500 دۆنم زه‌وى كشتوكاڵى له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ فستق چێنراوه‌

0
569
یه‌كێك له‌ كێڵگه‌كانى دار فستق له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ | فۆتۆ: SNN

SNN – عەلی حەمە سەعید
بەهۆی لەباری كەشوهەوا و بەپیتی خاكەكەی، ماوەی چەند ساڵێكە بەرهەمهێنانی فستق لە پارێزگای هەڵەبجە رووی لە گەشەكردن كردووە، ئەمساڵیش لە رووبەری 500 دۆنم زەویدا زیاتر لە 70 هەزار دار فستق هاتوونەتە بەرهەم.

بورهان شێخ عیزەدین، ئەندازیاری كشتوكاڵی و خاوەنی یەكەم باخی فستق لە هەڵەبجە بە SNNی راگەیاند: “لە ساڵی 2004 لە رووبەری 18 دۆنم زەویدا دەستم كردووە بە دروستكردنی یەكەم باخی فستق كە سەرەتا بەڕێگەی تۆو دەستم پێكرد، دواتر كە فستقەكە بوو بە نەمام لەڕێگەی موتوربه‌كردنەوە ژمارەی دار فستقەكانم زیادكرد، بەجۆرێك لە ئێستادا ژمارەی دار فستقەكان گەیشتوونەتە زیاد لە پێنج هەزار دار”.

وتیشى: “ماوەی چوار ساڵ دەبێت باخەكە بە تەواوی هاتووه‌ته‌ بەرهەم، ساڵی رابردوو نزیكەی دوو تۆن فستقم هەبوو، پێشبینیش دەكەم ئەمساڵ و ساڵانی داهاتووش بەرهەمەكەمان زیادبكات، چونكە لەگەڵ زیادبوونی تەمەنی دار فستق، رێژەی بەرهەمەكەشیان زیاد دەكات كە ئەمەش تایبەتمەندییەكە لە كەم داردا ئەو تایبەتمەندییە هەیە، هاوكات یەكێكی دیكە لە تایبەتمەندییەكانی داری فستق ئەوەیە لە نێر و مێ‌ پێكدێت و لەڕێگەی رەشەباوە پیتاندن لەنێوان ئەو نێر و مێیەدا روودەدات، كاتێك دارە نێرەكە هەڵاڵەیەك دروستدەكات و دواتر لەڕێگەی رەشەباوە ئەم هەڵاڵەیە دەگوازرێتەوە بۆ دارە مێینەكە بەوجۆرە بەرهەمی فستقەكە پڕدەبێتەوە، ئەگەر ئەم كردارە روونەدات ئەوا بەرهەمی فستق پوچ دەبێت”.

ئەو ئەندازیارە ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات: “لەگەڵ ئەوەی فستق لە ناوچە شاخاوییەكانیش پەروەردە دەكرێت، بەڵام زەوی ناوچەی هەڵەبجە و شارەزوور زۆر لەبارە بۆ ناشتنی، چونكە فستق توانای هەیە لە پلەی گەرمی 25 پلە خوار سفر و هەروەها 50 پلەی سەرو سفر خۆی رابگرێت و كێشەی بۆ دروستنەبێت، هەروەها بە به‌راورد بە نەمام و درەختەكانی تر كەمترین نەخۆشی رووی تێدەكات و پێویستیشی بە ئاوێكی زۆر نییە، بۆیە دەكرێت جوتیاران زەوییەكانیان بكەن بە باخی فستق و بەجۆرێكی دیكە سوود لە زەوییەكانیان ببینن”.

هه‌ر له‌وباره‌یه‌وه‌ نەجمەدین عومەر، لێپرسراوی هۆبەی باخداری لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵی هەڵەبجە به‌ SNNی راگه‌یاند: “یەكێك لە پلانە ستراتیژییەكانمان بریتیە لە پەرەپێدانی ئەو باخانەی كە بەرهەمێكی گرانبەهایان هەیە، لەو چوارچێوەیەشدا ماوەی چەند ساڵێكە لەڕێگەی نەمامگەكانمانەوە دەستمان كردووە بە دابەشكردنی نەمامی فستق و زەیتون بەسەر ئەو جوتیارانەی كە خوازیارن باخی فستق و زەیتون دروست بكەن”.

بەگوێرەی ئەو ئامارانەی كە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵی هەڵەبجەوە دەست SNN كەوتوون، “500 دۆنم زه‌وى له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ فستق داچێنراوه‌، زیاتر لە 70 هەزار داری فستق لەخۆدەگرێت، بە وتەی جوتیارانی ناوچەكەش ئەگەر حكومەت هاوكاری جوتیاران بكات، ئەوا لە چەند ساڵی داهاتوودا هەڵەبجە دەبێتە یەكێك لە ناوچە هەرە باشەكانی بەرهەمهێنانی فستق لە عێراق و هەرێمی كوردستان، چونكە دەركەوتووە كە ئاووهەوا و خاكی سنووری پارێزگای هەڵەبجە زۆر لەبارە بۆ داری فستق”.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this