لە پێنجوێن كارگەیەكی ریسایکلین دادەمەزرێت

0
201

SNN-عەلی حەمە سەعید

بەمەبەستی سودوەرگرتنەوە لەو كاڵاوشمەكە بەكارهاتووانەی كە دەبنەهۆی پیسكردنی ژینگە و تێكدانی سروشتی ناوچەكە، لە قەزای پێنجوێن كارگەیەكی تایبەت بە دروستكردنی پلاسكۆی تایبەت بە میوە و بەرهەمەخۆراكییەكان دامەزراوە، بە وتەی لایەنە پەیوەندیدارەكانیش كارگەكە جگە لەوەی دۆستی ژینگەیە هاووڵاتییانیش لەڕێگەی كۆكردنەوەی كەرەستە پلاستیكیە بەكارهاتووەكان و فرۆشتنەوەی بە كارگەگە سودی مادییان پێدەگات.

واحید ڕەحیم، بەڕێوەبەری كارگەی دروستكردنی پلاسكۆی میوە و سەوزە لە پێنجوێن بە SNNی راگەیاند: “بەمەبەستی پاراستنی ژینگە و سروشتی سنورەكەمان لەلایەك و هاوكات لەلایەكی دیكەشەوە هاوكاری و كارئاسانی زیاتر بۆ جوتیاران و خاوەن كێڵگە كشتوكاڵییەكانی سنورەكەمان، بە پێویستمان زانی كە كارگەیەكی لەم شێوەیە دابمەزرێنین كە لەماوەی چەند مانگی كاركردنماندا توانیومان هاوكارێكی باشی جوتیاران و پاكڕاگرتنی ژینگەی ناوچەكەمان ببین، چونكە ئێمە سود لەو كەرەستە و كاڵا پلاستیكیانە وەردەگرین كە پێشتر بەكارهاتوون و فڕێدراونەتە سەرشەقام و كۆڵانەكان”.

ئاماژەی بەوەشكرد: “كارگەكە لەماوەی 24 كاتژمێردا توانای بەرهەمهێنانی نزیكەی شەش هەزار سندوقی هەیە، زۆربەی بەرهەمەكانیشمان لەناوخۆی پێنجوێندا ساغدەكرێنەوە، بەشێكیشیان رەوانەی شارەكانی دیكەی كوردستان دەكەین، هاوكات دوو جۆر سندوقی تێدا بەرهەمدێنین، كە جۆرێكیان قەبارەی گەورەیە ئەو جۆرەی دیكەشیان قەبارەی بچوكە، ئەو ماددانەی لە دروستكردنی سندوقەكانیش بەكاریان دەهێنین مادەی كۆنی پلاستیكی شكاوی ماڵان و شوێنە گشتیەكانە كە فڕێدراون و ئێمە كیلۆی بە 310 دینار دەكڕینەوە”.

ئەو خاوەن كارگەی پلاستیكە ئەوەشی خستەڕوو: ئەوەی دڵخۆشی كردوین ئەوەیە كە كارگەكەمان دۆستی ژینگەیە، لەگەڵ ئەوەشدا دەیان كەس هەلی كاریان لە ناو كارگەكە و لە دەرەوەی كارگە لە ڕێگەی كۆكردنەوەی پاشماوەی نایلۆن و پلاستیكی فڕێدراو و دووبارە فرۆشتنەوەی بە كارگە بۆ رەخساوە، بەرنامەمان هەیە كارگەكەمان زیاتر فراونبكەین، هەروەها تێچووی بەرهەمهێنانی هەر سندوقێكیش لەسەر ئێمە 400 دینار دەكەوێت و سندوقێكیش بە 500 دینار دەفرۆشینەوە بە جوتیاران.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this