دوورینه‌وه‌ى په‌رده‌ى كچێنى له حاڵه‌ته‌وه بۆ دیارده

بنكۆڵكارى: هه‌وراز ئه‌حمه‌د و ئاهه‌نگ حسێن
ته‌نیا چه‌ند شه‌وێك به‌سه‌ر هاوسه‌رگیرییه‌كه‌یدا تێپه‌ڕیووه، له‌برى ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ى مانگى هه‌نگوینى به‌سه‌ر به‌رێت، له نێوان هاوسه‌ر و خه‌سوویدا له ده‌رگاى به‌شى پشكنینى ژنان له پزیشكى دادوه‌رى هه‌ولێر وه‌ستاوه، ره‌نگى ههڵپڕوسكاوه و زوو زوو رووده‌كاته هاوسه‌ره‌كه‌ى و خه‌سووى و ده‌ڵێت: به‌خوا من هیچم نه‌كردووه و بێ‌تاوانم، به‌ڵام هاوسه‌ره‌كه‌ى وڵامیدهداتهوه و ده‌ڵێت: ئه‌نجامى پشكنینه‌كان راستییه‌كه‌ى ده‌رده‌خه‌ن، تۆ با پشكنینت بۆ بكه‌ن، ئه‌وكات ئه‌زانین درۆت كردووه یان راستگۆیت؟!
ئه‌مه به‌شێكى بچووكه له چیرۆكى كاژاو محه‌مه‌دى ته‌مه‌ن 18 ساڵ كه بووه‌ته قوربانى كلتور و نێچیرى ده‌ستى ئه‌و شوێنانه‌ى كه به نایاسایی “په‌رده‌ى كچێنى ده‌دوورنه‌وه” بۆ ئه‌و كچانه‌ى كه پێش هاوسه‌رگیرى به هه‌ر هۆكارێك بێت په‌رده‌ى كچێنى له‌ده‌ستده‌ده‌ن.
له شه‌وى هاوسه‌رگیرییه‌كه‌یدا هاوسه‌ره‌كه‌ى گومانى لێده‌كات كه پێشتر په‌رده‌ى كچێنى له‌ده‌ستداوه و كارى دوورینه‌وه‌ى بۆ كراوه
چیرۆكى كاژاو له‌و كاته‌وه ده‌ستپێده‌كات كه سێكس له‌گه‌ڵ خۆشه‌ویسته‌كه‌ى ده‌كات و په‌رده‌ى كچێنى له‌ده‌ستده‌دات، به‌ڵام به هۆكارێكى تایبه‌تى هاوسه‌رگیریی له‌گه‌ڵ ناكات، ئه‌مه ده‌بێته نهێنى ئه‌م كچه گه‌نجه و واده‌كات پاش تێپه‌ڕینى ماوه‌یه‌كى زۆر به‌سه‌ر ئه‌و رووداوه هیچ یه‌ك له‌و كوڕانه قبوڵنه‌كات كه دێنه خوازبێنى، رۆژگار تێده‌په‌ڕێت و له ترسى قسه‌ى خه‌ڵك و به‌هۆى گومانى خێزانه‌كه‌یه‌وه ئه‌م كچه ناچارده‌بێت هاوسه‌رگیریی بكات، به‌ڵام بۆ رزگاربوون له مۆته‌كه‌ى رابردوو كاژاو په‌ناده‌باته به‌ر یه‌كێك له‌و شوێنانه‌ى كه “په‌رده‌ى كچێنى ده‌دوورنه‌وه“، كاره‌كه‌ى بۆ ده‌كرێت شه‌وێك پێش ئه‌وه‌ى بچێته قه‌فه‌سى زێڕینه‌وه، به‌ڵام له شه‌وى هاوسه‌رگیرییه‌كه‌یدا هاوسه‌ره‌كه‌ى گومانى لێده‌كات كه پێشتر په‌رده‌ى كچێنى له‌ده‌ستداوه و كارى دوورینه‌وه‌ى بۆ كراوه، هه‌ربۆیه خێزانه‌كه‌ى خۆى ئاگادار ده‌كاته‌وه و پاش تۆماركردنى سكاڵا ده‌یبه‌نه پزیشكى دادوه‌رى بۆ ئه‌نجامدانى پشكنین، ده‌رده‌كه‌وێت ماوه‌یه‌كى زۆره په‌رده‌ى كچێنى له‌ده‌ستداوه و كارى دوورینه‌وه‌ى بۆ كراوه، بۆیه هاوسه‌ره‌كه‌ى بڕیارده‌دات له كاژاو جیابێته‌وه و نهێنییهكهشى به خێزانه‌كه‌ى بڵێت.
“دوورینه‌وه‌ى په‌رده‌ى كچێنى” له هه‌رێمى كوردستان هه‌رچه‌نده به نهێنى ده‌كرێت، به‌ڵام ورده‌ورده خه‌ریكه له حاڵه‌ته‌وه ده‌بێته دیارده، چونكه ئه‌و شوێنانه‌ى ئه‌م كاره ده‌كه‌ن رۆژ به رۆژ له زیادبووندان، جارى واهه‌یه له ماڵێكدا ده‌كرێت، زۆركات به نهێنى له كلینیكێكى پزیشكیدا له پاڵ كاره‌كانى تردا ده‌كرێت، جارى واش هه‌یه مامانێكى بێ مۆڵه‌ت ئه‌نجامى ده‌دات.
سارا عه‌لى و فاتمه حه‌مه‌سه‌عید، ماوه‌ى دوو ساڵه له یه‌كێك له گه‌ڕه‌كه‌كانى شارى هه‌ولێر سه‌رقاڵى “دوورینه‌وه‌ى په‌رده‌ى كچێنین” بۆ ئه‌و كچانه‌ى كه پێش هاوسه‌رگیرى ئه‌و په‌رده‌یه‌یان له‌ده‌ستداوه، سارا له‌باره‌ى كاره‌كه‌ى خۆى و هاوكاره‌كه‌یه‌وه ده‌ڵێت: “رۆژانه كچێكى زۆر په‌یوه‌ندیمان پێوه ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى بێنه لامان و په‌رده‌ى كچێنییان بۆ بدوورینه‌وه، ئێمه‌ش له به‌رامبه‌ر بڕه پاره‌یه‌ك ئه‌و كاره ده‌كه‌ین“.
له‌باره‌ى چۆنیه‌تى كاره‌كه‌یانه‌وه فاتمه ئاماژه به‌وه‌ده‌كات: “لاى ئێمه چه‌ند جۆرێك له درووینهوه هه‌یه، باوترین جۆریان ئه‌وه‌یه كه 24 كاتژمێر پێش ئه‌وه‌ى كچه‌كه بگوازرێته‌وه كاره‌كه‌ى بۆ ده‌كرێت، ئه‌وه‌ش له‌ڕێگاى (ده‌زووى نه‌شته‌رگه‌ریه‌وه)ده‌دوورێته‌وه، به‌ڵام ئێمه هیچ گه‌ره‌نتییه‌ك ناده‌ین به‌و كه‌سانه‌ى سه‌ردانمان ده‌كه‌ن، چونكه جارى وا هه‌بووه ئه‌و ده‌زووه هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه و كه‌وتووه و ئه‌وه‌ى كچه‌كه ویستوویه‌تى نه‌بووه و تووشى كێشه بووه“.
روونكردنه‌وه‌ى ئه‌و كاره‌ى كه ئه‌م شوێنه نایاساییانه ده‌یكه‌ن له‌ڕووى زانستییه‌وه زۆركات جێگه‌ى پرسیاره، ئایا له زانستى پزیشكیدا شتێك هه‌یه به‌ناوى “پرۆسه‌ى دوورینه‌وه‌ى په‌رده‌ى كچێنى“؟ ئایا ئه‌م بابه‌ته له رووى زانستییه‌وه چۆن مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ ده‌كرێت؟
له‌و باره‌یه‌وه د. نگین جه‌عفه‌ر، پزیشكى پسپۆڕى نه‌خۆشییه‌كانى ژنان و منداڵبوون ده‌ڵێت: “ئه‌مه‌وێت سه‌ره‌تا له‌وه‌وه ده‌ستپێبكه‌م كه ئێستا زانستى پزیشكى له جیهاندا گه‌یشتووه به‌و بڕوایه‌ى كه شتێك نییه به‌ناوى ده‌سته‌واژه‌ى “په‌رده‌ى كچێنى” به‌ڵكو بازنه‌یه‌ك هه‌یه كه به‌شێكى ده‌ركى زێ داده‌پۆشێت، بۆیه ده‌كرێت بڵێن: بازنه‌یه‌كى ده‌ركى زێى گرتووه كه نزیكه‌ى نیو سانتیمه‌تر بۆ دوو سانتیمه‌تر له ده‌ركى زێدایه، وه‌كو لاستیكێك به دیوارى زێوه نووساوه”.

جۆره‌كانى په‌رده‌ى كچێنى | گرافیك: SNN
ئه‌و خانمه پزیشكه له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى له چ كاتێكدا په‌رده‌ى كچێنى له‌ناو ده‌چێت؟ ئه‌وه‌ده‌خاته‌ڕوو: “هیچ توێژینه‌وه‌یه‌كى باوه‌ڕپێكراو و سه‌لمێنراو نییه له‌سه‌ر ئاستى جیهان بڵێت: بازنه‌ى كچێنى، به وه‌رزشكردنى وه‌ك باسكه، پایسكلسوارى یان بازدان و راكردن له ناو ده‌چێت، ئه‌و په‌رده‌یه له كاتێك ده‌ته‌قێت كه شتێك بچێته نێو ده‌ركى زێدا و كه‌سه‌كه چه‌ند دڵۆپه خوێنێك ده‌بینێت بێگومان ئه‌وه‌ش له كه‌سێكه‌وه بۆ كه‌سێكى دیكه ده‌گۆڕێت”.
به وته‌ى د. نگین جه‌عفه‌ر “كه‌م نین ئه‌و كچانه‌ى كه رۆژانه داواى لێده‌كه‌ن په‌رده‌ى كچێنییان بۆ بدوورێته‌وه“، و ئاشكرایده‌كات: “له‌م ساڵانه‌ى دوایدا له هه‌رێمى كوردستان داواكارى زۆر ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ى په‌رده‌ى كچێنى بدووردرێتهوه، ده‌توانم بڵێم: له ماوه‌ى هه‌فته‌یه‌كدا زیاتر له 50 كچ نامه‌م بۆ ده‌نێرێت و داوا ده‌كه‌ن په‌رده‌ى كچێنییان بۆ بدوورمه‌وه، به‌ڵام من به هیچ شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ دوورینه‌وه‌ى په‌رده‌ى كچێنى نیم و نه‌شم كردووه، چونكه پێموایه گه‌وره‌ترین هه‌ڵه‌یه كه به‌رامبه‌ر به جه‌سته‌ى ژنێك ده‌كرێت“.
ئه‌و خانمه پزیشكه ئێستا له ده‌ره‌وه‌ى وڵات ده‌ژى و ته‌نیا به سه‌ردان ده‌گه‌ڕێته‌وه هه‌رێمى كوردستان له‌باره‌ى هه‌بوونى حاڵه‌تى له‌و شێوه‌یه له ده‌ره‌وه‌ى وڵات زانیارى دژ به‌یه‌ك ئاشكرا ده‌كات، به‌شێوه‌یه‌ك هیچ یه‌كناگرێته‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌و پرۆسه‌یه‌ى كه له هه‌رێمى كوردستان هه‌یه و ده‌ڵێت: “ئه‌وه‌نه‌ى زانیاریم هه‌بێت و بینیبێتم له وڵاتانى ده‌ره‌وه كاتێك په‌رده‌یه‌ك بۆ كچێك ده‌دوورنه‌وه ده‌بێت ئه‌و كه‌سه 3 مانگ پێش هاوسه‌رگیرییه‌كه‌ى سه‌ردانى كلینیكه‌كه بكات بۆ ئه‌وه‌ى كاره‌كه‌ى بۆ ئه‌نجام بدرێت، ئه‌وه‌ش له‌ڕێگاى نه‌شته‌رگه‌رییه‌وه ده‌كرێت، رووكارى ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ى زێ ده‌دوورنه‌وه به جۆرێك له 50%ى ده‌هێڵنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ى خوێنى سوڕى مانگانه‌ى لێوه بێته ده‌ره‌وه، جۆرێكى تریش هه‌یه بۆ ئه‌و كچانه‌ى كه ده‌ستیان ناگات به نه‌شته‌رگه‌رى كهپسولێكیش ده‌كرێته ژووره‌وه كه له نێو كهپسولهكهدا شله‌یه‌ك هه‌یه هاوشێوه‌ى ره‌نگى خوێن (خوێنى ساخته)، له ئه‌نجامى ئه‌م پرۆسه‌یه له یه‌كه‌م شه‌وى هاوسه‌رگیریدا كه‌سه‌كه خوێنى ده‌بێت”.
هه‌رچه‌نده پرۆسه‌كه نایاساییه و ئه‌و خانمه پزیشكه خۆى ئاماده‌نییه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌نجامى بدات، به‌ڵام پێى وایه رێگه‌یه‌كه بۆ رزگاربوونى كچان له كوشتن و ده‌ڵێت: “من واى ده‌بینیم رێژه‌ى سه‌ركه‌وتنى ئه‌م جۆره نه‌شته‌رگه‌رییه زۆره، هه‌رچه‌نده رێگایه‌كى نادروسته، به‌ڵام هۆكارێكه بۆ رزگاربوونى ئه‌و كچانه‌ى كه به هه‌ر هۆكارێك بێت ده‌بنه قوربانى و ئه‌و په‌رده‌یه‌یان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن، ئه‌گه‌ر وا نه‌بووایه ئه‌وا كوشتنى ژنانى موسڵمان له‌نێو وڵاتانى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ى په‌رده‌ى كچێنى گرنگه لایان زۆر زیاتر ده‌بوو“.
نرخه‌كه له هه‌زار دۆلاره‌وه ده‌ستپێده‌كات و له 3 هه‌زار دۆلاردا كۆتایی دێت
ههڵخڵهتاندنى كچانى كورد به بیانووى “دوورینه‌وه‌ى په‌رده‌ى كچێنى“، له‌ڕووى ماددییه‌وه نرخى خۆى هه‌یه، به‌پێى به‌دواداچوونه‌كان كه له یه‌كێك له شوێنه‌كانى “دوورینه‌وه‌ى په‌رده‌ى كچێنى” كراوه، “نرخه‌كه له هه‌زار دۆلاره‌وه ده‌ستپێده‌كات و له 3 هه‌زار دۆلاردا كۆتایی دێت“.
د. دیلمان ئازاد، پزیشكى پسپۆڕى دادیى له هه‌ولێر باس له ئاماره‌كانى ئه‌و كه‌سانه ده‌كات كه به‌م بیانووه دێنه لایان و ده‌ڵێت: “لیژنه‌ى پشكنین له پزیشكى دادیى هه‌ولێر له سێ پزیشكى پسپۆڕ پێكهاتووه كارى ئه‌و لیژنه‌یه پشكنینه بۆ ئه‌و كچانه كه ده‌هێنرێنه پزیشكى داد بۆ ئه‌وه‌ى بزانرێت په‌رده‌ى كچێنییان ماوه یاخود نا؟ به ته‌نیا له ساڵى 2019 پشكنین بۆ 861 كه‌س كراوه لاى ئێمه، له‌و ژماره‌ی 612 كه‌س هێنراون بۆ پشكنینى په‌رده‌ى كچێنى كه 520 یان په‌رده‌یان هه‌بووه و 92 شیان په‌رده‌ى كچێنیان له ده‌ستداوه، به‌شێكى زۆر له‌م كچانه له‌دواى ئه‌وه‌ى ده‌گوازرێنه‌وه له‌لایه‌ن هاوسه‌ره‌كانیانه‌وه تۆمه‌تى نه‌بوونى په‌رده‌ى كچێنییان ده‌درێته پاڵ به‌شێكیشیان هه‌رچه‌نده په‌رده‌ى كچێنییان بۆ دووراوه‌ته‌وه، به‌ڵام هاوسه‌ره‌كه‌یان له یه‌كه‌م جووتبووندا پێیان زانیوون و هێنراون بۆ پشكنین“.
جگه له ههڵخڵهتاندنێك هیچى دیكه نییه، داوكارم هیچ كچێن په‌ناى بۆ نه‌بات
د. دیلمان ئازاد زانیارى زیاتر له‌باره‌ى ئه‌و كچانه‌وه ده‌خاته‌ڕوو كه “په‌رده‌ى كچێنییان بۆ دهدوودرێتهوه“، له شوێنه نایاساییه‌كان و روونیده‌كاته‌وه: “ئه‌وه‌ى ئێمه ده‌یبینین و دێته لامان زۆر جار كه‌سانێك هه‌بووه پێشتر په‌رده‌ى كچێنى له ده‌ستداوه بۆ ئه‌وه‌ى له یه‌كه‌م شه‌وى هاوسه‌رگیریدا خوێنى هه‌بێت رۆیشتووه په‌رده‌كه‌یان بۆ دووریوه‌ته‌وه، به‌ڵام زاواكه پێى زانیووه، چونكه لێره ئه‌و كاره به جۆرێك ده‌كرێت كه ئاسان هه‌ستى پێده‌كرێت، ئه‌وه‌ش له‌ڕێگه‌ى ده‌زووى نه‌شته‌رگه‌رییه‌وه ده‌كرێت، 24 كاتژمێر پێش هاوسه‌رگیرى كاره‌كه‌ى بۆ ده‌كرێت ده‌زوویه‌ك لهمبهرى ده‌ركى زێ بۆ ئه‌و به‌رى ده‌ركى زێ داده‌نرێت، به دیوارى زێدا ده‌لكێنرێت له‌و كاته‌ى جووتبوونه‌كه ده‌كرێت ئه‌و ده‌زووه ده‌پچرێت و ناو دیوارى زێ بریندار ده‌كات، به‌وه‌ى كه‌مێك خوێن دێته ده‌ره‌وه، ئه‌مه‌ش وا لێكده‌درێته‌وه كه ئه‌و كه‌سه پاكیزه‌یه و په‌رده‌ى كچێنى هه‌بووه، به‌ڵام ئه‌وه جگه له ههڵخڵهتاندنێك هیچى دیكه نییه، داوكارم هیچ كچێن په‌ناى بۆ نه‌بات“.

دوورینه‌وه‌ى په‌رده‌ى كچێنى | فۆتۆ: د. نگین جه‌عفه‌ر / SNN
هه‌ر له‌وباره‌یه‌وه د. مونجید ریزه، به‌ڕێوه‌به‌ری په‌یمانگای پزیشكی دادوه‌ری به‌غدا ده‌ڵێت: “رۆژانه چه‌ندین حاڵه‌ت دێنه لاى ئێمه بۆ پشكنینى پاكیزه‌یی، زۆرینه‌ی حاڵه‌ته‌كان له‌وانه‌ن كه ته‌نیا شه‌وێك به‌سه‌ر گواستنه‌وه‌ی كچه‌كه‌دا تێپه‌ڕیووه، پیاوه‌كه بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كات هاوسه‌ره‌كه‌ى پاكیزه نییه، له‌به‌ر ئه‌وه دێنه لاى ئێمه، حاڵه‌تیش هه‌یه كه بووكه‌كه رێگاى جۆراوجۆرى به‌كارهێناوه بۆ ئه‌وه‌ى پاكیزهنهبوونى خۆى بشارێته‌وه، به‌ڵام پیاوه‌كه‌ى پێى زانیووه“.
زۆر كات كچان دووجار ده‌بنه قوربانى
به‌هۆى ئه‌وه‌ى ئه‌و شوێنانه نایاسایین و رێنماییه پزیشكییه‌كانیان تێدا جێبه‌جێ ناكرێت زۆركات كچه‌كه ده‌بێته قوربانى و تووشى كێشه‌ى پزیشكى وه‌ك هه‌وكردن ده‌بێت، د.نگین جه‌عفه‌ر ئه‌م بابه‌ته پشتڕاستده‌كاته‌وه و ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕوو: “به‌ڵێ، ئه‌و بابه‌ته به‌داخه‌وه زۆر راسته ئه‌و شوێنانه‌ى ئه‌م كاره ده‌كه‌ن له‌به‌ر ئه‌وه‌ى نایاسایین و هیچ مه‌رجێكى پزیشكی‌یان تێدا نییه، زۆر كات كچان دووجار ده‌بنه قوربانى تێیاندا و تووشى هه‌وكردنى زێ و نه‌خۆشى تر‌ى ترسناك ده‌بن، هه‌ربۆیه ئێمه داواده‌كه‌ین هیچ كچێك نه‌كه‌وێته داوى ئه‌م شوێنانه“.
وه‌زاره‌تى ته‌ندروستیى حكومه‌تى هه‌رێم وه‌ك لایه‌نى به‌رپرسیارى ئه‌م بابه‌ته نایشارێته‌وه كه ئاگادارى هه‌بوونى ئه‌و شوێنانه‌ن، له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته د. محه‌مه‌د خۆشناو، وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستی قسه‌ده‌كات و ده‌ڵێت: “نكۆڵى له‌وه ناكرێت به به‌رده‌وامى چه‌ندین شوێن هه‌ن له هه‌رێمى كوردستان به شێوازى نهێنى كار له‌سه‌ر دوورینه‌وه‌ى په‌رده‌ى كچێنى ده‌كه‌ن له كلینك و شوێنى جیاوازدا، ئێمه له وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى لیژنه‌ى به‌دوادچوونمان هه‌یه و ئه‌و شوێنانه‌ى له ژێر رێنمایى ئێمه‌دان ئه‌م لیژنانه سه‌ردانى ده‌كه‌ن و رێكارى یاسایى به‌رامبه‌ر ده‌گرنه به‌ر، به‌ڵام چونكه ئه‌نجامدانى ئه‌و كاره له ده‌ره‌وه‌ى یاسایه ئێمه هیچ ئاگادارى رێكاره ته‌ندروستییه‌كانیان نین“.
هۆكارى دروستبوونى ئه‌م شوێنانه و په‌نابردنى كچان بۆیان یه‌كێكه له‌و شتانه‌ى ناكرێت ئاماژه‌ى پێ نه‌كرێت، چونكه كلتور و كۆمه‌ڵگه به چاوێكى كه‌م و بێ به‌زه‌یی سه‌یرى ئه‌و كچانه ده‌كه‌ن كه په‌رده‌ى كچێنییان له‌ده‌ستده‌ده‌ن، زۆركاتیش “ئاین ده‌كرێته بیانوو“، هه‌ندێن كاتیش نا هۆشیارى سێكسى هۆكاره بۆ ئه‌وه، به‌ڵام ئایا پیاوانى ئاینى و توێژه‌رانى كۆمه‌ڵایه‌تى و پزیشكان چۆن باسى ئه‌م بابه‌ته ده‌كه‌ن؟
په‌رده‌ى كچێنى به‌ستراوه‌ته‌وه به شه‌ره‌فه‌وه له‌نێو خێزان و كۆمه‌ڵگه‌دا
له‌تیف حسێن، توێژه‌رى كۆمه‌ڵایه‌تى له‌و باره‌یه‌وه ده‌ڵێت: “له كۆمه‌ڵگاى كوردستان و ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا په‌رده‌ى كچێنى به‌ستراوه‌ته‌وه به شه‌ره‌فه‌وه له‌نێو خێزان و كۆمه‌ڵگه‌دا بووه‌ته مه‌رجى پاك بوون، ئه‌وه‌ى به‌رگوێمان ده‌كه‌وێت و ده‌یبیستین به‌داخه‌وه چه‌ندین حاڵه‌ت هه‌بووه له به‌ر ئه‌وه‌ى په‌رده‌ى كچێنى نه‌بووه یان پهردهكهى له جۆرى لاستیكى بووه له‌لایه‌ن خێزانهكانییانهوه كوژراون و بوون به قوربانى بیركردنه‌وه‌ى نادروست“.
ئاماژه به‌وه‌شده‌كات: “له راستیدا كاركردن له‌سه‌ر شێوازى بیركردنه‌وه‌ى مرۆڤه‌كان بابه‌تێكى گرنگه، نه‌وه‌ك به ته‌نیا له سه‌ر په‌رده‌ى كچێنى، به‌ڵكو بۆ زۆر بابه‌تى دیكه، به‌داخه‌وه نه‌توانراوه گۆڕانكارى تێدا بكرێت خه‌ڵكى ئێمه‌ش زۆر به كه‌مى بۆچوونى خۆى له‌سه‌ر بابه‌تێكى وا هه‌ستیار ده‌دات، چونكه پێیان وایه ئه‌وه بابه‌تێكى (ده‌ست بۆ نه‌براوه) و نابێت باس بكرێت، بۆیه پێویسته له په‌روه‌رده‌ى منداڵیه‌وه ئه‌م بابه‌ته روون بكرێته‌وه بۆ ئه‌وى هه‌موو تاكێك له‌سه‌ر پرسى سێكس و ئه‌ندامانى جه‌سته و په‌رده‌ى كچێنى زانیارى و هۆشیارى هه‌بێت ئه‌م هۆشیاریه‌ش ببێته هۆكارى ئه‌وه‌ى چیتر كۆمه‌ڵگاى له‌و بابه‌تانه تێبگات وه‌كو خۆى بتوانێت مامه‌ڵه‌یه‌كى ته‌ندروست له‌گه‌ڵ دۆخه‌كه بكات، له ئه‌نجامدا كچان ناچار نه‌بن په‌نا به‌رنه به‌ر ئه‌و شوێنانه‌ى به نایاسایی په‌رده‌ى كچێنى ده‌دوورنه‌وه“.
هاوكات ئه‌نجومه‌نى باڵاى فەتواى هه‌رێمى کوردستان ره‌خنه له‌و كه‌سانه ده‌گرێت كه ده‌بنه هۆكارى ئه‌وه‌ى كچان و ژنان به‌م بیانووه بكوژرێن و ئیدانه‌ى ئه‌و كه‌لتوره ده‌كات كه بووه‌ته هۆكارى دروستبوونى كۆمه‌ڵێك شوێنى نایاسایی كه كچان به “دوورینه‌وه‌ى په‌رده‌ى كچێنى په‌ناى بۆ به‌رن“.
کوشتن له‌سه‌ر شه‌ره‌ف، هیچ ناونیشانێکى نییه له ئیسلامدا
له‌و باره‌یه‌وه ئه‌نجومه‌نى باڵاى فەتواى هه‌رێمى کوردستان ده‌ڵێن: “هه‌موو تاوانێکى کوشتن به‌بێ هۆکار، مه‌حکوم ده‌که‌ین، کوشتن له‌سه‌ر شه‌ره‌ف، هیچ ناونیشانێکى نییه له ئیسلامدا، کوشتن له ده‌سه‌ڵاتى هیچ که‌سێکدا نییه که که‌سێک به ئاره‌زووى خۆى خه‌ڵک بکوژێت، ئه‌گه‌ر به‌ڵگه‌ى له‌سه‌ر بوو، پێویسته بچێته دادگا و جێبه‌جێکردنى هه‌موو یاسایه‌کیش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ دادوه‌ر به‌پێی یاساکان، سزاى بۆ دیاریده‌کات“.
د. سامی داود، پزیشكى پسپۆڕى دادى، ناهۆشیارى پیاوان ده‌كاته هۆكارى بۆ دروستبوونى ئه‌و شوێنانه‌ى په‌رده‌ى كچێنى ده‌دوورنه‌وه و ئه‌وه‌ده‌خاته‌ڕوو: “پیاوان پێیانوایه ده‌بێت له شه‌وی یه‌كه‌مدا خوێن ببینن، به بۆچوونی ئه‌وان ئه‌گه‌ر ئه‌مه رووینه‌دا ئه‌وا بوكه‌كه پاكیزه نه‌بووه، به‌ڵام ئه‌مه به واتاى كه‌می وشیاری سێكسی دێت، چونكه نه‌بوونى خوێن لێكدانه‌وه‌ى تر‌ى پزیشكى هه‌یه كه یه‌كێكیان نه‌بوونى په‌رده‌ى كچێنییه، بۆیه بۆ چاره‌سه‌ركردنى ئه‌م كێشه‌یه و نه‌مانى ئه‌و شوێنه نایاساییانه پێویسته پیاوان زیاتر هۆشیار بن“.
به‌پێى ئاماره‌كانى رێكخراوى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، “هه‌موو ساڵێك 5 هه‌زار ژن به بیانووى له‌ده‌ستدانى په‌رده‌ى كچێنى و له‌ژێر ناوى شه‌ره‌فدا ده‌كوژرێن كه زۆرینه‌ی حاڵه‌ته‌كان له ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و باشوورى ئاسیادا رووده‌ده‌ن“، عێراقیش به‌ده‌ر نییه له‌م ئامار و كێشه‌یه، ته‌نانه‌ت زۆربوونى حاڵه‌ته‌كانى وایكردووه رێكخراوى نێوده‌وڵه‌تى مافه‌كانى مرۆڤ له‌سه‌رى بێنه ده‌نگ.
پێویسته له‌سه‌ر حكومه‌تی عێراقی رێوشوێنی خێرا و ده‌ستبه‌جێ بگرێته‌به‌ر كه گره‌نتی ئه‌وه بكات هیچ كچێك ناچار به پشكنینى پاكیزه‌یی نه‌كرێت
لیزل گیرنسوڵتز، به‌ڕێوه‌به‌ری به‌شی مافه‌كانی ژنان له رێكخراوی مافی مرۆڤی جیهانی (هیومن رایتس وۆچ) ده‌ڵێت: “پێویسته له‌سه‌ر حكومه‌تی عێراقی رێوشوێنی خێرا و ده‌ستبه‌جێ بگرێته‌به‌ر كه گره‌نتی ئه‌وه بكات هیچ كچێك ناچار به پشكنینى پاكیزه‌یی نه‌كرێت، چونكه ئه‌وه كارێكى ئازاربه‌خش و ترسناكه، ناكرێت له چوارچێوه‌ى یاسادا جێگه‌ى بكرێته‌وه و پێویسته رێگه‌پێدان به ئه‌و جۆره پشكنینه له دادگاكان‌دا قه‌ده‌غه بكرێت، چونكه هه‌ر ئه‌مه‌یه كه بووه‌ته هۆكارى شوێنه نایاساییه‌كانى دوورینه‌وه‌ى په‌رده‌ى كچێنى كه ژنان هه‌ڵده‌خڵه‌تێنن و ده‌یانكه‌نه قوربانى“.
هه‌ر له‌وباره‌یه‌وه ماریان مولمان، راوێژكار له رێكخراوی شه‌فافیه‌تی نێوده‌وڵه‌تی ئاماژه به‌وه‌ده‌كات، به یاسایی كردنى ئه‌م پشكنینه هۆكارێكه بۆ سه‌رهه‌ڵدانى چه‌ندین كێشه‌ى تر و ده‌ڵێت: ” دڵنیابوونه‌وه له پاكیزه‌یی ژنان له‌به‌ر هه‌ر هۆكارێك بێت كارێكی شیاو نییه، چونكه په‌رده‌ی كچێنی زیانی پێده‌گات، كه‌واته ئه‌و پشكینینه هیچ گرنگییه‌كی نابێت“.
د. نگین جه‌عفه‌ر جه‌خت له‌سه‌ر مامه‌ڵه‌ى دروستى دایك و باوكان و هاوسه‌ره‌كان و هۆشیارییان ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ى نه‌بێته هۆكارى دروستبوونى شوێنه نایاساییه‌كانى دوورینه‌وه‌ى په‌رده‌ى كچێنى و ئاماژه به‌وه‌شده‌كات: “ئه‌گه‌ر كچه‌كه‌م ته‌مه‌نى بگاته 16 ساڵ و خۆشه‌ویستى هه‌بێت، له‌گه‌ڵ خۆشه‌ویسته‌كه‌ى سێكس بكات من ده‌ستى بۆ نابه‌م یه‌ك تاڵێك قژى لێبكه‌مه‌وه، چونكه ئه‌وه به‌شێكه له ژیانى خۆى، به جۆرێك ته‌ماشاى ده‌كه‌م كه خۆشه‌ویستێكى هه‌بوو ئه‌وه‌نده متمانه‌ى پێى هه‌بووه كه به‌شێك له جه‌سته‌ى خۆى له‌گه‌ڵدا تێكه‌ڵكردووه، ئیتر بۆ ده‌بێت بكوژرێت“.
تێبینى:
تیمى رۆژنامه‌نووسانى (SNN) له‌سه‌ر خواستى ئه‌و كه‌سه‌ى كه چیرۆكى دوورینه‌وه‌ى په‌رده‌ى كچێنى خۆى گێڕاوه‌ته‌وه و ئه‌و دوو كه‌سه‌ى كه كارى دوورینه‌وه‌ى په‌رده‌ى كچێنى ده‌كه‌ن ناوى خوازراویان به‌كارهێناوه له‌م بنكۆڵكارییهدا، ناوه راسته‌قینه‌كان لاى (SNN) پارێزراون.
دەربارەی ئێمە
ئەرکمان پێدانی هەواڵی ڕاست و دروستە دەربارەی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بە گشتی، لە ڕێگەی ستانداردەکانمانەوە هەوڵ بۆ باشترینەکان دەدەین.
ئەگەر لەبیرت کرد
وەرزش
-
دیارترین ئەو 5 یاریزانەی مایەپوچبوون
2020-05-26 -
مباپی بڕیارە چاوەڕوان نەکراوەکەی دا
2020-05-17