کۆتا دوو تووشبووى كۆرۆنا له‌ سه‌یدسادق چاكبوونه‌وه‌

0
306

SNN-عەلی حەمە سەعید

ئەمڕۆ شەممە كۆتا دوو توشبووی كۆرۆنا لە قاوشی نەخۆشخانەی تایبەت بە تووشبووانی كۆرۆنا لە قەزای سەیدسادق چاكبوونەوە و گەڕانەوە ماڵەوە، بەوەش نەخۆشخانەکە هیچ تووشبوویەکی کۆرۆنای لێنەما.

تەها ئەحمەد، لێپرسراوی بەشی راگەیاندنی قایمقامیەتی قەزای سەیدسادق بە  SNNی راگەیاند: “ئەمڕۆ شەممە كۆتا دوو تووشبووی كۆرۆنا لە نەخۆشخانەی كۆرۆنا لە قەزای سەیدسادق چاكبوونەوە و بەو شێوەیەش لە ئێستادا هیچ تووشبوویەكی كۆرۆنا لە قاوشی نەخۆشخانەكانی قەزاكەماندا بوونی نییە، بەڵام تا دوای جەژنی قوربان قاوشی تایبەت بە تووشبووانی كۆرۆنا بە كراوەیی دەمێنێتەوە بۆ ئەگەری داخڵبوونی هەر تووشبوویەکی نوێ”.

ئاماژەی بەوەشكرد: “بە هەوڵ و دڵسۆزی بەردەوامی پزیشكان و کارمەندانی تەندروستی تایبەت بە چارەسەری تووشبووانی كۆرۆنا لە سەیدسادق توانرا بە خێرایی پێشوازی لەو نەخۆشانە بكرێت كە پێویستیان بە ئۆكسجین و چاودێری چڕی پزیشكی هەبوو، ئەمە جگە لە چەندین توشبوو لە ماڵەكانیان لە ژێر چاودێریدا بوون و چاكبونەتەوە پێویستیان بە ئۆكسجین نەماوە”.

لێپرسراوی بەشی راگەیاندنی قایمقامیەتی قەزای سەیدسادق ئەوەشی وت: “لەماوەی كردنەوەی قاوشی نەخۆشخانەکەدا زیاتر لە 45 نەخۆش چارەسەریان بۆ كراوە، حەوت نەخۆش رەوانەی سلێمانی كراون، 25 نەخۆشیش بە وەرگرتنی پلازما و چارەسەر چاكبوونەتەوە 11 نەخۆش تەنها بە چارەسەر و چاودێری چاكبوونەتەوە، تەنها دوو نەخۆش لەناو قاوشی نەخۆشخانەی سەیدسادق گیانیان لەدەستداوە، بەڵام كۆی گشتی ئەو كەسانەی كە خەڵكی سنوورەكەن لە نەخۆشخانەكانی هەڵەبجە و سلێمانی و سەیدسادق گیانیان لەدەستداوە گەیشتوەتە 19 كەس”.

لە شەپۆلی دووەمی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان، قەزای سەیدسادق یەکێک بوو لەو ناوچانەی کە ژمارەیەکی زۆر کەس تووشی نەخۆشیەکەبوون.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this