کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان دواخرا

0
486

SNN- مەودا مستەفا

هەرسێ فراکسیۆنەکانی یەکێتی و یەکگرتوو و کۆمەڵ بایکۆتی دانیشتنەکەی پەرلەمانیان کرد کە بڕیاربوو ئەمڕۆ ئەنجام بدرێت، دانیشتنەکەش بۆ سبەینێ دواخرا.

پەیامنێری SNN لە هەولێر رایگەیاند: “کۆبوونەوەکەی پەرلەمانی کوردستان بۆ 24 کاتژمێری داهاتوو دواخراوە”.

لەوبارەیەوە عەبدولستار مەجید سەرۆكی فراكسیۆنی کۆمەڵ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: تا بەرنامەی كاری كۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ خزمەتی خەڵك نەبێت بەشداری كۆبوونەوەكانی پەرلەمان ناكەین .
وتیشی: پێویستە پەرلەمان لەلایەن حزب ئاڕاستە نەكرێت و حزب دەستوەرنەداتە كاروباری پەرلەمان، بەداخەوە لەهەردوو لا حزب پەرلەمان ئاراستە دەكات و بڕیاری بۆ دەدات.

راشیگەیاند: لە رابردوودا حزب پێی باش بوو پەرلەمان دابخرێت دایخست و ئەو كاتەی بیەوێت پەرلەمان پەكبخات یەكیدەخات، بۆیە داوا دەكەین لیژنەیەك دروست بكرێت لە پەرلەمانی كوردستان بۆ ئەوەی پەرلەمان بە ئەركی خۆی هەڵبستێت.

لەدوای کۆمەڵ، فراکسیۆنی یەکگرتوو کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنووسی ئەنجامدا، سەرچنار ئەحمەد ئەندامی فراکسیۆنەکە رایگەیاند: “بەمەبەستی لێپێچینەوە لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم داوا دەكەین سەرۆكی حكومەت بێتە پەرلەمان بۆئەوەی بزانین هۆكاری ئەو هەموو نەهامەتیە چییە بەسەر خەڵکدا هاتووە و باروگوزەرانی خەڵک تادێت خراپتر دەبێت و پەرلەمانیش سەرقاڵی كاری ترە”.
وتیشی: “داوا دەكەین جارێكی تر شكۆ بۆ پەرلەمانی هەرێمی كوردستان بگەڕێتەوە و  ئێمەش بەشداری لە كۆبوونەوەكانی رۆژانی داهاتووی پەرلەمان ناكەین، چونكە پێمان وایە ئەو كۆبوونەوانە بەقەد خراپی دۆخی ژیان گرنگ نییە كە ئێمە لە ماوەی پێشوودا لەوبارەیەوە یاداشتمان داواتە پەرلەمان”.

هاوکات محێدین حەسەن، سەرۆكی فراكسیۆنی ئازادی لە پەرلەمانی كوردستان بە SNNی راگەیاند: “لە پاش دواخستنی كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان كۆبوونەوەی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكی فراكسیۆنەكان ئەنجامدەدرێت بە مەبەستی دانانی بەرنامەیەكی گونجاو بۆ دانیشتنی بەیانی پەرلەمانی كوردستان”.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this