ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوا: ئازادکردنی خێزانێکی داعش لەلایەن تورکیاوە ئاماژەیەکی مەترسیدارە

0
400

SNN

ئازادکردنی خێزانێکی داعش لە کەمپی هۆل لە باکووری رۆژهەڵاتی سوریا لەلایەن تورکیاوە، جارێکی دیکە سەرنجی جیهانی بەلای ئەمنیەتی ئەو کەمپەدا راکێشا، کە بووەتە پەناگەیەک بۆ ژن و منداڵانی داعش و ئایدۆلۆژیای داعشی تێدا زیندوو دەکرێتەوە.

ئەو خێزانەی کە تورکیا ئەم هەفتەیە لە ئەنجامی هەوڵە هەواڵگرییەکانی ئازادی کردبوون، خەڵکی وڵاتی مۆڵدۆڤا-ن، میدیای فەرمی تورکیا وابڵاویکردووەتەوە: لە سەردەمی خەلافەتی داعشدا، ئەو خێزانە بۆ بازرگانیکردن روویان لە سوریا کردووە (بەبێ ئەوەی باس لە جۆری بازرگانییەکە بکرێت)، دواتر لەلایەن یەپەگەوە “رفێندرابوون”، لە چەند رۆژی رابردوودا لەسەر داوای بەرپرسانی حکومەتی مۆڵدۆڤا، بە هەوڵی هەواڵگری تورکیا “ئازادکراون”.

ئازادکردنی ئەو خێزانە ئاماژەیەکی مەترسیداری پەیوەندی داعش و تورکیایە

بەشێکی زۆر لە میدیاکانی جیهان و ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوای کوردستانیش رایانگەیاندووە، ئەو خێزانە کەسوکاری داعشن و بەمەبەستی پەیوەندیکردن بە ریزەکانی ئەو رێکخراوەوە لە سوریا بوون، خێزانەکەش لە ژنێک و چوار منداڵی داعش پێکهاتوون، ئیدارەی خۆسەری رۆژئاواش دەڵێت: “ئەوە ئاماژەیەکی مەترسیداری هەوڵەکانی تورکیایە بۆ زیندووکردنەوەی رێکخراوی داعش لە ناوچەکە”.

عەبدولکەریم عومەر، هاوسەرۆکی لیژنەی پەیوەندییە دەرەکییەکانی ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوا لەو بارەیەوە رایگەیاندووە: “بەقاچاغبردنی خێزانەکەی داعش بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە کە تورکیا پەیوەندی بە رێکخراوی داعشەوە هەیە”.

ئەو بەرپرسەی ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوا باسی لەوەشکردووە، هەوڵی هەڵاتن لە کەمپی هۆل چەندین جار دووبارەبووەتەوە، سێ رۆژ لەمەوبەریش چوار ژنی داعش لەگەڵ دوو منداڵیاندا هەوڵیان داوە لە کەمپەکە هەڵبێن بەڵام لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە رێگرییان لێکراوە.

ژنانی بیانی داعش لەرێگەی باڵیۆزخانەی وڵاتەکانیانەوە لە تورکیا هەوڵی گەڕاندنەوە بۆ وڵاتەکانیان دەدەن

هەر لەبارەی هەڵاتنی ژن و منداڵانی داعشەوە، روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بە پشتبەستن بە زانیارییەکانی دەزگایەکی ئەمنی هۆڵەندی بەناوی خزمەتگوزاری ئاسایشی هۆڵەندی (AIVD)، ئەوەی بڵاوکردووەتەوە: مانگی رابردوو 35 ژنی داعش لەگەڵ خێزانەکانیاندا لە هەردوو کەمپی هۆل و ڕۆژ هەڵاتوون و خۆیان گەیاندووەتە ئیدلیب، دواتریش بە قاچاغ بۆ تورکیا گواستراونەتەوە.

ژنانی داعش ترسیان هەیە هێز و لایەنە کوردییەکان لە داهاتوودا وەک هەڕەشەیەکی ئەمنی سەیری منداڵەکانیان بکەن

روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئەوەشی بڵاوکردووەتەوە، ئەگەر ئەو ژنانەی داعش خۆیان بگەیەننە باڵیۆزخانەی وڵاتەکانیان لە تورکیا، دەتوانن داوایەک بۆ گەڕاندنەوەیان بۆ وڵاتی خۆیان پێشکەش بکەن و ئەگەریش هەیە داواکەیان پەسەندبکرێت، بەڵام لەکاتی گەڕانەوەیان بۆ وڵاتانی خۆیان دەستگیردەکرێن و رووبەڕووی دادگا دەکرێنەوە.

وەزارەتی دادی هۆڵەنداش لەوبارەیەوە وتوویەتی: “ژنەکانی داعش لەوپەڕی نائومێدی خۆیانەوە هەڵدێن و پێیان وایە ئەگەر منداڵەکانیان لەو کەمپانە گەورەبن، لە داهاتوودا هێز و لایەنە کوردییەکان وەکو مەترسی ئەمنی سەیریان دەکەن و پێدەچێت لە دایک و کەسوکاریان جیابکرێنەوە”.

گەڕاندنەوەی ژنان و منداڵانی بیانی بۆ وڵاتانی خۆیان بە گوێرەی پێویست نەبووە

کەمپی هۆل ماوەی چەند ساڵێکە بووەتە هەڕەشەیەکی ئەمنی بۆ سوریا و عێراقیش، بەرپرسانی ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوا و هێزەکانی سوریای دیموکراتیش چەندین جار نیگەرانییەکانیان لەبارەی مەترسی ئەمنی ئەو کەمپە بۆ ناوچەکە، گەیاندووەتە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و پەیوەندیشیان بە حکومەتی چەندین وڵاتی جیاوازەوە کردووە و داوایان کردووە ژن و منداڵە بیانییەکانی داعش کە خەڵکی ئەو وڵاتانەن، بگرنەوە خۆیان، بەڵام هەموو وڵاتێک بەدەم ئەو داواکارییەوە نەهاتووە بەهۆی ئەوەی چارەنووسی ئەو ژن و منداڵانەی داعش و ئەگەری دەستگیرکردن یان نەکردنیان لە وڵاتانی خۆیان، پرسێکی جددییە بۆ زۆرێک لە وڵاتان بەتایبەت وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا.

کەمپی هۆل بۆمبێکی تەوقیتکراوە و مەترسی هەڵاتنی بە کۆمەڵی ئەو ژن و منداڵانە هەیە کە هەڵگری بیروباوەڕی داعشن

کەمپی هۆل کاتێک دروستکرا ئامانج لێی گرتنەخۆی 40 هەزار کەس بوو، بەڵام بەهۆی زۆری ژمارەی ژن و منداڵانی داعش ئێستا نزیکەی 65 هەزار کەسی لێنیشتەجێیە کە جگە لە ژن و منداڵ پیاوانی تۆمەتباری داعشیشی تێدایە بەڵام ژمارەیان کەمترە.

ژمارەی ژن و منداڵانی بیانیش لە ئێستادا و لەدوای گەڕانەوەی سەدان کەسیان بۆ وڵاتانی خۆیان، بە نزیکەی 11 هەزار کەس دەخەمڵێندرێت.

شارەزایانی ئەمنی کەمپی هۆل بە “بۆمبێکی تەوقیتکراو” وەسفدەکەن کە لە هەر ساتێکدا ئەگەری هەیە خێزانەکانی داعش بەکۆمەڵ هەڵبێن، لەکاتێکدا زۆرێک لە کەسوکارانی داعش لەو کەمپەدا بە ئاشکرا لە میدیاکانەوە وتوویانە کە بڕوای تەواویان بە ئایدۆلۆژیای داعش هەیە.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this