وێنە، چیرۆکی زیندانەكەی زوحاك لە بناری سورێن بزانە

0
776

SNN-عەلی حەمە سەعید

لە گوندی (نەوێ)ی بناری سورێن بەردێكی سەدان ساڵەی هەڵكۆڵكراو بوونی هەیە كە بە زیندانەكەی زوحاك دەناسرێت، لە نزیك قەڵای زوحاك هەڵكەوتووە، شوێنەوارناسێكیش باس لە شێوازو مێژووی بەردەكەو ئەو بەڵگە زانستیانە دەكات كە تائێستا لەسەر ئەو شوێنەوارە خراونەتەڕوو.

بەردە هەڵكۆڵراوەكەی گوندی نەوێ‌، درێژییەكەی دوو مەتر و 35 سانتیمە، بەرزییەكەشی یەك مەتر و 75 سانتیمەترە و دەكەوێتە ڕۆژهەڵاتی گوندەكەوە، كە لەنزیكیدا قەڵایەك بوونی هەیە بە قەڵای زوحاك ناسراوە، بە وتەی خەڵكی ناوچەكە كە لە باو و باپیرانیانەوە بۆیان گێڕدراوەتەوە، ئەو بەردە بەیەكێك لە زیندانەكانی زوحاك ناسراوە، مێژوونووسانیش هاوڕان لەسەر ئەوەی مێژووی ئەو بەردە بۆ ساڵی 604ی پێش زاینی سەردەمی ماددەكان دەگەڕێتەوە.

سالم غەریب، شوێنەوارناس بە SNNی راگەیاند: زۆربەی ئەو شوێنەوارانەی كە دەكەونە بناری سورێنەوە دەستكردی مرۆڤن، یەكێك لەوانە ئەم بەردە هەڵكۆڵدراوەیە، كە كە بەزیندانی زوحاك ناسراوە، بەڵام چەند بەڵگەیەكی ڕوون هەن ئەوە دەسەلمێنێت ئەم بەردە زیندان نەبووە، بەڵكو یەكێك بووە لە گەرماوە تایبەتییەكانی یەكێك لە پادشاكانی سەردەمی مادەكان، بەڵام بەهۆی ئەوەی هیچ هەڵكۆڵینێك لەسەر بەردەكە نەماوە نازانرێت سەردەمی چ پادشایەك بووە.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو بەڵگانەی كە دەیسەلمێنێت گەرماو بووە نەك زیندان، ئەوەیە كە ئاسەواری چەند نیشانەیەك بونیان ماوە كە دەرگای بەردەكە لە ناوەوە داخراوە نەك لە دەرەوە، بۆیە ئەگەر زیندان بێت دەبێت لە دەرەوە دەرگاكەی دابخرێت، هەروەها لەسەر ڕووی بەردەكەوە كونێكی گەورە لە شێوەی بازنەیی هەڵكۆڵدراوە بۆ ئەوەی لەكاتی داخستنی دەرگاكە لە سەرەوە ڕووناكی بچێتە ژوورەوە، زیندانیش پێویستی بە بوونی هیچ دەروازەیەك نییە، لە هەمووشی گرنگتر ئەوەیە لەناو بەردەكەدا چەند تاقێك دروستكراون كە بۆ دانانی جلوبەرگی پادشاكە دروستكراون لەكاتی خۆشۆردنیدا، ئەوە سەرەڕای ئەوەی بەشی خوارەوەی بەردەكە لە شێوەی حەوزێكدا هەڵكۆڵدراوە.

بە گوێرەی وتەی خەڵكی گوندەكە، لە سەدەكانی ڕابردوودا لە نزیك شوێنی ئەو بەردە شاری گەورە هەبووە، هەرەوەها شەڕی گەورەش ڕوویانداوە، بەڵگەش ئەوەیە تیروكەوان دۆزراوەتەوە، كەلەسەری مرۆڤیش دۆزراوەتەوە كە ‌تیری پێوە بووە.

ئیبراهیم حەمە ساڵح، كە خەڵكی گوندی نەوێ-یە و شارەزایی لە مێژووی گوندەكەیان هەیە بۆSNN ڕوونكردەوە، هەموو بەڵگە مێژوویی و زانستییەكان ئەوە دەسەلمێنن، كە پێش هەزاران ساڵ لێرە خەڵك ژیاوە و شارێكی گەورەش بووە، هەروەك قانع-ی شاعیری گەورەی گەلی كورد لە ساڵی 1970 شیعرێكی لەسەر گوندی نوێ‌ نوسیوە و دەڵێت: “لەبەردەبەل ڕووانیم ئاسارە، دیارە كە جێگای یەك گەورە شارە، قەیسەریی و بازاڕ سەرا و دووكانە، بنچینەی خانوو هەروا عەیانە” ئەمەش ئەوە دەردەخات ئەم گوندە پڕیەتی لە شوێنەوار و شوێنی نیشتەجێبوون.

ئیبراهیم هاوشێوەی زۆربەی خەڵكی گوندەكەی نیگەران بوو لەوەی، كە حكومەتی هەرێم و بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوار هیچ ئاوڕێكیان لەو شوێنەوارە گرنگە نەداوەتەوە، كە وردەوردە خەریكە بەرەو لەناوچوون دەچێت، لە كاتێكدا ئەگەر ئەم شوێنەوارە لە هەر وڵاتێكی تردا بووایە زۆر گرنگی پێدەدراو حكومەت دەیكردە هۆكارێك بۆ ڕاكێشانی گەشتیار و دەستخستنی داهات.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this