چارەنووسی 13 هەزار كتێبی هەڵەبجە لە ئێران بە نادیاری دەمێنێتەوە

0
129

SNN-عەلی حەمە سەعید

دوای زیاد لە 32 ساڵ لە چاوەڕوانی گەڕانەوەی 13 هەزار كتێبی ناوكتێبخانەی گشتی هەڵەبجە كە لەكاتی كیمیابارانی ئەو شارەدا لەلایەن ئێرانییەكانەوە براونەتە وڵاتەكەیان، بەڵام بە بیانووی ژەهراوی بونیان ئێران سەرجەم ئەوكتێبانەی لەناو بردووە، بەڕێوەبەری كتێبخانەی گشتی هەڵەبجەش ئەوە ڕەتدەكاتەوە كە ئەو كتێبانە ژەهراوی بوبن و تا ئێستا چارەنوسی ئەو كتێبانە بەنادیاری ماوەتەوە.

عومەر محەمەد، بەڕێوەبەری كتێبخانەی گشتی هەڵەبجە بەSNNی راگەیاند: “مێژووی كردنەوەی كتێبخانە لەهەڵەبجە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1936 لەو ساڵە بەدواوە كتێبخانەی گشتی هەڵەبجە گەشەكردنێكی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، بەجۆرێك پێش تاوانی كیمیابارانی هەڵەبجە لەسەر ئاستی عێراق كتێبخانەی هەڵەبجە لە پلەی سێیەمدا بووە، بەڵام بەداخەوە لە كیمیابارانەكەدا ئێرانییەكان دەستیان گەیاندە ئەو كتێبخانە گەورەیەو سەرجەم كتێبەكانی ناوی كە زیاد لە 13 هەزار كتێبی جۆراوجۆر بوون بردنیان بۆ ئێران”.

ئاماژەی بەوەشكرد، “چەندین جار بەنوسراوی فەرمی لە رێگەی لایەن پەیوەندیدارەكانی حكومەت و ئەو شاندانەی كە سەردانی ئێرانیان كردووە داوامان لەبەرپرسانی ئێرانی كردووە كە ئەو كتێبانەمان بۆ بگەڕێننەوە بەڵام بیانووی ئەوەی كە بەرپرسانی ئێرانی باسی لێوەدەكەن گوایە بەهۆی ژەهراوی بونەوە كتێبەكان لەناوبراون، بەڵام ئەم بیانووە زۆر دورن لەڕاستیەوە چونكە لەكاتی كیمیابارانەكەدا كتێبخانەی گشتی هەڵەبجە لە شوێنێكدا بوو هیچ ئاسەوارێكی كیمیایی بەرنەكەتووە”.

بەڕێوەبەری كتێبخانەی گشتی هەڵەبجە وتیشی”بەڵگەی پێویست لەبەردەستدا هەن كە ئەو كتێبانە لەناو نەبراون، چونكە لەساڵانی 1990 بەدواوە بەهەوڵی تایبەتی (د.كەمال فواد)ەوە نزیكەی 250 كتێب لە كتێبەكانی ناو كتێبخانەی گشتی هەڵەبجە لە شارەكانی ئێرانەوە هێنراونەتەوە بۆ هەڵەبجە بۆیە ئەگەر لەناوبراون چۆن ئەو 250 كتێبانەش لەناونەبراون، هەروەها زانیاریمان هەیە كە ئەو كتێبانە براونەتە شارۆچكەیەك بەناوی ( سەحنە) كە سەر بەپارێزگای كرماشانە، بۆیەك وەك لە ڕابردوودا وتومانە ئێستاش دووپاتی دەكەینەوە كە بەهیچ شێوەیەك ئەو دۆسیەیە داناخەین و بەردەوام دەبین لە هەوڵەكانمان بۆ هێنانەوەی ئەو كتێبانە بۆ كتێبخانەی گشتی هەڵەبجە”.

عومەر محەمەد جەختی لەوەشكردەوە، لە ئێستادا كتێبخانەی گشتی هەڵەبجە زۆر پێویستی بەو دەستنوس و كتێبانە هەیە كە لە كاتی كیمیابارانەكەدا براونەتە ئێران، چونكە ئێستا وەك ساڵانی پێشوو هیچ سەرچاوەیەكی ئەوتۆ و گرنگ دەستناكەوێت كە خوێندكاران بۆ توێژینەوەكانیان سوودی لێوەربگرن، بۆیە بە گەڕانەوەی ئەو كتێبانە جارێكی تر ئەو بەها گرنگە بۆ كتێخانەی هەڵەبجە دەگەڕێتەوە كە لەڕابردوودا هەیبووە.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this