بنەماڵەکەی: مردنی کاوە حەمەئەمین پەیوەندی بە دۆخی داراییەوە نەبووە

0
424

SNN

دوای ئەوەی کاوە حەمەئەمین، بەرکەوتووی چەکی کیمیایی گیانیلەدەستدا، نامەیەک بەناوی ئەو هاووڵاتییەوە بڵاوکرایەوە کە گوایە بەهۆی خراپی دۆخی داراییەوە خۆیکوشتووە، بنەماڵەکەشی لە روونکردنەوەیەکدا دەڵێن: “گومان دەکەین کاوە خنکێندرابێت نەک خۆی خنکاندبێت و مردنیشی پەیوەندی بە دۆخی داراییەوە نییە”.

لە روونکردنەوەیەکدا، کە دوو خوشکی کاوە حەمەئەمین بڵاویانکردەوە، بە ناوەکانی، شنۆ و رۆشنا حەمەئەمین، ئەوە هاتووە: “كاوە دۆخی دارایی باش بووە و خاوەنی چوار مووچە بووە، بە بڕەكانی 400 هەزار دینار برینداری چەكی كیمیاوی، 150 كەمئەندامی 250 هەزار دینار زیندانییانی سیاسی 100 هەزار شەهیدانی دایكی، هاوكات مانگانە ‌بڕی 400 هەزار دیناری وەكالەتی كردبویەوە بۆ خێزانی بە بەڵگەوە تەنها بۆ كرێ خانوەكەی و كارەبای مولیدە”.

ئەوەشیان بڵاوکردووەتەوە: “كاوە كێشەی خێزانی هەبووە لەگەڵ هاوسەرەكەی نەدەژیا، سێ‌ منداڵی هەبوو، زۆر بێتاقەت بوو بۆ منداڵەكانی، پێشتر هاوسەرەكەی دەیوت: كێشەی دارایمان نییە، بەڵام لەگەڵ كاوە ناگونجێم و نایەمەوە. بەڵام ئێستا لەدوای گیانلەدەستدانی كاوە هاوسەرەكەی دەڵێت: كێشەم داراییە. ئەمە دوورە لە راستییەوە، هاوكات بۆ هەموولایەكی رووندەكەینەوە كاوە هیچ نوسراوێكی جێنەهێشتووە لەپاش خۆی تەنانەت كاوە خوێنەواری باش نەبووە‌ نەیزانیوە بنوسێت، هەركەسێك ئەونامەی نوسیووە دەبێت روونیبكاتەوە چ مەرامێكی هەبووە”.

هەر لە روونكردنەوەكەدا ئەوەش هاتووە: 10 رۆژ پێش ئێستا كاوە وتی: “پەلاماریانداوم لە پشت باخی گشتی”، بە بۆكس خەنجەر لێیان دابوو، شوێنەواری پێوە بوو، وتبووشی: ئەو كەسانەی لێیانداوم دەمووچاویان هەڵبەستبوو، بە ئۆتۆمبێل كەوتونەتە دوام”. پێشتریش پێشتر چەند جارێك بە ئاشكرا ماڵی خەزوری لێیانداوە، بۆیە ئێمە گومانمان هەیە براكەمان خنکێندرابێت.

بنەماڵەی كاوە وتوشیانە: “كاوە كێشەی لە گەڵ هیچ حزب و لایەنێك نەبووە تەواوی ئەو قسانەی ناو نامەكە رەتدەكەینەوە نامەی براكەی ئێمە نەبووە، وەك نوسیومانە كاوە خوێنەواری باش نەبووە، نەیزانیووە بنوسێت و تەواوی شتەكانی ئێستا لای پۆلیسە و جگە لە مۆبایل و وەرەقەیەك کە ژمارە تەلەفۆنی لەسەرە هیچی دیكەی پێنەبووە بۆیە پێویست ناكات كەس دەستی هاوكاری بۆ منداڵانی درێژبكات، چونكە هەموو كەس ئێمە دەناسێت و براكەشمان دۆخی دارایی باشبووە پێویست بە هاوكاری كەس نەبووە منداڵەكانیشی لەمەودواش پێویستییان بە هاوكاری كەس نییە، دایكیشیان ئەگەر ناتوانێت بەخێویان بكات ئەوە بیانداتەوە بەخۆمان ئێمە منداڵی خۆمانن و خۆمان بەخێویان دەكەین”.

لەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی گیانلەدەستدانی ئەو هاووڵاتییە، نامەیەک بەناوی کاوەوە بڵاوبووەوە کە تیایدا سوکایەتی بە یەکێتی و پارتی کرابوو، هەروەها هۆکاری “خۆکوشتن”ی بۆ “نەبوونی و خراپی دۆخی دارایی گەڕاندووەتەوە”، دوێنێش پۆلیسی هەڵەبجە رایگەیاند، کاتێک هێزەکانیان چوونەتە سەر تەرمەکەی هیچ نامەیەکی پێنەبووە.

ئەو نامەیەی کە دەوترێت بەناوی کاوەوە بڵاوبووەتەوە، کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و دوێنێش لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان وەک نموونەیەک بۆ خراپی دۆخی هاووڵاتییانی هەرێم و زیادبوونی حاڵەتەکانی خۆکوشتن بەهۆی دۆخی داراییەوە باسی لێوەکرا.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this