زیانێکی زۆر بەر ئەو هاووڵاتییانە کەوتووە کە تمەنی ئێرانیان کڕیووە

0
470

SNN-محەمەد مستەفا

بەهۆی دابەزینی نرخی بەردەوامی تمەنی ئێرانی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی، ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی ئیدارەی ڕاپەڕین کە لەماوەی دوو هەفتەی رابردوو تمەنی ئێرانیان کڕیوە، ئێستا بە زەرەرێکی زۆر دەیفرۆشنەوە و خاوەن نوسینگەیەکیش باس لەوە دەکات ” خەڵک هەبووە زێڕی ژنەکەی بۆ کڕینی تمەن فڕوشتووە و ئێستا زەرەرێکی زۆری کردووە و پارە لە ماڵەکەیدا نەماوە “.

محەمەد حەمەد، خاوەن نوسینگەی کڕین و فڕۆشتن و حەواڵەی دراو لە ڕانیە بە SNN ی راگەیاند : “لە ماوەی مانگی رابردوو بەهۆی دابەزینی بەردەوامی نرخی تمەنی ئێرانی بەرامبەر دۆلار ئەمریکی رۆژانە سەدان هاووڵاتی لە ئیدارەی ڕاپەڕین تمەنیان دەکڕی، بەڵام ئێستا رۆژ لە دوای رۆژ نرخی تمەن زیاتر رووی لە دابەزینە، بە جۆرێک ئەمڕۆ یەکشەممە 19 ی تەمموز نرخی 100 دۆلاری ئەمریکی بەشێوەی نەقدی بەرامبەر بە 2 ملیۆن و چوارسەد هەزار تمەنی ئێرانی بوو، بەشێوەی حەواڵەش 100 دۆلار بەرامبەر بە نزیکەی 2 ملیۆن و نیو تمەنە ، هاوکات پێشبینی دەکرێت نرخی تمەن لەو رێژەیەش زیاتر دابەزێت”.

ئەو خاوەن نوسینگەیە باس لەوەش دەکات : “بەهۆی دابەزینی نرخی بەردەوامی تمەن ئەو هاووڵاتییانەی لە ماوەی مانگی رابردوو تمەنیان کڕیوە ئێستا دێن بە نرخێکی زۆر هەرزانتر لە نرخی کڕین دەیفرۆشنەوە و بەو هۆیەشەوە زیانێکی زۆری دارایی گەیشتووە بەو هاووڵاتییانە، بە جۆرێک ئەو خۆی بینیویەتی کە هاووڵاتی هەبووە لە دوو هەفتەی رابردوو زێڕی ژنەکەی بۆ کڕینی تمەن فرۆشتووە و هەموو پارەکەی کردۆتە تمەن، بەڵام ئێستا بەهۆی دابەزینی نرخی تمەن ئەو هاووڵاتییە زیانێکی زۆری بەرکەوتووە هیچ بڕە پارەیەکی ئەو تۆ لە ماڵەکەیدا نەماوە” .

” هاووڵاتییان دەستیان کردووە بە فرۆشتنی تمەنەکانیان “

کاروان عومەر لە بازاڕی دۆلارەکەی ڕانیە کاری کڕین و فرۆشتنی دراو دەکات بە SNN ی وت ” لە ئێستادا هاووڵاتییان زیاتر تمەن دەفڕۆشنەوە نەک بکڕن چونکە هاووڵاتییان ترسیان هەیە لەوەی کەنرخی تمەن زیاتر دابەزێت، وە زیانێکی زۆریشیان بەرکەوتووە چونکە لە دوو هەفتەی رابردوو هاووڵاتی هاتۆتە لام بە 100 دۆلار بڕی ملیۆنێک و 800 هەزار تمەنی کڕیووە ، بەڵام ئەمڕۆ نرخی 100 دۆلار بەرامبەر بە 2 ملیۆن و 400 هەزار تمەنە، بۆیە بەشێکی زۆری هاووڵاتییان لە کاتی فرۆشتنەوەی تمەن لە هەر 100 دۆلار لە نێوان 30 تا 50 دۆلار زەرەر بکەن، واتا هەر هاووڵاتییەک زووتر تمەنی کڕیووە زیانەکەی زۆر زیاترە لەوەی کە لەم رۆژانەی دوای تمەنی کڕیووە” .

” لە ماوەی مانگێکدا 3 هەزار دۆلارم لە کڕینی تمەن زەرەر کردووە “

وریا ئیبراهیم، هاووڵاتییەکی دانیشتووی قەزای پشدەرە، ئەو کە بەنیازی قازانجێکی زۆر بە بڕی 9 هەزار دۆلار تمەنی ئێرانی کڕیبوو بە SNNی راگەیاند : “نزیکەی سێ هەفتە لەمەوبەر لەکاتێکدا نرخی 100 دۆلار بەرامبەر بە نزیکەی 1 ملیۆن و 700 هەزار تمەن بوو بە بڕی 9 هەزار دۆلار تمەنی کڕیبوو بەڵام لە دوو رۆژی رابردوو بە ناچاری بەهۆی زۆر دابەزینی نرخی تمەن ئەو سەرجەم تمەنەکەی فرۆشتووە نزیکەی 3 هەزار دۆلار زیانی بەرکەتووە وەک خۆی دەڵێت ” زەرەر لە نیوە بگەڕێتەوە قازانجە “.

وریا وەک خۆی دەڵێت : ئەو دەست سووتاوی دابەزینی نرخی تمەنە و داوا دەکات هاووڵاتییان واز لەکڕینی تمەن بهێنن و سەرکێشی نەکەن و قوتی ماڵ و منداڵیان نەخەنە مەترسییەوە چونکە تمەن بەهای نەماوە و تەنیا زەرەر بە هاووڵاتییان دەگەیەنێت و ئیفلاسیان دەکات” .

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this