نەخۆشییەكی كوشندە رووی لە دارگوێزەكانی هەورامان كردووە

0
400
هەورامان

Snn، عەلی حەمە سەعید

بەوتەی خاوەن باخێک لە هەورامان، ماوەی چەند رۆژێكە نەخۆشییەكی كوشندە رووی لە دارگویزەكانی باخەكانی هەورامان كردووە و لە دارگوێزێكەوە بۆ دارگوێزێك و لە باخێكەوە بۆ باخێكی دیكە دەگوێزرێتەوە، ئەندازیارێكی كشتوكاڵیش بۆ رێگریكردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ئەو نەخۆشییە رێنمایی دەداتە خاوەنباخەكان.

نەسرەدین محەمەد، خاوەن یەكێك لە باخە دارگوێزەكانی هەورامان لە شارۆچكەی تەوێڵە بە SNNی راگەیاند: لەگەڵ ئەوەی لە ساڵانی رابردوودا هەندێك نەخۆشی رووی لە باخەكانی ئەم سنورە كردووە بەڵام زۆر زیانی بە دارگوێزەكان نەگەیاندووە دواتر دارگوێزكان چاك بوونەتەوە، بەڵام ئەمساڵ نەخۆشییەكی كوشندە رووی لە دارگوێزەكانی ناوچەكردووە بە جۆرێك بە یەكجاری دارگوێزەكان بەرەو وشك بوونی تەواوەتی دەبات كە ئەمە زۆر زیان بە باخەكان دەگەیەنێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەوەی زیاتر جێگەی مەترسییە ئەم نەخۆشییە لە باخێكەوە بۆ باخێكی دیكە و لە دار گوێزێك بۆ درگوێزێكی دیكە دەگوازرێتەوە، بە جۆرێك لەسەرەتادا گەڵای دارگوێزەكە دەوەرێت و دواتر قەدی دارەكە رەشدەكاتەوە دواتر ڕەگی دارگوێزەكان بەرەو وشك بوون دەبات و دوجار دارگوێزەكە بە یەكجاری وشك دەبێت بۆیە ئەگەر چارەسەرێكی بە پەلە نەدۆزرێتەوە زیانێكی زۆر بە باخەگوێزەكانی هەورامان دەگات.

لای خۆیەوە، ئومێد محەمەد، ئەندازیاری كشتوكاڵی و بەرپرسی پاراستنی بەرهەم لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵی هەڵەبجە بە SNNی راگەیاند: ئەو نەخشییەی لە ئێستادا لە دارگوێزەكانی هەورامانی داوە نەخۆشییەكی كەڕووییە كە هاوشێوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا توانای گواستنەوەی هەیە لە دارگوێزێكەوە بۆ دارگوێزێكی دیكە، بەڵام ئێمە وەك تیمێكی بەڕێوەبەرایەتی كتوكاڵی هەڵەبجە دوو ساڵی رابردوو بۆ ماوەی یەك مانگ لە ناو باخەكانی هەورامان ماینەوە دەرمانی پێویستماندا بەخاوەن باخەكان و رێنمایی پێویستیشمان پێدان لە بارەی چۆنیەتی پاراستنی دارگوێزەكان لە بڵاو بوونەوەی ئەم نەخۆشییە بەڵام بە داخەوە خاوەن باخەكان وەك پێویست رێنماییەكانیان جێبەجێ‌ نەكرد.

ئاماژەی بەوەشكرد، تاكە رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ئەم نەخۆشییە ئەوەیە كە دەبێت جۆگەی ئاودێری باخەكان جیا بكرێتەوە بەجۆرێك ئەو ئاوەی بۆ دارگوێزەكان بەكار دەهێندرێت نابێت بدات لە قەدی دارەكان بەڵكوو بە لاتەنیشتیدا تێپەڕێت، هەروەها ئەو ئامێرانەی كە بۆ بڕینی گەڵاو لەق و پۆپی دار گوێزێك بەكار دێت دەبێت پێش ئەوەی بۆ داگوێزێكی دیكەی بە كار بهێنیتەوە بە باشی بە دەرمان بشۆردرێت(تەعقیم) بكرێت، بەپێچەوانەوە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەكە درێژی دەبێت.

ئەو ئەندازیارە كشتوكاڵییە ئەوەشی وت، لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە 82 تا 85 هەزار دارگوێزی بەردار بونیان هەیە، بەڵام بەهۆی ئەوەی خاوەن باخەكان ساڵانە بڕی بەرهەمی خۆیانمان بۆ ئاشكرا ناكەن نازانین ساڵانە بڕی چەند تۆن گوێز بەرهەم دەهێندرێت لە سنورەكەدا.

 

بەشی بکە لە
تاگەکانهەورامان
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this