بەغدا پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێمی رەوانەکرد

0
769

SNN-مەودا مستەفا

بەغدا حەوت ملیار دینار لە شایستە داراییەکانی گەنمی جوتیارانی هەرێمی رەوانە کردووە و بەمنزیکانە بەسەر جوتیاراندا دابەشکرێت.

لە کۆی ئەو حەوت ملیار دینارە، دوو ملیاری بۆ پارێزگای هەولێر نێردراوە، سێ ملیار دیناری بۆ سلێمانی و دوو ملیار دیناری بۆ پارێزگای دهۆک تەرخانکراوە.

سەبارەت بە شایستە داراییەکانی جوتیارانی هەولێر، هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر بەوەكالەت بە SNNی وت: “بەغدا دوو ملیار دیناری وەك بەشی یەكەمی پارەی ئەمساڵی گەنمی جوتیارانی هەولێر ناردووە و بەمنزیکانە خەرج دەکرێت”.

راشیگەیاند: “بۆ بەرهەمی ئەمساڵ هیچ كێشەیەك لە دابینكردنی پارەی گەنمی جوتیاران نەهاتۆتە پێش”.

وتیشی: “ساڵانێكە ماف و شایستە داراییەكانی جوتیارانی هەرێمی كوردستان نەدراوە، ئێمە لە هەوڵی بەردەوامداین بۆ دەستەبەركردنی هەموو ماف و شایستەکانی جوتیاران، بەشێوەیەكی بەردەوام پەیوەندیمان لەگەڵ بەغدا هەیە و پابەندین بە هەموو رێنماییەكانی حكومەتی فیدڕاڵ بۆ دەستەبەركردنی مافی جوتیاران، سەرباری هەبوونی رێکاری تووندی خۆپارێزی لە كۆرۆنا، پێشوازی لە هەموو شاندەكان كراوە و پەیوەندیمان لەگەڵ بەغدا نەپچڕاوە”.

ئەوەشی خستە روو: “ئێمە لە لیژنەی باڵای بەبازاڕكردنی گەنم لە پارێزگای هەولێر پلانێكمان داڕشتووە كە سنووری پارێزگای هەولێر بۆ نۆ ناوچە دابەشكراوە، ریزبەندی كراوە لە نێوان هەموو ئەو ناوچانە بۆ ئەوەی قەرەباڵغی لە بەردەم سایلۆ دروست نەبێت و جوتیاران خەرجی گواستنەوە و مانەوەی شەوانیان نەكەوێتە ئەستۆ، بۆیە ئێمە بە پێی ریزبەندی ئەو ناوچانە گەنمی جوتیارانمان وەرگرتووە”.

سایلۆی هەولێر جێگەی 140 هەزار تۆن گەنم دەبێتەوە، بەڵام حكومەتی عێراق تەنیا دەسەڵاتی وەرگرتنی 110 هەزار تۆن گەنمی بە سایلۆی هەولێر داوە.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this