کۆمەڵی ئیسلامی هەڵوێستی فەرمی خۆی لەبارەی دەستلەکاركێشانەوەی سۆران عومەر راگەیاند

0
1009

SNN

ڕێبوار حەمەد وتەبێژی فەرمی کۆمەڵی ئیسلامی وتی: “لای هەموو لایەک ئاشکرایە کە سۆران عومەر لەدوو خولی پەرلەماندا لە پەرلەمانتارە هەرە چالاک و بوێرەکان بووە و ئازایانە بەرامبەر ئەو ستەم و گەندەڵکارییە وەستاوەتەوە کە بە شێوەیەکی رێکخراو و پلان بۆ داڕێژراو بەناو جومگەکانی حکومەتی هەرێمدا بڵاوبووەتەوە و بە وردی دەستی خستوەتە سەربرینە قوڵەکانی حکومڕانی، وە هەمیشە بە ئاڕاستەی بەرگریکردن لە مافی خەڵک و هاووڵاتیان کاری کردووە”.

رێبوار حەمەد لە چاوپێکەوتنێکیدا بۆ کەناڵی (پەیام) ئاماژەی بەوەش کرد: بەروونی دەیڵێین سۆران عومەر بەهەڵگرتنی پارێزبەندییەکەی و دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن بۆی، باجی هەڵوێستە ئازایانەکانی دەدات کە بەرگری لە خەڵکی بەشمەینەت کردووە و نەیویستووە پەرلەمانتارێکی بێدەنگ بێت و بە ئەرکی سەرشانی خۆی هەڵنەستێت.

راشیگەیاند: ئێمە وەك کۆمەڵی ئیسلامی رەخنەی جدیمان لەسەر ئەوە هەیە کە پەرلەمانتار لەسەر بەجێگەیاندنی ئەرکی سەرشانی خۆی و رەخنەگرتن لە بەرپرسانی حکومەت بە سەرۆکی حکومەت و وەزیرەکانیەوە دادگایی بکرێن و سزا بدرێن، کە ئەرکی پەرلەمانە وەک دامەزراوە، وە ئەرکی پەرلەمانتارانیشە وەک نوێنەری خەڵک لێپرسینەوە لە بەرپرسان بکەن و بەدوای کەموکوڕییەکانیاندا بچن و راستییەکان بۆ ڕای گشتی ئاشكرا بكەن.

لەسەر هەڵوێستی حزبەکەی سەبارەت بەبڕیاری دەستگیرکردنی سۆران عومەر وتەبێژی کۆمەڵی ئیسلامی ئاماژەی بەوەکرد: ئێمە باوەڕمان وایە پەرلەمانی کوردستان بەم هەڵگرتنی پارێزبەندی و ئەو دۆخەی ئێستا پێی تێدەپەڕێت رووبەڕووی پرسیاری جدیی دەبێتەوە و متمانەی لای هاووڵاتی کەمتردەبێتەوە، بەتایبەتی پاش ئەوەی سەرۆکی پەرلەمان بەفەرمی بریاری هەڵگرتنی پارێزبەندی سۆران عومەری هەڵوەشاندەوە و بە نایاسایی ناوی برد، بەڵام دواتر وەک بینیمان نوسراوەکەی سەرۆکی پەرلەمان لەلایەن دامەزراوەکانی حکومەتەوە هیچ حسابێکی بۆ نەکرا و رەتکرایەوە و دواتریش فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ پەرلەمانتارەکەی كومەڵ بەدوادا هات، باوەڕمان وایە پەرلەمان وەک باڵاترین دامەزراوەی یاسادانان دەبێت پێداچوونەوە بە سەنگو قورسایی خۆیدا بکاتەوە کاتێک کە هیچ بەهایەک بو فەرمانێکی سەرۆکەکەی دانەنرێت.

لەسەر وردەکاری رێکارەکانی بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەکە وتەبێژی کۆمەڵی ئیسلامی ڕایگەیاند: بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەکە بەڕاوێژ بووە لەگەڵ ئەمیر و ئەنجومەنی سیاسی کۆمەڵی ئیسلامی و هەردوولا رەزامەندییان لەسەرداوە، وە باوەڕمان وایە کە دەستلەکارکێشانەوە مافێکی ئاسایی و یاسایی پەرلەمانتارە.

لەسەر جێگرەوەی سۆران عومەر رێبوار حەمەد ئاشکرایکرد: بە پێی ریزبەندی دەنگی کاندیدەکانی لیستی کۆمەڵی ئیسلامی کە لەهەڵبژاردنی ساڵی 2018ی پەرلەمانی کوردستان بەدەستیان هێناوە جێگرەوەکە دیاری دەکرێت.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this