کورد تا چەند سوودی لە نەوتی رۆژئاوای کوردستان بینیوە؟

0
1165

SNN

هێزەکانی سوریای دیموکرات و چەند هۆزێکی سوریا کە پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوای کوردستاندا هەیە، لە ئێستادا نزیکەی 70%ی نەوتی سوریایان لەژێر کۆنتڕۆڵدایە، جگە لە ژمارەیەک کێڵگەی بەرهەمهێنانی گاز، ئەگەرچی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت و گاز لەو کێڵگانە بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە، بەڵام شارەزایان دەڵێن، بووەتە سەرچاوەیەکی گرنگی داهاتی هێزەکانی سوریای دیموکرات.

هەسەدە لە ساڵی 2017 کە بە پشتیوانی هێزەکانی هاوپەیمانان، ئۆپراسیۆنێکی فراوانی لەدژی داعش بەڕێوەبرد، چەندین کێڵگەی نەوتی کەوتەدەست، کە زۆرینەیان کەوتوونەتە باکووری رۆژهەڵاتی سوریاوە، لە نزیک رووباری فورات، لەوکاتەشەوە دەستیان بە نۆژەنکردنەوەی ئەو کێڵگانە کردووە کە بەهۆی شەڕی داعشەوە زیانیان بەرکەوتووە و بەرهەمهێنانی نەوتیان لەو کێڵگانە دەستپێکردووەتەوە،  ئەگەرچی دواتریش هەسەدە لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی تورکیا و گروپە چەکدارەکانی چەند ناوچەیەکی لەدەستدا، بەڵام کێڵگە نەوتییەکان لەژێر دەسەڵاتی خۆیدا مایەوە.

هەسەدە لە فرۆشتنی نەوتدا پشت بە دیمەشق دەبەستێت

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوودا بۆ یەکەمجار پەردەی لەسەر رێککەوتنێکی نهێنی نێوان هەسەدە و کۆمپانیایەکی نەوتی سەر بە حکومەتی سوریا لابرد، بە گوێرەی بەدواداچوونی رۆژنامەکە، هەسەدە لە کێڵگەکانی ژێر کۆنتڕۆڵییەوە بە تانکەر نەوت بۆ گروپی کۆمپانیاکانی قاترجی دەنێرێت، کە کۆمپانیایەکی نەوتی سەر بە دیمەشقە و خاوەنەکەی محەمەد قاترجی لەلایەن ئەمریکا و ئەوروپاوە سزای بەسەردا سەپێندراوە، وەک هەوڵێک بۆ شکستپێهێنانی بازرگانی نەوتی دیمەشق.

کێڵگەی نەوتی عومەر

داهاتی ئێستای نەوت لە سوریا

داهاتی نەوتی سوریا بەراورد بە وڵاتانی دراوسێی زۆر کەمترە، بەگوێرەی دوایین ئامارەکان داهاتی نەوتی سوریا ساڵانە لە دەوروبەری دوو ملیار و 500 ملیۆن دۆلاردایە، زۆرترین داهاتیش لەسەر کێڵگە نەوتییەکانی دێرەزوور و حەسەکە کۆدەکرێتەوە.

ئەم داهاتە لە ئێستادا لە کەمترین ئاستیدایە بەراورد بە ساڵانی پێش شەڕی ناوخۆی سوریا، ئەوەش بەهۆی کەمبوونەوەی بەرهەمی نەوتی وڵاتەکەیە، بەجۆرێک لە ساڵی 2008 دا بەرهەمی نەوت نزیکەی 400 هەزار بەرمیل بوو لە رۆژێکدا، ئێستا ئەو بڕە بۆ کەمتر لە 50 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا کەمیکردووە.

شوێنی کێڵگەکانی سوریا بە پێی پارێزگاکانی ئەو وڵاتە

دێرەزوور: خاوەنی گەورەترین کێڵگەی بەرهەمهێنانی نەوتی سوریایە کە کێڵگەی عومەرە، ئەو کێڵگەیە 15 کیلۆمەتر لە رۆژهەڵاتی شارۆچکەی بەسیرە دوورە، لە 22ی تشرینی یەکەمی ساڵی 2017ەوە لە دەستی هەسەدەدایە.

لەدوای کیڵگەی عومەر، کێڵگەی تنک دووەم گەورەترین کێڵگەیە لە سوریا، کەوتووەتە بیابانی شەعیتار لە پارێزگای دێرەزوور، لەژێر کۆنتڕۆڵی هەسەدەدایە.

جگە لەو دوو کێڵگە گەورەیەی نەوت، چەند کێڵگەیەکی نەوتی بچوکتر کەوتوونەتە سنووری ئەو پارێزگایە لەوانە: کێڵگەکانی وەرد، تەیم، جفرە، کونیکو. هەروەها بۆرییەکی نەوت بەناوی (تی 2) کەوتووەتە سەر رێگای عێراق و سوریا.

ڕەقە: لە سنووری پارێزگای ڕەقەدا چەند کێڵگەیەکی نەوتی بچوک هەیە کە ئەوانیش لە ژێر دەستی شەڕڤاناندان.

حەسەکە: لە سنووری حەسەکە، کێڵگەی رمێلان هەیە کە دەکەوێتە باکووری رۆژهەڵاتی سوریا و لە ژێر دەستی شەڕڤاناندایە، کێڵگەی رمێلان هەزار و 322 بیرە نەوتی تێدایە.

جگە لەوەش چەند کێڵگەیەک لە ناوچەکانی شەدادی و جەبسە و هۆل هەیە، لە نزیک ناوچەکانی مەرکەدە و تشرینی کەبیبە کە دەکەونە باشووری حەسەکەوە.

حەمز لە رۆژهەڵاتی سوریا: کێڵگەی شاعر کەوتووەتە رۆژهەڵاتی پارێزگای حەمس و لە ژێر کۆنتڕۆڵی سوپای سوریادایە.

تەدمور: شاری تەدمور کە دەکەوێتە بیابانی شام لە ناوەڕاستی سوریا، چەند کێڵگە نەوتێک لەخۆدەگرێت، لەوانە : جەحار، مەهر، جزل، ئەم کێڵگە نەوتانە لە مانگی ئازاری ساڵی 2017ەوە لە ژێر دەستی هێزێکی روسیدان. ئەوەش دوای ئەوەی رێکخراوی داعش لەو ناوچانە پاشەکشەیکرد.

ئەمریکا و روسیا چاویان بڕیوەتە نەوتی سوریا

ئەمریکا دوای ئەوەی لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو، بەشێکی زۆری هێزەکانی لە سوریا کشاندەوە، نزیکەی 500 راوێژکاری سەربازی لەو وڵاتە هێشتەوە بۆ ئەوەی چاودێری کێڵگە نەوتییەکان بکەن، مارک ئیسپەر وەزیری بەرگری ئەمریکاش پێشتر جەختی لەوەکردووەتەوە، مانەوەی هێزەکانیان بۆ ئەوەیە کێڵگە نەوتییەکان نەکەونە دەست هێزەکانی سوریا و روسیا.

جۆناسان هۆفمان وتەبێژی پێنتاگۆن رایگەیاندبوو: “داهاتی نەوتی کێڵگەکانی باکووری سوریا بۆ ئەمریکا نیە و هەر داهاتێک هەبێت بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات بووە”.

جیاواز لە وتەکانی وەزیری بەرگری ئەمریکا کە گوزارشت بوو بۆ پاڵپشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە پاراستنی کێڵگە نەوتییەکاندا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە میانی وتارێکیدا کە لە 23ی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو لە شیکاگۆ پێشکەشیکرد وتی: “چاوەڕوان دەکەین ئەمریکا بە بڕی ملیۆنان دۆلار مانگانە قازانج لە داهاتی نەوتی سوریا بکات، لەکاتێکدا هێزەکانی ئەمریکا لەو وڵاتە ماونەتەوە بۆ پاراستنی ئەمنیەتی سوریا”.

ترەمپ وتبووی: “نەوتەکە دەبەین، ئەمەتان بیربێت، دەمانەوێت بە بڕی 45 ملیۆن دۆلار مانگانە قازانجی لێبکەین”.

ئەم وتانەی ترەمپ کاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەدوای خۆیداهێنا، بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا ترەمپی بە “دزینی نەوت”ی وڵاتەکەی تۆمەتبارکرد و ئەمریکای بە “وڵاتێکی چەتەئاسا” وەسفکرد.

لەبەرامبەریشدا روسیا چەندین ساڵە پاڵپشتی حکومەتی سوریا دەکات لە هەوڵەکانی بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی کێڵگە نەوتییەکان و دەرهێنانی لەژێر دەستی هێزەکانی سوریای دیموکراتدا، ئەوەش بە گوێرەی رێککەوتنێکی نێوان مۆسکۆ و دیمەشق کە ساڵی 2018 واژوویان لەسەر کردووە و تیایدا دەسەڵات دراوەتە روسیا کە کەرتی نەوت و گازی سوریا ببوژێنێتەوە.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this