ماوه‌ى 5 ساڵە حكومه‌تى هه‌رێم هیچ پرۆژەیەكی خزمەتگوزارى له‌ پێنجوێن جێبه‌جێنه‌كردووه‌

0
516
ناوبازاڕى قه‌زاى پێنجوێن سه‌ربه‌ پارێزگاى سلێمانى | فۆتۆ: SNN

SNN – عەلی حەمە سەعید

قایمقامی قەزای پێنجوێن رایده‌گه‌یه‌نێت: لەگەڵ ئەوەی خاوەنى مەرزی نێودەوڵەتی باشماخین و ساڵانە بە سەدان ملیۆن دینار بۆ داهاتی حكومەت زیاددەكات، بەڵام ماوەی پێنج ساڵە هیچ پرۆژەیەكی خزمەتگوزاری لە سنوورەكەماندا جێبەجێنەكراوە.

زانا ڕەحمان، قایمقامی قەزای پێنجوێن بە SNNی راگەیاند: “لەگەڵ ئەوەی ژمارەیەك پرۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری قەزای پێنجوێن كەوتبوونە بواری جێبەجێكردنەوە و بەشێكیشیان لێ جێبەجێكراون له‌ پێنج ساڵى رابردوودا، بەڵام وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی حكومەت ئەوەیان پێ راگەیاندووین: بەهۆی دروستبوونی قەیرانی داراییەوە ناتوانین ئەو پرۆژانەش تەواوبكەین كە پەیوەندییان بە خزمەتگوزاری گشتییەوە هەیە”.

وتیشى: “جگە لەوەی ئەو پرۆژانەشمان راگیراون و بە تەواونەكراوی جێهێڵدراون، لەهەمان كاتیشدا ماوەی پێنج ساڵە هیچ پرۆژەیەكی دیكەی خزمەتگوزاری لە سنوورەكەماندا نەچووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، لەكاتێكدا ئێمە خاوەنى مەرزی نێودەوڵەتی باشماخین و ساڵانە و مانگانە داهاتێكی زۆری لێوە دەستدەخرێت بۆ حكومەت”.

قایمقامی قەزای پێنجوێن ئەوەشی خستەڕوو، “زۆربەی ئەو پرۆژانەی كە راگیراون پەیوەندییان بە وەزارەتی شارەوانییەوە هەیە، بە بڕی زیاتر لە 11 ملیار دینار پرۆژەی راگیراومان هەیە، ئەوە سەرەڕای ئەوەی كە بڕی زیاد لە 20 ملیار دینار بۆ پرۆژەی دووسایدی باشماخ پێنجوێن تەرخانكراوە، بەڵام هێشتا تەواونەكراوە، ئێمە چەندین جار پێشنیارمان بۆ حكومەت كردووە بڕێك پارە لە سندوقێكی تایبەت بە پەره‌پێدانی پێنجوێن دابنرێت و لە داهاتی مه‌رزى باشماخ پارەی بۆ تەرخانبكرێت، بەڵام هیچ وەڵامێكمان نەدراوەتەوە لە كاتێكدا ساڵانە بە سەدان ملیۆن دینار لە مەرزی باشماخەوە دەستدەخرێت”.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this