وردەكاری ئەو خەرجیانەی كە لەماوەی سەرهەڵدانی كۆرۆنا لە هەڵەبجە خەرجكراون

0
258

 

جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجە ئاشكرایدەكات لەسەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە پارێزگای هەڵەبجە تا ئەمڕۆ 270 ملیۆن دینارمان بۆ رووبەڕووبونەوەی ئەو ڤایرۆسە خەرجكردووە، بەڵێنی خەرجكردنی 250 ملیۆنی دیكەشمان پێدراوە، سەرۆكی سەنتەری رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆناش دەڵێت: تا ئێستا زیاتر لە 800 پشكنینی كۆرۆنامان ئەنجامداوە دۆخە لەژێر كۆنتڕۆڵدایە.

سنوری حامید، جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجە بە SNN ی راگەیاند: لەسەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرنا لە 20/2/2020 تا 30/4/2020 بڕی ئەو پارەی كە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرنا بۆمان تەرخانكراوە سەرجەمیمان خەرجكردووە تەنانەتە نزیكەی 40 ملیۆن دینار قەرزاریش بوین لەسەری بەجۆرێك بڕی 150 ملیۆن دینارمان لەلایەن وەزارەتی تەندروستی و بڕی 120 ملیۆن دیناریشمان لەلایەن پارێزگاری هەڵەبجەوە بۆ تەرخانكراوە.

 

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو 120 ملیۆن دینارەی كە لەلایەن پارێزگاری هەڵەبجەوە بۆمان تەرخانكرا لە كڕینی ئامێرێكی تایبەت بە پشكنین و دەركەوتنی ڤایرۆسی كۆرۆنا و هەروەها دوو ئامێری هەناسەدانی دەستكرد لەسەر هەمان بودجە خەرجكراوە، 150 ملیۆن دینارەكەی وەزارەتی تەندروستیش بە وردەكارییەوە لەبواری پێداویستییە تەندروسییەكان خەرجمانكردووە ئەوە سەرەڕای ئەوەی لەلایەن هەندێك خێرخوازەوە بە بڕی جیاواز هاوكاری كراوین بەڵام هێشتا 40 ملیۆن دیناریش قەرزارین.

جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجە ئەوەشی خستەڕوو، ئەو بڕە بودجەیەی بۆ رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا بۆمان تەرخانكرا وەك پێویست نەبوو بۆیە، لە ئێستادا پێویستیمان بە بڕێكی زیاتر لە پارە هەیە بۆ ئەو مەبەستەش لەرێگەی وەزارەتی تەندروستییەوە بەڵێنی خەرجكردنی بڕی 250 ملیۆن دیناری دیكەمان پێدراوە.

لای خۆیەوە دکتۆر محەمەد سوبحان، سەرۆكی سەنتەری رووبەڕووبوونەوەی كۆرنا لە پارێزگای هەڵەبجە بۆ SNN ئەوەی خستەڕوو، لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرنا لە سنورەكەدا تا ئێستا زیاتر لە 800 پشكنینی تایبەت بەو ڤایرۆسەمان ئەنجامداوە كە خۆشبەختانە زۆربەی ئەنجامەكان نێگەتیڤ بوون تەنها 22 كەسی هەڵگری ڤایرۆسەكە دەستنیشانكران پاش وەرگرتنی چارەسەر سەرجەمیان چاك بوونەتەوە و لە ئێستاشدا یەكەم پارێزگاین كە هیچ توشبوویەكی ڤایرۆسی كۆرنا لە سنوورەكەمان بوونی نییە.

ئاماژەی بەوەشكرد، خۆشبەختانە لە پارێزگای هەڵەبجە بە تایبەتی و هەرێمی كوردستان بە گشتی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ژێر كۆنتڕۆڵدایە، بەڵام ئێمە بۆ دڵنیایی زیاتر پلانمان داڕشتووە لە هەفتەی داهاووەوە كە لەدەرەوەی سەنتەری هەڵەبجە پشكنینی هەڕەمەكی بۆ هاووڵاتیان ئەنجامبدەین بەتایبەت لە ناحییەكانی بیارە و بەمۆ كە هاوسنورن لەگەڵ وڵاتی ئێران.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this