
نەورەسەکانی رانییە فۆتۆ محەمەد مستەفا
SNN-محەمەد مستەفا
کاتێک دەگەیتە گوندی (کانی ماران) لە سنووری قەزای رانیە سەدان باڵندەی لەق لەق بەسەر دەیان تاوەری بەرزی کارەباوە هێلانەیان دروستکردووە ئەو تاوەرانەیان کردۆتە نیشتیمانی خۆیان و دیمەنێکی جوانیان بەخشیوەتە ناوچەکە، هاوکات لەگەڵ گەیشتنت بە دەریاچەی دووکان لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین دەنگ و دیمەنی هەزاران نەورەس بە تەواوی سەرنجت بۆ لای خۆیان رادەکێشن .
” لەق لەقەکان نزیکەی 90 ساڵە لە نزیک گوندی (کانی ماران) بونیان هەیە “
عەزیز محەمەد پیاوێکی تەمەن 70 ساڵی گوندی کانی مارانە لە سنووری قەزای رانیە بە SNN ی راگەیاند: بە درێژای تەمەنی لەق لەقەکانی لەگوندەکەی خۆیاندا بینیوە، بە گوێرەی وتەی پێشینانی پێش خۆشی بە نزیکەی 90 ساڵە ئەو لەق لەقانە لە گوندەکە بونیان هەیە کە پێشتر لەگۆرستانی گوندەکە بوون و دواتر چونەتە سەر تاوەرەکانی کارەبا ، پێش هاتنی وەرزی زستان کۆچ دەکەن بۆ سنووری وڵاتی ئێران و پێش هاتنی وەرزی بەهاریش دەگەڕێنەوە گوندی کانی ماران .
مام عەزیز دەشڵێت ” ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە لە ئێستادا ساڵ لە دوای ساڵ ژمارەی ئەو لەق لەقانە روویان لە زیاد بوونە هاووڵاتییانی ناوچەکەش زۆریان خۆش دەوێن و هیچ کەسێک ئازاریان نادات، هیواداریشن ژمارەیان بەرەو زیاتریش بچێت چونکە دیمەنێکی جوان و ناوبانگێکی جوانی ژینگەیان بە گوندەکەی ئەوان بەخشیووە ”
” ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتی دێنە سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین بۆ بینینی نەورەسەکان “
سەروەر مەحمود ماسیگر و بەلەمەوانێکی دەریاچەی دوکانە بە SNN راگەیاند: بەهۆی بڵاوبوونەوەی وێنە و ڤیدیۆی نەورەسەکانی دەریاچەی دوکان لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و کەناڵەکانی راگەیاندن، ماوەی 3 ساڵە هاووڵاتییان لە زۆر ناوچەی کوردستانەوە سەردانی دەریاچەکە دەکەن و دەیانەوێت لە نزیکەوە دیمەنی نەورەسەکان ببینن، ئەوەی تێبینی دەکرێت ساڵ لە دوای ساڵ ژمارەیان روو لەزیادبوونە، ئەوان وەک ماسیگر و بەلەمەوانەکان زۆر دڵخۆشن بەبوونی ئەو نەورەسانە، چونکە دوای ماندووبونێکی زۆر بەهۆی راوی ماسی دەنگ و دیمەنی نەورەسەکان ئارامیان پێدەبەخشێت .
“دەکرێت نەورەس و لەق لەقەکان بکرێنە پڕۆژەی گەشتیاری “
بێستوون عەزیز ووتەبێژی پۆلیس و دارستانی ژینگەی ڕاپەڕین بە SNN ی راگەیاند: بەهۆی هەوڵە بەردەوامەکانی پۆلیسی دارستان و ژینگەی ڕاپەڕین بۆ پاراستنی ژیانی ئاژەڵ و باڵندە لە ئیدارەی ڕاپەڕین بەگشتی دۆخی ژینگەیی باڵندەکان لە ئیدارەی ڕاپەڕین جێگەی دڵخۆشیە، بە تایبەت هەردوو باڵندەی نەورەس و لەق لەقەکان کە لە ئێستادا زۆرترین چاوی گەشتیاران و هاووڵاتییانیان لەسەرە و رۆژ لە دوای رۆژیش ژمارەیان روو لەزیاد بوونە .
ووتەبێژی پۆلیس و دارستانی ژینگەی ڕاپەڕین باس لەوەش دەکات: لە ئێستادا هاووڵاتییانی ئیدارەی ڕاپەڕین رۆشنبیریەکی زۆری ژینگەییان بەرامبەر بەوو دوو جۆرە باڵندە هەیە و لە ماوەی سێ ساڵی رابردوو هیچ حاڵەتێکی ئەوتۆ لای ئەوان تۆمارنەکراوە کە زیانی هەبووبێت بۆ ئەو باڵندانە .
بێسوون عەزیز ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: لە زۆربەی وڵاتانی جیهان بوونی ئاژەڵ و باڵندەکان کراونەتە پڕۆژەی گەشتیاری گەورەو داهاتی گەورەیان هەیە، بۆیە دەکرێت لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئیدارەی ڕاپەڕین لە رێگەی پلانێکی گونجاو سود لەبوونی ئەو هەموو ژمارە زۆرەی نەورەس و لەق لەقەکان وەربگرن و بیکەنە پڕۆژەیەکی ژینگەیی گەشتیاری و داهاتێکی زۆریش بۆ سنوورەکە دەستەبەربکات.
لەگەڵمانبە
هەواڵی زیاتر
زۆرترین بینراو
ئەرشیف
دەربارەی ئێمە
ئەرکمان پێدانی هەواڵی ڕاست و دروستە دەربارەی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بە گشتی، لە ڕێگەی ستانداردەکانمانەوە هەوڵ بۆ باشترینەکان دەدەین.
ئەگەر لەبیرت کرد
-
سیمیدۆ هەنگاوێکی ماوە بەرشەلۆنە جێبهێڵێت
2020-05-11
وەرزش
-
دیارترین ئەو 5 یاریزانەی مایەپوچبوون
2020-05-26 -
مباپی بڕیارە چاوەڕوان نەکراوەکەی دا
2020-05-17