دەشتی بیتوێن دەتوانێت پێداویستی هەرێمی کوردستان بۆ گوڵەبەڕۆژە پڕبکاتەوە

0
162

SNN-محەمەد مستەفا

دەشتی بیتوێن لە قەزای ڕانیە، یەکێکە لە بەپیتترین دەشتەکانی هەرێمی کوردستان بۆ بەرهەمهێنانی کشتوکاڵ، یەکێک لەو بەرهەمە کشتوکاڵییانەی ئەو دەشتەش کە باشترین جۆری لێ دێتە بەرهەم (گوڵەبەڕۆژە)یە، کە بە نایابترین جۆری گوڵەبەڕۆژە لەسەر ئاستی عێراق دادەنرێت، هاوکات دەشتی بیتوێن لە توانایدایە سەرجەم پێداویستی دانیشتوان و بازاڕەکانی هەرێم بۆ گوڵەبەڕۆژە پڕبکاتەوە .

“بەهۆی گوڵەبەڕۆژەی دەرەکی، گوڵەبەڕۆژەی خۆماڵی نافرۆشرێت  “

هەژار عەباس جوتیارێکی گوندی (قەرەنیاغا) لە دەشتی بیتوێن بە SNN ی راگەیاند: “ساڵانی 1995 تا 2007 زۆرینەی جوتیارانی دەشتی بیتوێن و بەتایبەت گوندی قەرەنیاغا کە زیاتر بە بەرهەمهێنانی گوڵەبەڕۆژە ناسراوە سەرقاڵی چاندنی ئەو بەرهەمە بوون، گوڵەبەڕۆژە بژێوی ژیانی زۆربەی دانیشتوانی گوندەکانی دەشتی بیتوێنی دابین دەکرد، بەنمونە گوندێکی وەک قەرەنیاغا لە نزیکەی 350 جوتیار 250 جوتیار کاری چاندنی گوڵەبەڕۆژەی ئەنجام دەدا، بەڵام ماوەی 7 ساڵە تەنیا نزیکەی 50 تا 100 جوتیار ئەم کارە دەکەن .

هەژار سەبارەت بە هۆکاری ساردبوونەوەی جوتیارانی گوندەکەی دەڵێت: “هۆکارەکە ئەوەیە کە گوڵەبەڕۆژەی دەرەکی وەک گوڵەبەڕۆژەی چینی و تورکی و ئێرانی زۆر هاوردە دەکرێت، بەهۆی هەرزانی نرخەکەشی لەچاو گوڵەبەڕۆژەی خۆماڵی وایکردووە هاووڵاتییان کەمتر خواستیان لەسەر گوڵەبەڕۆژەی خۆماڵی بێت، راستە گوڵەبەڕۆژەی دەرەکی کەمێک نرخی لە گوڵەبەڕۆژەی خوماڵی هەرزانترە بەڵام گوڵەبەڕۆژەی خۆماڵی هەم تامی خۆشترە و هەم تەندروستترە و هەمیش بەرهەمی تازەیە بۆن (خنکی) نیە .

ئەو جوتیارەی گوندی قەرەنیاغا داواکاریشە وەزارەتی کشتوکاڵ بڕیار بدات کە هاوردەکردنی گوڵەبەڕۆژەی دەرەکی قەدەغە بکات بۆ ئەوەی بەرهەمی ناوخۆی جوتیاران ساغببێتەوە، ئەمە جگە لەوەی کە دەشتی بیتوێن دەتوانێت پێویستی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان بۆ گوڵەبەڕۆژە پڕبکاتەوە .

” بەهۆی قەیرانی دارایی ئەمساڵ زیاتر لە پار جوتیاران گوڵەبەڕۆژەیان چاندووە “

مەولود حوسێن جوتیارێکی دەشتی بیتوێنە لە گوندی (کفرە دۆڵ) کە زیاتر لە 4 دۆنم زەوی بە گوڵەبەڕۆژە داچاندووە بە SNN ی راگەیاند: “هەرچەندە بەهۆی گوڵەبەڕۆژەی دەرەکی گوڵەبەڕۆژەی خۆماڵی بێ بازاڕ بێت، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی قوڵبوونەوەی قەیرانی دارایی و بێ مووچەی و نەمانی کاسبی لە بازاڕەکاندا ژمارەیەکی زۆر زیاتری جوتیاران لە چاو ساڵی پار لە دەشتی بیتوێن گوڵەبەڕۆژەیان چاندووە، بەو ئومێدەی کە ئەمساڵ گوڵەبەڕوژەی خۆماڵی بازاڕی هەبێت و جوتیاران بتوانن بڕێک پارە پەیدابکەن .

“هەرچەندە ئێستا سەرەتای وەرزی کوتان و هەڵگرتنەوەی بەرهەمی گوڵەبەڕۆژەیە لە دەشتی بیتوێن و بەرهەمەکە بە تەواوی نەخراوەتە بازاڕ، بەڵام بەگوێرەی وتەی جوتیاران لە ئێستادا نرخی کیلۆیەک گوڵەبەڕۆژەی خۆماڵی به نزیکەی 2500 دینار و بە گوێرەی خواستی بازاڕیش نرخەکەی بەرز دەبێتەوە تا نزیکەی 3 هەزار دینار  ”

”  1700 دۆنم زەوی لە دەشتی بیتوێن بە گوڵە بەڕۆژە چێنراوە “

خدر ئیبراهیم بەڕێوەبەری کشتوکاڵی رانیە بە SNN ی وت: “گوڵەبەڕۆژەی دەشتی بیتوێن نایابترین و باشترین جۆری گوڵەبەڕۆژەی عێراقە و دەشتی بیتوێنیش بەهۆی ئەوەی ئاوی زۆرە باشترین جۆری زەویه بۆ بەرهەمهێنانی گوڵەبەڕۆژە، تواناکەی بە جۆرێکە گەر وەزارەتی کشتوکاڵ تەنیا کەمێک هاوکاری جوتیاران بکات وەک دابینکردنی پەین و بەبازاڕکردنی بەرهەمی ناوخۆیی، ئەوا دەشتی بیتوێن دەتوانێت خواست و پێداویستی هەموو دانیشتوانی هەرێمی کوردستان بۆ گوڵەبەڕۆژە پڕبکاتەوە، جوتیارانی سنوورەکەش شارەزایی زۆر باشیان لە بەرهەمهێنانی گوڵەبەڕۆژەدا هەیە “.

بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ڕانیە باسی لەوەشکرد: “ئەمساڵ لە دەشتی بیتوێن بە گشتی 1700 دۆنم زەوی بە گوڵەبەڕۆژە چێنراوه، ئەگەربێت و حکومەتی هەرێم رێگری بکات لە هاوردەکردنی بەرهەمی گوڵەبەڕۆژەی دەرەکی ئەوا ئەو ژمارەیه زۆر زیاتر دەبێت و جوتیاران دەتوانن وەک سەرچاوەی داهات پشتی پێ ببەستن و دەشتی بیتوێن دەبێتەوە سەرچاوەی سەرەکی بەرهەمهێنانی گوڵەبەڕۆژە لە هەرێمی کوردستان”.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this