“نرخی راستەقینەی ئەو دەرمانەی کۆرۆنا کە لە هەرێم بە 200 دۆلار دەفرۆشێت کەمترە لە یەک دۆلار”

0
426

SNN- مەودا مستەفا

پزیشكێكی شارەزا لە كەرتی تەندروستيی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت: كۆمپانیایەك یەك پاكەت لەو دەرمانەی بەناوی چارەسەری ڤایرۆسی كۆرۆنا دەفرۆشرێت، بە 200 دۆلار لەسەر حكومەت حسابیكردووە، لەكاتێكدا ئەو دەرمانە لە هیندستان یەك پاکەتی بە 75 روپیە دەفرۆشرێت، واتە كەمتر لە یەك دۆلار.

د. گۆران عەبدوڵا، کە دکتۆرای لە سیاسەتی تەندروستيی نێودەوڵەتیدا هەیە و شارەزایە لە كاروباری تەندروستی هەرێم بە SNNی راگەیاند: “وەك ئاگادارین، ماوەیەكە كۆمپانیای ئاوامیدیكا ریكلامی ئەوە دەكات كە دەرمانێكی دژە ڤایرۆسی كۆرۆنای لە كوردستان بەرهەمهێناوە، دەرمانەكە ناوی (فاڤیپراڤیر)ە و هێشتا بە تەواوەتی دەرنەكەوتووە كە كاریگەری هەیە یا نا، ئاوامیدیكا بە وتەی نوێنەرەكانی خۆیان، كەرەستە خاوەكانی دەرمانەكە و شێوازی دروستكردنی لە هیندستانەوە بۆ هاتووە و دروستی كردووە، ئەم كۆمپانیایە یەك پاكەتی دەرمانەكەی لەسەر حكومەت بە 200 دۆلاری ئەمریكی حساب كردووە”.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشكرد: “ئەو دەرمانە لە هیندستان یەك پاکەتی بە 75 روپیە دەفرۆشرێت، واتە كەمتر لە یەك دۆلار، ئایا بە چی یاسایەك و بە چی حسابێک، ئاوامیدیكا پاكەتێكی ئەم دەرمانە بە 200 دۆلار لەسەر حكومەت حساب دەكات و ئەو قازانجە زۆرە لە هەرێم دەکات”.

لای خۆشیەوە د. شاخەوان زاهیر، بەڕێوەبەری بەبازاڕكردن و پەرەپێدان لە كۆمپانیای ئاوامیدیكا بە SNNی راگەیاند: نرخی فاڤیپراڤیر بە كەمتر لە 70% ـــی نرخی ئەو گرێبەستەیه‌ كە پێشتر وەزارەتی تەندروستیی عێراق لەگەڵ كۆمپانیایەكی ڕووسی كردبووی، نرخەكەش 160 دۆلارە بۆ هەرپاكەتێكی 40 دەنكە حەبی”.

وتیشی: نرخی فرۆشتن بە وەزارەتی تەندروستیی عێراق و هەرێمی كوردستان هەمان نرخە، فاڤیپراڤیر لە زۆربەی وڵاتانی ئاسیا و ڕووسیا و هیندستان و ژاپۆن و ئیمارات و قەتەر و سعودیە بۆ چارەسەری تووشبووانی كۆرۆنا بەكاردێت، بە پشتبەستن بە چەند لێكۆڵینەوەیەکی كلینیكی کە لەوبارەیەوە کراون و ئەنجامەکانیان ئەرێنی بوون.

هاوكات محەمەد قادر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستيی هەرێمی كوردستان بە  SNN رایگەیاند: ئەو دەرمانەی ئاوامیدیكا بەرهەمیهێناوە لە هەموو جیهان نرخەكەی گرانە، رەنگە هەندێك كۆمپانیا هەبێت كەوا كوالێتی خراپ بێت نرخەكەی كەمتر بێت، بەڵام ئەوەی ئێمە دەمانەوێت، لیژنەی كۆنترۆڵ لە وەزارەتی تەندروستیی عێراق كوالێتیەكەی هەڵدەسەنگێنێت و بەپێی ئەو كوالێتیەش نرخەکەی دیاریكراوە .

وتیشی: ئێمە هیچ بڕە پارەیەك نادەین لەبەرامبەر ئەو دەرمانە، بەڵكو حكومەتی عێراق تێچووەكەی دابیندەکات و بەشی هەرێمی كوردستانیش بە پێی ژمارەی تووشبووان دەنێردرێت.

كۆمپانیای ئاوامیدیكا لە ساڵی 2006ـەوە دامەزراوە و لە ساڵی 2009ـەوە دەستی بە بەرهەمهێنانی دەرمان كردووە. بەڕێوەبەری بەبازاڕكردن و پەرەپێدان لە كۆمپانیای دەرمانی ئاوامێدیكا دەڵێت: نزیكەی چوار مانگە كار لەسەر دروستکردنی ئەو دەرمانە دەکەن و لەكۆتاییدا توانیویانە بەرهەمیبهێنن.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this