لە سلێمانى 25 هەزار سەبەتە خۆراک بەسەر هەژاراندا دابەش دەکرێت

0
954

SNN-هەوراز ئەحمەد

ئەمڕۆ شەممە لە رێوڕەسمێکی تایبه‌تدا بە ئاماده‌بوونی پارێزگاری سلێمانی و سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا و ژماره‌یه‌ک له‌ ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی و بازرگانان و خاوه‌نکاران پرۆژه‌ی (کۆمه‌ک بۆ ژیان) دەستیپێکرد، کە 25 هه‌زار  سەبەتەی خۆراک له‌ لایه‌ن ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانییه‌وه‌ بۆ خێزانە کەمدەرامەتەکان دابینده‌کرێت.

سیروان محەمەد، سەرۆکى ژوورى بازرگانى سلێمانى لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ”ئێمه‌ وه‌ک ژوورى بازرگانى و پیشه‌سازى سلێمانى هه‌ر له ‌سه‌ره‌تاى دروستبوونى ئه‌م بارودۆخه‌ نه‌خوازراوه‌ى که‌ به‌هۆى ڤایرۆسى کۆرۆناوه‌ هاته‌ ئاراوه‌، به‌رده‌وام له‌ هه‌وڵى به‌ده‌مه‌وه‌هاتنى هاووڵاتییان و کاسبکارانی شارەکە و ده‌وروبه‌ریه‌وه‌ بووین و به‌ هاوکارى بازرگانان توانیومانه‌ به‌ شێوه‌ى کردارى به‌ده‌م ئازارى که‌مده‌رامه‌تى هاووڵاتییانه‌وه‌ بین و دابینکردنى سه‌به‌ته‌ى خۆراکى وه‌ک پێویستى سه‌ره‌کى رۆژانه‌ى ژیان له‌ لایه‌ن بازرگانان و ژووره‌که‌مانه‌وه‌ که‌مێک له‌ بارى قورسى گوزه‌رانیان ئاسان بکه‌ین”.

هاوکات د.هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌کر، پارێزگارى سلێمانى رایگه‌یاند: “سوپاسی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی ده‌که‌م که‌ هه‌وڵه‌کانیان جوامێرانه‌یه‌ و‌ له‌ سه‌ره‌تایی سه‌رهه‌ڵدانی کۆرۆناوه‌ هاوکاری پێشکه‌شی که‌رتی ته‌ندروستی کرد به‌ دابینکردنی ئامێری پشکنینی کۆرۆنا، ئه‌مڕۆش 25 هه‌زار سه‌به‌ته‌ی خۆراکی ئاماده‌کردووه‌ و ده‌یبه‌خشێته‌ هاووڵاتییانی که‌مده‌رامه‌ت”.

جێگاى ئاماژە پێکردنە ئەو 25 هەزار سەبەتە خۆراکە بەسەر هاووڵاتیانى شارەکانى سلێمانى و هەڵەبجە و ڕاپەڕین و گەرمیان دابەشدەکرێت.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this