردستان و بەبڕیاری ژمارە (32) كە لە كۆبوونەوەی ژمارە (12)ی ئەنجوومەنی وەزیران لە 30/10/2019 پەسەندكرا، هەروەها لە ژمارەی 246 لە 27/1/2020 لە رۆژنامەی وەقائعی كوردستان و بڵاوكراوەتەوە، تێیدا ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانییەكان دیاریكراون.
ئاماژە بەوەش كراوە : ئەنجومەنی شارەوانییەكان ماوەی 20 ساڵ بوو گۆڕانكاری بەسەردا نەهاتبوو، لەكاتێكدا دەبوو هەر چوار ساڵ جارێك لە خولی نوێدا ئەو ئەنجومەنانە بەڕێوە ببرێن، ئەمەش ببووە هۆی گلەیی هاووڵاتییان لە سستی كارەكانیان و كاریگەری لەسەر ئەدای كاركردنیان دروستكردبوو، لە قۆناغی ئێستادا، واتە دووبارە پێكهێنانەوەی ئەنجومەنی شارەوانییەكان بەرزترین ئاستی دەسەڵاتیان لە بەڕێوەبردنی شارەكاندا دەبێت و كاریگەری لەسەر باشی كاركردنیان و لە بەرژەوەندیی گشتیی هاووڵاتییاندا دەبێت، بۆیە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لەژێر رۆشنایی پرۆسەی چاكسازی حكومەت، ئەو ئەنجومەنانە بە دەسەڵاتی تەواوەوە پێكدەهێنێتەوە.
لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان 184 شارەوانی هەن، وەزارەتی شارەوانی ئەنجومەنەكانیان سەرلەنوێ پێكدەهێنێتەوە و بەگوێرەی ماددەی دووەمیش لە پەیڕەوی ژمارە (2)ی ساڵی 2019 ئەنجومەنی پارێزگاكان ڕادەسپێردرێن بۆ دەنگدان لەسەر كاندیدەكان كە لەلایەن وەزارەتی شارەوانییەوە دیاریدەكرێن، سەرۆك و ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی بەڕێژەی 75% لە سەرۆكی فەرمانگە حكومییەكان دەبێت و 25%یش لە نوێنەری رێكخراوە پیشەیی و ناحكومییەكان دەبن.
رێكارەكانیش بەم شێوەیە دەبێت:
یەكەم جارە لە مێژووی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ڕێكخراوەكان ڕاستەوخۆ بەشدارن لە هەموو ئەو بڕیارانەی كە لە بەڕێوەبردنی شارەوانییەكاندا دەدرێن.
دیاریكردنی نوێنەری رێكخراوە پیشەیی و ناحكومییەكان وەرچەرخانێكی گرنگە لە بەشداریپێكردنی ڕاستەوخۆی ڕێكخراوەكان لە بڕیاردان، ئەوەش بۆ یەكەمجارە لە مێژووی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕێكخراوەكان ڕاستەوخۆ بەشدار دەبن لە بڕیاردان لە هەموو ئەو بڕیارانەی كە لە بەڕێوەبردنی شارەوانییەكاندا دەدرێن.

هەروەها بوونی ژمارەیەكی زۆریش لە بەڕێوەبەری گشتی یا بەڕێوەبەری وەزارەتەكانی تر لەو ئەنجومەنە وا دەكات كاروباری هاووڵاتیان لە شارەوانی كە پەیوەندییان بە وەزارەتەكانی ترەوە هەیە، خێراتر بەڕێوەبچێت، چونكە زۆربەی دامودەزگاكان بەشێكن لە بڕیارەكانی ئەو ئەنجومەنە، بۆیە وێڕای نوێبوونەوە، ئەو گۆڕانكارییە هاوكار دەبێت بۆ كەمكردنەوەی ڕۆتین و بنبڕكردنی گەندەڵی.
بەگوێرەی پەیڕەوی ژمارە (2)ی ساڵی 2019 ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنەكانی شارەوانی لە هەرێمی كوردستان، بەو شێوەیەی خوارەوە پۆلێن كراون:
یەكەم:
بەگوێرەی یاسای بەڕێوەبردنی شارەوانییەكان ژمارە (٦) ساڵی (١٩٩٣)ی هەمواركراو، سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر(پلەی تایبەت) و ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانیی هەولێریش 17 ئەندام دەبن، ڕێژەی 75% بۆ سەرۆكی فەرمانگەكان دەبێت كە دەكاتە 13 كەس و 25%یش بۆ نوێنەری رێكخراوە پیشەیی و ناحكومییەكان دەبێت كە دەكاتە 4 ئەندام. بەمشێوەیە: سەرۆكی شارەوانیی هەولێر سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی شارەوانی دەكات، ئەندامەكانی تر لە سەرۆكی فەرمانگەكان و نوێنەری رێكخراوە پیشەیی و ناحكومییەكان دەبن.
دووەم:
سەرۆكایەتیی شارەوانییەكانی سلێمانی، دهۆك، هەڵەبجە، كەلار، رانیە و چەمچەماڵ (پلەی نایابن) و كۆی ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانی بە سەرۆكی ئەنجوومەنەوە 13 كەس دەبن، بە هەمان شێوە رێژەی 75% بۆ سەرۆكی فەرمانگە حكومییەكان كە دەكاتە 10 ئەندام و 25%یش بۆ نوێنەری رێكخراوە پیشەیی و ناحكومییەكانە دەكاتە 3 ئەندام و ئەنجوومەنەكە، سەرۆكی شارەوانیی پەیوەندیدار دەبێتە سەرۆكی ئەنجوومەنەكە.
سێیەم:
شارەوانییەكانی (پلە 1) لە قەزاكان لە هەرێمی كوردستان ژمارەیان 14 شارەوانییە و كۆی ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانییەكانیش بە سەرۆكی شارەوانییەوە دەكاتە 11 ئەندام. ئەوانیش 8 ئەندام بۆ سەرۆكی فەرمانگەكان و 3 ئەندام لە نوێنەری رێكخراوە پیشەیی و ناحكومییەكان دەبێت. بەهەمان شێوە سەرۆكی شارەوانیی پەیوەندیدار دەبێتە سەرۆكی ئەنجوومەنەكە.
چوارەم:
شارەوانییەكانی (پلە 2) لە ناحیەكان لە سەرتاسەری كوردستان ژمارەیان 33 شارەوانییە و كۆی ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانییەكان بە سەرۆكی شارەوانییەوە دەكاتە 9 ئەندام ، 7 ئەندام بۆ سەرۆكی فەرمانگەكان و 2 ئەندامیش بۆ نوێنەری رێكخراوە پیشەییەكان. بەهەمان شێوە سەرۆكی شارەوانی پەیوەندیدار دەبێتە سەرۆكی ئەنجوومەنەكە.
پێنجەم:
شارەوانییەكانی (پلە 3) ژمارەیان 35 شارەوانییە و كۆی ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانییەكانیش بە سەرۆكی شارەوانییەوە 7 ئەندامن، لەو حەوت كەسە، 5 ئەندامیان بۆ سەرۆكی فەرمانگە حكومییەكان و 2 ئەندامیش بۆ نوێنەری رێكخراوە پیشەیی و ناحكومییەكان دەبێت.
شەشەم:
شارەوانییەكانی (پلە 4) ژمارەیان 95 شارەوانییە و كۆی ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانییەكانیش بە سەرۆكی شارەوانییەوە 5 ئەندامن، 3 ئەندام لە سەرۆكی فەرمانگە حكومییەكان و 2 ئەندامیش لە نوێنەری رێكخراوەكان دەبێت.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this