سیستمی عەلوەکان و هاوردەی بەرهەمی دەرەکی شکستیان بە بازاڕکردنی بەرهەمی جوتیاری خۆماڵی هێناوە

0
153

SNN-محەمەد مستەفا

بەهۆی نەبوونی سیستمی بە بازاڕکردنی بەرهەمی خۆماڵی جوتیاران، ساڵ لە دوای ساڵ جوتیارانی هەرێمی کوردستان زیاتر تووشی زیانی دارایی دەبن و بەرهەمەکانیشیان لە کاتی پێگەیشتن پارە ناکات و بەشێکی زۆری بەرهەمەکانیان فڕێ دەدەن، شارەزایەکی کشتوکاڵیش پێی وایە “سیستمی ئێستای عەلوەکانی هەرێم و هاوردەی بەرهەمی کشتوکاڵی دەرەکی شکستیان بە بازاڕکردنی بەرهەمی ناوخۆی هێناوە “.

” گەر هاوکاری جوتیاران بکرێت داهاتی کشتوکاڵ لە داهاتی نەوت کەمتر نییە”

ساڵح حسێن ئەندازیاری کشتوکاڵی و بەڕێوەبەری پێشووی کشتوکاڵی ڕانیە بە SNN ی راگەیاند: ئیدارەی ڕاپەڕین ناوچەیەکی کشتوکاڵی گرنگە لەسەر ئاسی هەرێمی کوردستان لەدوای ڕاپەڕینەوە تا ساڵی 2005 بەشێکی زۆری دانیشتووانی سنوورەکە بژێوی ژیانیان لەسەر کشتوکاڵ کردن بوو، بەڵام پاشان بە کۆمەڵێک هۆکار کەرتی کشتوکاڵی سنوورەکە رووی لە پاشەکشەیەکی زۆر کرد، بەڵام ئەوەی ئێستا تێبینی دەکرێت هاووڵاتییان دەیانەوێت کشتوکاڵ کردن بکەنەوە بە سەچاوەی داهاتی خۆیان بەو پێیەی کە ئێستا قەیرانی داراییە ناتوانرێت پشت بە مووچە ببەسترێت” .

ساڵح حسێن باس لەوەش دەکات : “ئەگەربێت حکومەت سیستمی بە بازارکردنی بەرهەمی جوتیاران پەیڕەو بکات سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین لە توانایدایە بەشێکی زۆری خواستی ناوخۆی هەرێم بۆ بەرهەمە کشتوکاڵیەکان پڕ بکاتەوە چونکە دەشتی بیتوێن و سنووری قەزای پشدەر زەویەکانیان زۆر بە پیتن بۆ کشتوکاڵ بەشێکی زۆری زەویەکانی بەراون، بۆیە دەکرێت حکومەت بە پلانێکی تۆکمە هاوکاری جوتیاران بکات و کشتوکاڵ بکاتە سەرچاوەیەکی گەورەی داهات بۆ هەرێمی کوردستان، چونکە داهاتی کەرتی کشتوکاڵی لە داهاتی نەوت کەمتر نییە”

” سیستمی ئێستای عەلوەکان، سیستمێکی شکیتخواردووە و لە قازانجی جوتیاران نییە ”

ئەحمەد تاهیر، شارەزای کشتوکاڵی لە وەزارەتی کشتوکاڵ بە SNN ی راگەیاند : سێ هۆکاری سەرەکی هەیە رێگری دەکات لە بە بازاڕکردنی بەرهەمی خۆماڵی جوتیاران ئەوانیش بریتین لە هاوردەی بەرهەمی دەرەکی و سیستمی ئێستای عەلوەکان و هاوکاری نەکردنی جوتیاران لە لایەن حکومەتی هەرێمەوە، بەهۆی ئەوەی لە هەموو وڵاتان حکومەت هاوکاری جوتیاران دەکات بەرهەمی هەر وڵاتێک بێتە ناوخۆی هەرێمەوە نرخەکەی لە بەرهەمی کشتوکاڵی خۆماڵی هەرزانترە ئەمەش وا دەکات بەرهەمی ناوخۆ ساغ نەبێتەوە، بەهۆی ئەوەی جوتیاری کورد هەموو خەرجی وەبەرهێنانی بەرهەمەکەی لە ئەستۆی خۆیەتی بۆیە ناچارە بە نرخی گرانتر لە نرخی دەرەکی بەرهەمەکەی بفرۆشێت.

وتیشی ” یەکێکی تر لە هۆکارەکان خراپی سیستمی ئێستای عەلوەکانە کە لە هەرێمی کوردستان پەیڕەو دەکرێت ئەم جۆرە سیستمە شکستی هێناوە ناکرێت چیتر حکومەت رێگا بدات ئەم سیستمە پەیڕەو بکرێت، دەبێت حکومەت رێگا خۆش بکات بۆ دەست بەکاربوونی کەرتی تایبەت بە جۆرێک کۆمپانیاکان لەگەڵ جوتیاران رێکبکەون و بەرهەمەکانیان لێبکڕنەوە لە جیاتی ئەوەی جوتیار لە عەلوەکان چاوەڕێ بکات تا بەرهەمەکەی دەفرۆشێت، گەر کۆمپانیاکان بێنە ناو ئەم بوارە ئەوا کۆمپانیاکان هاوشێوەی وڵاتانی پێشکەوتوو دەتوانن بە شێوەی قەرز هاوکاری جوتیاران بکەن بۆ ئەوەی جوتیاران باشترین بەرهەمی کشتوکاڵیان هەبێت “.

ئەو شارەزایەی کشتوکاڵ باس لەوەش دەکات : تا ئێستاش لە زۆربەی عەلوەکانی هەرێم ساردخانەیان تێدا نییە کە ئەمەش گرفتێکی تری جوتیارانە و جوتیاران ناتوانن بەرەهەمەکانیان هەڵبگرن بۆیە بەناچاری یان هەرزان فرۆشی دەکەن یاخود بەرهەمەکەیان بە فێرۆ دەچێت .

ئەحمەد تاهیر دەشڵێت ” وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوکانی ئاو لە بەرنامەیدایه کار بکات بۆ بە بازاڕکردنی بەرهەمی جوتیاران بەڵام ئەم کارە پێویستی بە رێنمای تایبەت و بودجەی تایبەتە بۆیە دەبێت سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم هاوکاری وەزارەتی کشتوکاڵ بن بۆ ئەوەی بتوانرێت وەزارەتی کشتوکال خۆی سەرپەرشتی بە بازاڕکردنی بەرهەمی ناوخۆی جوتیاران بێت “

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this