داهاتی مەرزێک ساڵانە 30 ملیار دینارە و خاوەنی خراپترین رێگای هاتووچۆیە

0
159

SNN-عەلی حەمە سەعید
لەگەڵ ئەوەی لە سنووری ناحیەی بەمۆی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە مەرزی پشتە بوونی هەیە و ساڵانە نزیكەی 30 ملیار دینار داهات بۆ حكومەت بەدەستدەخات، بەڵام بە وتەی هاووڵاتییان و شۆفێرانی سنوورەكە، رێگاوبانەكانی سنوورەكە هێندە خراپە هاتووچۆكردن تیایدا ئەستەم بووە، بەڕێوەبەری ناحیەی بەمۆش دەڵێت: “سەرۆكی حكومەت ئامادەنییە واژوو لەسەر چاككردنی رێگاوبانەكانی سنوورەكە بکات”

محەمەد قادر، یەكێك لە دانیشتووانی گوندەكانی ناحیەی بەمۆ بە  SNNی راگەیاند: “لەگەڵ ئەوەی ئەم سنوورەی ئێمە خاوەنی مەرزی پشتەیە و مانگانە و ساڵانە داهاتێكی زۆری لێوەدەستدەخرێت بۆ حكومەت، بەڵام رێگاوبانەكانی ئەم سنوورە بەجۆرێك خراپ بوون كە هاتوچۆكردن تیایاندا ئەستەم بووە، تەنها ئۆتۆمبێلی بەرز دەتوانێت پیایاندا تێپەڕێت و بە هاویندا تەپوتۆز و بە زستانیشدا دەبنە قوڕ، سەرەڕای ئەوەی چەندین چاڵوچۆڵی زۆریان تیادا دروستبووە.

لە ساڵی 2014ەوە بڕیاری چاککردنی رێگاکە دراوە بەڵام تا ئێستا چاکنەکراوەتەوە

ئاماژەی بەوەشكرد: رێگای سەرتەكی بەمۆ بۆ مەرزی پشتە، كە درێژییەكەی نزیكەی 20 كیلۆمەتر دەبێت و لەساڵی 2008ەوە دروستكراوە، بەهۆی هاتووچۆی زۆر و فشاری زۆری ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر لەسەر رێگاكە بەتەواوی هەڵوەشاوە و خراپبووە، هاوكات لەساڵی 2014 بڕیاری چاككردن بۆ رێگاكە دەرچووە، بەڵام ‌هێشتا رێگاكە چاكنەكراوە و ئەوەندەی دیكەش خراپبووە، بۆیە چەندین جار نوسراومان ئاراستەی بەرپرسانی سنوورەكە كردووە و لەگەڵ پارێزگاری هەڵەبجە و قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەی بەمۆ ئەم داواكاریانەمان ئاراستەكردوون بەڵام رێگاوبانەكان هەروەك خۆیانن.

سمكۆ سالار، بەڕێوەبەری ناحیەی بەمۆی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە بە  SNNی راگەیاند: “ئێمە لە ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە و ناحیەی بەمۆ پشتگیری تەواوی داواكاری هاووڵاتییان و شۆفێرانی سنوورەكە دەكەین، لە رابردووشدا ئەم بابەتەمان بە سەرووی خۆمان گەیاندووە و كەمتەرخەم نەبووین لە گەیاندنی داواكاری هاووڵاتییانی سنوورەكە، چونكە سەرەكیترین گرفت لەم سنوورەدا گرفتی خراپی رێگاوبانە، لە كاتێكدا بەهۆی بوونی مەرزێكی بازرگانی دەبوو باشترین رێگاوبانمان هەبووایە”.

چاككردنی رێگاوبانی سنووركە بە تەنیا پێویستی بە سێ‌ ملیار دینارە

روونیشیکردەوە: “چاككردنی رێگاوبانی سنووركە پێویستی بە تەنها سێ‌ ملیار دینارە و درێژییەكەی نزیكەی 20 كیلۆمەترە، لەگەڵ ئەوەشدا مەرزی پشتە تەنها لە مانگێكدا چوار ملیار و 500 ملیۆن دینار داهاتی هەبووە و ساڵانەش داهاتی نزیكەی 29 ملیار دینار دەبێت و رۆژانە 200 ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر لەمەرزی پشتەوە هاتووچۆ دەكەن، هاوكات 150 ماڵ كە دانیشتووی سنووری ناحیەی بەمۆن لەسەر هەمان رێگاوبان هاتووچۆ دەكەن، دانیشتووانەكەی هەزار كەس دەبێت.

بەڕێوەبەری ناحیەی بەمۆ ئەوەشی خستەڕوو: بڕیارەكە لای سەرۆكی حكومەتە تەنها بڕیاربدات پارەی 20 رۆژی مەرزەكەمان بۆ تەرخانبكرێت، هیچ گرفتێكی هاتووچۆمان نامێنێت، چونكە خەرجكردنی پارەی داهاتی مەرزەكە لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە، هاوكات خراپی رێگاكە بووەتەهۆی ئەوەی، كە بەردەوام داهاتی مەرزەكە روو لە كەمیبكات.

ئەمڕۆ هاووڵاتییانی سنوورەکە دژی خراپی رێگاکانیان گردبوونەوە

وتەكانی هاووڵاتییان و بەڕێوەبەری ناحیەی بەمۆ لەکاتێکدایە كە ئەمڕۆ بەشێك لە دانیشتووانی گوندەكانی سنووری ناحیەی بەمۆ گردبوونەوە، رێگەیان لە هاتووچۆی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەكان گرت، ئەوەش لە پێاو بەدەمەوەهاتنی لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ چاككردنی رێگاوبانی سنوورەكەیان.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this