هاتووچۆی هەڵەبجە: نەمانتوانیوە تابلۆی ئۆتۆمبێل بەناوی پارێزگاکەمانەوە بدەینە شۆفێران

0
300

SNN-عەلی حەمە سەعید
بەڕێوەبەری هاتووچۆی هەڵەبجە رایدەگەیەنێت: بەهۆی نەبوونی سیستمی ئەلیکترۆنی و نەبەستنەوەی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەڵەبجە بە پارێزگاکانی سلێمانی و هەولێر و دهۆک، تا ئێستا نەتوانراوە تابلۆی ئۆتۆمبێل بەناوی هەڵەبجەوە بدرێتە شۆفێران.

عەمید حەسەن عەبدوڵا، بەڕێوەبەری هاتووچۆی پارێزگای هەڵەبجە بە SNNی راگەیاند: “لەگەڵ ئەوەی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی عێراق رەزامەندی دەربڕیوە بە پێدانی تابلۆی ئۆتۆمبێل بەناوی (عێراق- هەڵەبجە) بە شۆفێران، بەڵام بەهۆی نەبوونی سیستمی ئەلیكترۆنی هاتووچۆی هەڵەبجە هاوشێوەی پارێزگاكانی دیكە كە وەزارەتی ناوخۆ بەرپرسە لێی، لە ئێستادا ناتوانین تابلۆی ئۆتۆمبێل بەناوی هەڵەبجەوە بدەینە هاووڵاتیان”.

ئاماژەی بەوەشکرد: لەماوەی رابردوودا هەوڵێكی زۆرماندا كە بتوانین هاوشێوەی پارێزگاكانی دیكەی هەرێم و عێراق ئێمەش تابلۆی ئۆتۆمبێل بەناوی ( عێراق – هەڵەبجە ) ببەخشینە هاووڵاتیان، بۆ ئەو مەبەستەش رەزامەندی وەزارەتی ناوخۆی عێراقمان وەرگرت و وەزارەتی ناوخۆی هەرێمیش چەند رێكارێكی تایبەت بەو پرسەی جێبەجێكرد.

ئاماژەی بەوەشكرد: بڕیاربوو ژمارە نایابەكان كە لە ژمارە ( 1 تا 9 ) دەستپێدەكەن لە زیادكردنێکی ئاشكرادا بفرۆشین و ئەو داهاتەی كە دەستمان دەكەوێت لە بوژاندنەوەی ژێرخانی پارێزگای هەڵەبجە و سیستمی هاتووچۆی سنوورەكە سودی لێوەربگرین، بەڵام بەهۆی ئەو نرخە زۆرەی كە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە لەسەر تابلۆكان دانرابوو هیچ كەس و كۆمپانیایەك ئامادەنەبوو بیکڕێت كە نرخەکەی زیاد لە یەك ملیار دیناری عێراقی بوو.

بەڕێوەبەری هاتووچۆی پارێزگای هەڵەبجە روونیشیكردەوە: بۆ ئەوەی فشارێك لەسەر وەزارەتی ناوخۆی حكومەت دروستبكەین بۆ ئەوەی رێكارەكانی تایبەت بە پێدانی تابلۆ بە ناوی (عێراق–هەڵەبجە) بدەینە شۆفێران، بۆ ئەو مەبەستەش لە ژمارە ( 10 ) هەزارەوە تا ژمارە 10 هەزار و 40 تابلۆمان لە پارێزگای سلێمانییەوە گۆڕی بۆ پارێزگای هەڵەبجە، بەڵام دواجار وەزارەتی ناوخۆ پێی راگەیاندین كە بەهۆی نەبوونی سیستمی ئەلیكترۆنی و نەبەستنەوەی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەڵەبجە بە پارێزگاكانی سلێمانی و هەولێر و دهۆك، ناتوانین ئەو كارەش بكەین، چەندین جاریش داوامان لە وەزارەتی ناوخۆ كردووە بۆ چارەسەری ئەو گرفتە بەڵام وەڵاممان نەدراوەتەوە.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this