لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی رێكارى نوێى تایبه‌ت به‌ جه‌ژنى قوربان راگه‌یاند

0
287
ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى | فۆتۆ: SNN

SNN

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌، لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی به‌ سه‌رپه‌رشتى هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر، پارێزگارى سلێمانى كۆبووه‌وه‌ و چه‌ند رێكارێكى نوێى تایبه‌ت به‌ جه‌ژنى قوربان بڵاوكرده‌وه‌.

له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا كه‌ كه‌مێك له‌مه‌وبه‌ر له‌و باره‌یه‌وه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ هاتووه‌، “لە رۆژانی جەژنی قورباندا، سەردانکردن و تێکەڵاوبوون و بەریەککەوتن و کۆبوونەوەو قەرەباڵغی قەدەغەن، چوونە سەرقەبران و پرسەدانان و نۆجەژن قەدەغەیە، هەموو ئاهەنگ و بۆنە و یادێکی خۆشیی و ناخۆشیی کە تێکەڵاوبوون و بەریەککەوتن دروست بکات قەدەغەیە، قوربانیکردن دەبێت لە قەسابخانەکاندا بکرێن و بۆ ئەم مەبەستە قەسابخانەکان لە رۆژانی جەژندا لەژێر چاودێری بەڕێوەبەرایەتی ڤێتێرنەری سلێمانیدا بە مەرجە تەندروستییەکان کراوە دەبن، قوربانیکردن لە شەقام و کۆڵان و گەڕەک و شوێنە گشتییەکاندا بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە، زانایانی ئاینی ئیسلام و بانگبێژی مزگەوتەکان لەکاتی بانگی نوێژەکاندا لە بڵندگۆی مزگەوتەکانەوە داوای پابەندیی و خۆپارێزیی تەندروستیی لە هاووڵاتیيان دەکەن”.

ده‌قى رێكاره‌كان

بۆ/ هەموو یەکە کارگێڕیی و فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی
بابەت/ گشتاندن

ئەمڕۆ (27/ 7/ 2020)، پارێزگاری سلێمانی لە دیوانی پارێزگادا سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا و لیژنەی باڵای ئارامیی پارێزگای سلێمانی و لیژنەی ئارامی شاری سلێمانی کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا پاڵپشت بە بەیانی ژمارە (44)ی ساڵی (2020)ی وەزارەتی ناوخۆ و راسپاردەکانی کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی هەرێمی کوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە رۆژی (21/ 7/ 2020)و بەکۆی دەنگی ئامادەبووان، بڕیاردرا:
١- جەختکردنەوە لەسەر جێبەجێکردنی بەیانی ژمارە (44)ی ساڵی (2020)ی وەزارەتی ناوخۆ، بە هەموو بڕگە و خاڵەکانیەوە.
٢- جەختکردنەوە لەسەر پێویستی بەردەوامبوونی هاووڵاتیيان لەسەر خۆپارێزیی و خۆچارەسەرکردن و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری تەندروستی و خۆپارێزیی، کە ئەمانە دەبنە زامنی ئەوەی دۆخی تەندروستی پارێزگاکەمان لەدوای (15/ 8/ 2020)وە بەرەو قۆناغێکی زۆرباشتر بڕوات.
٣- لە رۆژانی جەژنی قوربانی پیرۆزدا، سەردانکردن و تێکەڵاوبوون و بەریەککەوتن و کۆبوونەوەو قەرەباڵغی قەدەغەن.
– چوونە سەرقەبران و پرسەدانان و نۆجەژن قەدەغەیە.
– هەموو ئاهەنگ و بۆنەو یادێکی خۆشیی و ناخۆشیی کە تێکەڵاوبوون و بەریەککەوتن دروست بکات قەدەغەیە.
– قوربانیکردن دەبێت لە قەسابخانەکاندا بکرێن و بۆ ئەم مەبەستە قەسابخانەکان لە ڕۆژانی جەژندا لەژێر چاودێری بەڕێوەبەرایەتی ڤێتێرنەری سلێمانیدا بە مەرجە تەندروستیەکان کراوە دەبن.
– قوربانیکردن لە شەقام و کۆڵان و گەڕەک و شوێنە گشتییەکاندا بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە.
٤- بەڕێزان زانایانی ئاینی یٔیسلام و بانگبێژی مزگەوتەکان لەکاتی بانگی نوێژەکاندا لە بڵندگۆی مزگەوتەکانەوە داوای پابەندیی و خۆپارێزیی تەندروستیی لە هاووڵاتیيان دەکەن.
٥- هاتنی گەشتیار بۆ سنووری کارگێڕی پارێزگای سلێمانی لە پارێزگاکانی تری هەرێمی کوردستان و عێراق و کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە قەدەغەیە.
٦- سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی و بەشی لابردنی زیادەڕەویی شارەوانیی بەپێی یاساو رێنماییەکان رێکاری پێویست بەرامبەر هەر سەرپێچی و لادان و زیادەڕەوییەک دەگرنەبەر و ئەرکی هەموو هاووڵاتیيان و دامودەزگا حکومییەکان و دامەزراوە دادوەرییەکان و کەرتی تایبەتە هاوکارو هەماهەنگیان بن.
٧- لیژنەی تایبەت بە بەدواداچوون و چاودێریکردن و لێپرسینەوە لەسەر ئاستی یەکە کارگێڕییەکان پێکدەهێنرێت بۆ چاودێریکردنی ئاستی پابەندبوونی فەرمانگا دەوڵەتییەکان بە بڕیارو رێکار و رێنماییە تەندروستییەکانەوەو سەرپێچیکارو کەمتەرخەم رووبەڕووی رێکاری کارگێڕی و یاسایی دەکرێتەوە.
٨- دەسەڵاتی تەواو دەدرێت بە سەرۆکی یەکە کارگێڕییەکان لە سنووری پارێزگای سلێمانی بۆ دەرکردنی هەر رێکارو رێنماییەکی پێویست بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا و بەڕێوەبردنی شیاوانەی جەژنی قوربانی پیرۆز.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this