ئەنجومەنی وەزیران پەیڕەوی ناوخۆی سندوقی خانەنشینی پەسەند کرد

0
345

SNN-مەودا مستەفا

جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند “سندوقی خانەنشینیی رێکدەخرێتەوە و خزمەتێکی زۆری ئەو چینە ماندووە دەکات دەشڵێت: “لەئایندەیەکی نزیکدا وەفدی هەرێم دەچێتەوە بەغدا”.

ئەمڕۆ چوارشەممە 2020/7/15 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و بەشداربوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەن ، کۆبوونەوەی هەفتانەی ئاسایی خۆی لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە ئەنجامدا.

ئەنجومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ پەیڕەوەی سندوقی خانەنشینی پەسەند کرد، کە مەبەستی سەرەکی لەم سندوقەش زامنکردنی مافی خانەنشینانی هەرێمی کوردستانە لە گشت بوارەکانی وەزیفە، بەپێی ئەم پەیڕەوە داهاتی سندوقەکە تەنیا بۆ شایستەی دارایی خانەنشینان خەرج دەکرێت، سندوقەکەش ئەنجومەنێکی بەڕێوەبردنی دەبێت لە نوێنەری وەزارەتە پەیوەندیدارەکان.

جوتیار عادل دوای کۆبوونەوەکە لەپرێس کۆنفرانسێکدا وتی: “ئەمە یەکەمجارە سندوقی خانەنشینی لەهەرێمی کوردستان پەڕەوی لەم جۆرەی هەبێت و هەنگاوەکەش لەچوارچێوەی پڕۆسەی چاکسازیدایە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ حکومەتی بەغدا دۆخێکی ئەرێنیی هەیە بۆ رێککەوتن و دەستوور بنەمای گفتوگۆکانە و دواکەوتنی چوونی شاندی هەرێم پەیوەندی بە هۆکاری تەکنیکی هەیە و لەئایندەیەکی نزیکدا وەفدی هەرێم دەچێتەوە بەغدا.

وتیشی: “وەکو حکومەتی هەرێم پابەندین بەوەی مووچە بدەین بەفەرمانبەران و مەسەلەی مووچە پەیوەستە بەبڕی داهاتی هەرێمی کوردستانەوە”.

لەبەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی حکومەتدا ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران هەر لە چوارچێوەی پەیرەوەکانی تایبەت بە جێبەجێکردنی  یاسای چاکسازیی ( پەیڕەوی تایبەت بە مەرجەکانی دامەزراندن بە پلەی بەڕێوەبەری گشتی و بەرەو ژوور) سەرەڕای مەرجە گشتیەکانی دامەزراندن لە وەزیفەی گشتیی خستەڕوو. پاش گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە بە کۆی دەنگ پەیڕەوەکە پەسەند کرا، کە مەبەستی سەرەکی لەم پەیڕەوەش ڕەچاوکردنی هەبوونی بڕوانامە و شارەزایی و لێهاتوویی ئەو کەسانەیە کە ئەو پلە وەزیفیانە پڕدەکەنەوە و ڕۆڵی سەرکردایەتی کارگێڕیی دیاریان هەیە لە بەڕێوەبردنی ئەرک و چالاکییەکانی وەزارەتەکان وەک کەسانی پیشەیی و تەکنۆکرات.

پاشان بڕیار لە سەر پێشنیاری هاوبەشی هەردوو وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ، کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو درا  تایبەت بە دەستپێکردنەوەی پرۆسەی جێبەجێکردنی یاسای ڕێکخستنی مافی ڕەفتارکردن لەسەر زەویوزاری کشتوکاڵی ژمارە ( 1) ی ساڵی 2008 تایبەت بە قەرەبووکردنەوەی ئەو جووتیارانەی کە مەرج وپێداویستیەکانی هاتوو لە یاسای ئاماژەپێدراویان تێدایە و تا ئێستا مامەڵەی قەرەبووکردنەوەکانیان ڕایی نەکراوە، ئەویش لە دوای ووردبینی دۆسیەکان و دڵنیابوون لە هەبوونی مەرجە یاساییەکان، بەم جۆرە کێشەی بەشێکی زۆر ئەو هاووڵاتیانە چارەسەر دەبێت کە بە شێوەی کارت و بە پێی شایستەبوون زەویان پێدراوە لە ساڵانی پێشوو بەڵام تا ئيستا لە فەرمانگەکانی تاپۆ بەناویان نەکراوە، دەرفەتیش دەدات بەو هاووڵاتیانەی یەکەی نیشتەجێبوونیان لە پڕۆژەکان کڕیوە، بە فەرمی بەناوی خۆیان بکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش وەزیرەکانی (شارەوانی وگەشتوگوزار، کشتوکاڵ وسەرچاوەکانی ئاو، داد) ڕاسپێردران پەلە بکەن لە ڕاییکردنی مامەڵەی یاسایی ئەو هاووڵاتیيانە.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this