سەیرانگاکانی ڕاپەڕین بێ خزمەتگوزارین و کەمترین گەشتیار روویان تێدەکەن

0
284

راپۆرت: محەمەد مستەفا

لەگەڵ ئەوەی ئیدارەی ڕاپەڕین ناوچەیەکی شاخاوییە و خاوەن دەیان شوێنی سروشتی گەشتیارییە، بەڵام تا ئێستا سەیرانگا بەرچاوەکانی سنوورەکە بێ خزمەتگوزارین و حکومەت و کەرتی تایبەتیش بە بیانووی قەیرانی دارایی وەبەرهێنانیان لەو کەرتەدا نەکردووە، بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاریش گەشتیارانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق سەردانیان ناکەن و کەمترین گەشتیاری ناوخۆییش دێنە سەیرانگاکانی ئیدارەکە .

لە دەربەندی ڕانیە دارێک شکنابەیت تا لە ژێری دابنیشیت

زریان محەمەد هاووڵاتییەکی ڕانیەیە و لە باسی سروشتی دەربەندی ڕانیە بە SNN ی وت: “بەهۆی جوانی سروشتی دەربەندی ڕانیە رۆژانی هەینی یاخود لە جەژن و بۆنەکان هەزاران کەس لە دانیشتوانی هەردوو قەزای ڕانیە و پشدەر سەردانی دەکەن، بەڵام تەنانەت دارێکیشی لێ نیە تا لەژێری دابنیشین، نە تەوالێتی هەیە و نە کەپر و کورسی دانیشتن، ناکرێت ئەم سروشتە جوانە ئاوا بێ خزمەتگوزاری بێت، بەهۆی بێ خزمەتگوزاریەوە تا ئێستا گەشتیارێکی عەرەبی باشوور و ناوەڕاستی عێراق سەردانی ئەم سنوورەی ئێمەی نەکردووە بۆ مەبەستی گەشتیاری”.

با حکومەت خزمەتگوزاری بۆ سەیرانگاکان دابینبکات و لە بەرامبەردا بڕە پارەیەکی کەم لە گەشتیاران وەربگرێت

کاروان حەسەن هاووڵاتییەکی قەزای پشدەرە لە باسی رەوشی سەیرانگاکانی دەڤەری ڕاپەڕین بۆ SNN وتی: ” سەیرانگاکان لە رووی خزمەتگوزارییەوە هیچ کارێکی ئەوتۆیان بۆ ئەنجام نەدراوە،  وەک چاککردنی رێگاوبان و دابینکردنی کارەبا و دانانی تەوالێت، ئەمانەش بڕبڕەی پرۆژەی گەشتیارین، دەکرێت حکومەت هاوشێوەی سەیرانگا تایبەتەکان خزمەتگوزاری دابینبکات و لە بەرامبەردا بڕە پارەیەکی کەم لە گەشتیاران وەربگرێت، بە نمونە لە سەیرانگایەکی کەرتی تایبەت نرخی مانەوەی رۆژێک لە ژێر کەپرێکی گەشتیاری 15 بۆ 25 هەزار دینارە، با حکومەت 5 هەزار دینار وەربگرێت و خزمەتگوزاری دابینبکات .

جگە لە هاووڵاتییانی سنوورەکە هیچ گەشتیارێکی دەرەکی سەردانی ناوچەکە ناکات

هێدی قادر خاوەن دوکانێکە لە نزیک دەربەندی ڕانیە لە باسی رەوشی گەشتیاری دەربەندی ڕانیە بە SNN ی راگەیاند: دەربەندی ڕانیە گەورەترین سەیرانگای دەڤەرەکەیە بەڵام جگە لە هاووڵاتییانی بیتوێن و پشدەر هیچ گەشتیارێکی عەرەب نایبینێت، ئەمە جگە لەوەی کەمترین گەشتیاری هەولێر و سلێمانیش سەردانی سەیرانگاکانی ڕاپەڕین دەکەن، ئەوان وەک خاوەن دوکان دەیانەوێت دەربەندی ڕانیە هاوشێوەی سەیرانگاکانی سۆران و هەورامان جمەی بێت لە گەشتیار تا دەیان دوکان و خواردنگە و هۆتێل بونیادبنێرن، ببێتە سەرچاوەی داهات و هەلی کار بۆ هاووڵاتییانی سنوورەکە .

حکومەت بێ پارەیە و کەرتی تایبەتیش ترسی لە وەبەرهێنانی گەشتیاری هەیە

ئارام پیرۆت بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری ڕاپەڕین بە SNN ی راگەیاند: ئەوان وەک بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری ڕاپەڕین لە ساڵی 2014 ەوە بەهۆی قەیرانی داراییەوە هیچ بودجەیەکیان لەبەردەستدا نەبووە تا بتوانن خزمەتگوزاری بگەیەنن بە شوێنە گەشتیاریەکان، هاوکات ئەوەی تایبەتە بە وەبەرهێنانی کەرتی تایبەت لە شوێنە گەشتیارییەکان ئەوەیە کە بەهۆی ناسەقامگیری دۆخی ئابووری لە هەرێمی کوردستان سەرمایەداران ترسیان هەیە لەوەی کە پارەیەکی زۆر خەرج بکەن و دواتر داهاتێکی ئەوتۆیان بۆ نەگەڕێتەوە .

ئارام پیرۆت باسی لەوەشکرد: بڕیارە شەقامی گەشتیاری (کۆڕنیشی قورەگۆ ـ گردی شمشارە) بە درێژی پێنج کیلۆمەتر لە دەربەنی ڕانیە دروستبکرێت کە بەشێکی زۆری دەرخستەی پڕۆژەکە ئامادەکراوە بەڵام نەبوونی بوودجە رێگر بووە لە ئەنجامدانی پڕۆژەکە، هاوکات بڕیاریشە کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت دوو پڕۆژەی هۆتێل و رێستۆرانت و کافێ لە دەربەندی ڕانیە دروستبکەن بەڵام ئەوانیش بەهۆی ئەم دۆخە داراییە دەستیان نەکردووە بە کارەکانیان .

نەبوونی تاپۆی موڵکەکانی هاووڵاتییان بووەتە لەمپەر لەبەردەم بەرەوپێشچوونی کەرتی گەشتیاری

بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری ڕاپەڕین ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: یەکێکی تر لە گرفتە سەرەکییەکانی دابیننەکردنی خزمەتگوزاری بۆ شوێنە گەشتیارییەکان بریتیە لەوەی کە ئەو ناوچانە زۆربەیان موڵکی هاووڵاتییانن، کاتێک خزمەتگوزارییەک لەو شوێنە گەشتیارییانە ئەنجام دەدەیت خاوەن موڵک داوای قەرەبووی ماددی دەکات، لە رووی یاسایشەوە قەرەبوو تەنیا ئەو موڵکانە دەگرێتەوە کە تاپۆن یاخود گرێبەستیان هەیە بەڵام زۆرینەی زەوی ناوچە گەشتیارییەکان نە تاپۆیان هەیە نە گرێبەست، ئەمەش بۆتە لەمپەرێکی گەورە لە بەردەم بەرەوپێشچوونی کەرتی گەشتیاری لە ئیدارەی ڕاپەڕین .

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this