بەریتانیا و ئەڵمانیا گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیای هواوی هەڵدەوەشێننەوە

0
420

SNN

بەهۆی فشارەکانی ئەمریکا لەسەر چەندین وڵاتی ئەوروپی، تا دێت کار و پلانەکانی کۆمپانیای هواوی چینی لە جیهاندا سنووردار دەکرێن، بەریتانیاش وەک دوایین وڵاتی ئەوروپی گرێبەستێکی لەگەڵ ئەو کۆمپانیایە راگرت.

رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی نوسیویەتی، حکومەتی بەریتانیا بە نهێنی بە کۆمپانیای هواوی راگەیاندووە کە لە تۆڕی نەوەی پێنجەمی بەریتانیا دووردەخرێتەوە و هۆکارەکەشی فشارەکانی ئەمریکایە لەسەر بەریتانیا لەوبارەیەوە.

رۆژنامەکە نوسیویەتی: بڕیارەکەی بەریتانیا لە میانی کۆبوونەوەیەکی نهێنیدا راگەیەندراوە کە نوێنەرانی کۆمپانیای هواوی و حکومەتی بەریتانیا تیایدا بەشداربوون، هواوی بە ناڕاستەوخۆ لەلایەن بەرپرسانی بەریتانییەوە پێی وتراوە پێدەچێت لە داهاتوودا بڕیارەکە هەڵبوەشێنرێتەوە، لە حاڵەتێکدا کە ئەگەر ترەمپ لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمساڵدا بۆ خولی دووەم هەڵنەبژێردرایەوە، یاخود سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر بە چین گۆڕدرا.

هەرلەوبارەیەوە ماڵپەڕی سی ئێن ئێنی ئەمریکی لە راپۆرتێکی شیکاریدا نوسیویەتی، بڕیارەکەی بەریتانیا بۆ راگرتنی کارەکانی هواوی لە تۆڕی نەوەی پێنجەم 5Gی بەریتانیا زەبرێکی کوشندەبوو بۆ ئەو کۆمپانیایە و پلانەکانی بۆ رابەرایەتیکردنی تەکنەلۆژیای بێ تەل (وایەرلێس) لە داهاتوودا.

سی ئێن ئێن ئەوەشی بڵاوکردووەتەوە، لەدوای بەریتانیا، ئەڵمانیا کارەکانی کۆمپانیای هواوی رادەگرێت، لەکاتێکدا ئێستا تۆڕی (نێتۆرک) ی کۆمپانیای دۆیچە تێلیکۆمی ئەڵمانیا بە رێژەی 90% پشت بە کۆمپانیای هواوی دەبەستێت.

سەرباری هەڵمەتێکی ئەمریکا دژ بە کۆمپانیای هواوی چینی لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا، کۆمپانیاکە توانیویەتی بازرگانی نەوەی پێنجەم 5G گەشەپێبدات و چەندین رێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیاکانی تێلیکۆم لە جیهاندا، بەتایبەت لە ئەوروپا واژوو بکات. داهاتی کۆمپانیاکەش، لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا بە رێژەی 13.1% بەرزبووەتەوە. بەوەیش 64 ملیار دۆلار قازانجی کردووە.

سەرەڕای بەرزبوونەوەی قازانجەکانی هواوی، هێشتا ئەو کۆمپانیایە نیگەرانە لە بڕیارەکانی ئەمریکا لە دژی کۆمپانیاکە، بەوەی مامەڵەی کۆمپانیا ئەمریکییەکانی لەگەڵ هواوی قەدەخە کردووە.

سزاکانی ئەمریکا لەسەر کۆمپانیای هواوی بەشێکە لە شەڕی بازرگانی نێوان ئەمریکا و چین کە ماوەی چەند ساڵێکە درێژەی هەیە.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this