دیاردەی سواڵكردن لە هەولێر زیادیکردووە

0
503

SNN- مەودا مستەفا

هاووڵاتییانی هەولێر باس لەوەدەکەن، دیاردەی سواڵکردن بەتایبەت لەلایەن ژنان و منداڵانەوە لە کۆڵان و ناوبازاڕەکانی هەولێردا زیادیانکردووە. بەشێک لەو کەسانەش کە ئەم کارەدەکەن بەهۆی کاری نایاساییەوە لەلایەن پۆلیسی هەولێرەوە دەستگیرکراون.

هیڤرۆن خەڵكی رۆژئاوای كوردستانە و تەمەنی 13 ساڵە، رۆژانە لە نێو بازاڕی قەیسەری شاری هەولێر گۆرەوی دەفرۆشێت، لەپاڵ ئەو کارەیدا سواڵدەکات، ئەو بە SNNی وتووە: “ئێمە هەموو رۆژێك لە شەقامەكان نین، بەڵام هەفتەی چەند رۆژێك لەگەڵ باوكمان لە ئۆردوگای‌ پیرزینەوەكە دێینە هەولێر، ئەم کارەش لەبەر ئەوە دەکەین باوكمان کارمەندی ژینگەپارێزە و مانگانە مووچەکەی 250 هەزار دینارە ‌و بەشمان ناكات، ئێمە هاوكاریی‌ باوكمان دەكەین”.

بەشێک لەو کەسانەی سواڵدەکەن گوزەرانیان باشە

كارزان ئەنوەر هاووڵاتی شاری هەولێر بە SNNی وت: “بەشی زۆری ئەو كەسانەی سواڵ دەكەن، راستی ناڵێن ‌و تەنیا هاووڵاتی فریودەدەن، بەشێكی زۆریان بار و گوزەرانیان زۆرباشە”.

کارزان لەوبارەیەوە وتیشی: “رۆژێكیان سواڵكەرێك بە جلێكی دڕاوەوە زۆر لەبەردەممدا پاڕایەوە منیش بڕێك پارەم پێ‌ بەخشی، دواتر کاتی بانگی مەغریب بوو، دەچومەوە بۆ ماڵەوە ئۆتۆمبێلەكەم لە گەڕەكێک راگرتبوو، بینیم هەمان کەس جلەكانی داکەند و جلوبەرگێكی رێكوپێكی لە ژێرەوە لەبەربوو بەمشتێك پارەوە گەرایەوە ماڵەوە، بۆیە داوا لە لایەنی ئەمنی دەکەم ئەو کەسانەی کە فریودەرن دەستگیریان بكەن یاخود لەناو شاری هەولێر دووریان بخەنەوە”.

بەشێک لەو سواڵکەرانە کاری نایاسایی دەکەن بەتایبەتی دزیکردن

سەبارەت بە هۆکاری سواڵکردنی ئەو کەسانە، بەتایبەت کە ئەگەر بژێوی ژیانیان باشبێت، ئارام عومەر توێژەری کۆمەڵایەتی رایگەیاند: “زیاتر هۆکارەکەی خووپێوەگرتنە بەو کارە، بەڵام هۆکارێکی دیکەش نەبوونی بیمەیەکی کۆمەڵایەتییە بۆ چینێک کە پێویستیانە، چونکە بەشێک لەو کەسانە بەهۆی خراپی بژێوی ژیانیانەوەیە کە روودەکەنە سواڵکردن”.

هۆگر عزیز وتەبێژی پۆلیسی هەولێر  بە SNNی راگەیاند: “بەشێک لەو سواڵكەرانە لە كۆڵان و بازاڕەكان كاری نایاسایی دەكەن بەتایبەتی دزیكرد، بۆ نمونە دوێنی پاش ئاگاداركردنەوەی هێزەكانی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە بوونی حاڵەتێكی دزیكردن لە ماڵان، دەستبەجێ تیمێكی لێكۆڵینەوە پێكهێنرا و توانرا دوای كەمتر لە كاتژمێرێك دوو ژن بە ناوەكانی (د.ت.خ) و (ك.ع.ع) كە لە پاڵ سواڵكردن کاری دزییان دەکرد، ئەو دوو ژنە ئێستا بەپێی ماددە (446) لە یاسای سزادانی عێراقی دەستگیرکراون و دەدرێنە دادگا”.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this