هاوردەکردنی ئاژەڵی ئێرانی بە قاچاغ بازاڕی بەرووبوومی خۆماڵی لاوازکردووە

0
1138

SNN-عەلی حەمە سەعید

لەگەڵ نزیكبوونەوەی جەژنی قوربان، ژمارەیەکی زۆر لە ئاژەڵی ئێرانی هاوردەی هەرێم کراون و ئەوەش نرخی ئاژەڵی کەمکردووەتەوە، هاووڵاتییانیش دەڵێن سەرباری کەمبوونەوەی نرخەکەشی کڕینی ئاژەڵ بۆ قوربانیکردن کەمبووەتەوە.

یەكێك لەو هاووڵاتییانەی كە بەشێوەی نایاسایی (قاچاغ) ئاژەڵ لە ئێرانەوە هاوردەدەکات بە SNNی راگەیاند: “ساڵانە بە دوو هەفتە پێش هاتنی جەژنی قوربان ئێمە هاوردەكردنی ئاژەڵی قوربانی زیاتر دەكەین، چونكە لە جەژندا خواست لەسەر ئاژەڵ زیاددەكات، بۆ ئەمساڵیش لە سنوورەكانی هەڵەبجە و دەریاچەی سیروانەوە بڕێكی زۆر ئاژەڵی گەورە و بچوك هاوردەكراون كە بۆ قوربانیكردن دەگونجێن”.

زیاتر خواست لەسەر ئاژەڵی ئێرانی هەیە وەک لە ئاژەڵی خۆماڵی

ئاماژەی بەوەشكرد: “نرخی ئەم ئاژەڵانە بە بەراورد بە ئاژەڵی خۆماڵی كەمتر لەسەر هاووڵاتییان دەكەوێت، بە جۆرێك ئێمە كیلۆیەك لە مەڕ و بزن بە زیندوویی بە نرخی چوار هەزار و 700 دینار دەفرۆشین بەو كەسانەی كە لە مەیدانەكان كاری فرۆشتنی ئاژەڵ دەكەن، ئەوانیش كیلۆی بە پێنج تا پێنج هەزار و 250 دینار دەفرۆشنەوە بە هاووڵاتییان، لە كاتێكدا ئاژەڵی خۆماڵی لە ئێستادا كیلۆی بە پێنج هەزار و 500 دینارە و هەندێك جاریش تا شەش هەزار دینار دەفرۆشرێت، بۆیە ئەمە وایكردووە كە خواست لەسەر ئاژەڵی ئێرانی زیاتر بێت لە مەیدانەكانی ئاژەڵفرۆشتندا”.

ستار عەلی، یەكێك لەو هاووڵاتییانەی كە لە مەیدانی فرۆشتنی ئاژەڵدا كاری فرۆشتنی ئاژەڵ دەكات، بۆ  SNNی روونكردەوە: بۆ ئەمساڵ بەهۆی بەردەوامی قەیرانی دارایی و دابەشنەكردنی مووچە لەكاتی خۆیدا پێشبینی دەكەین هاووڵاتییان خواستی زۆریان لەسەر كڕینی ئاژەڵ نەبێت بۆ مەبەستی قوربانیكردن، چونكە خەڵك توانای‌ كڕینی‌‌ ئاژەڵی‌ نییە، هەرچەندە بەشێكی زۆری هاووڵاتییان ئارەزوو دەكەن قوربانیكردن وەك ئەركێكی ئاینی لەسەر شانیان جێبەجێیبكەن.

 بەهۆی دابەشنەکردنی مووچەوە خواست لەسەر ئاژەڵ کەمە

ئەوەشی خستەڕوو: ئەمڕۆ نرخی‌ كیلۆیەك ئاژەڵ بە زیندوویی كە بۆ قوربانیكردن گونجاوبێت بە پێنج هەزار و 500 دینار دەستدەكەوێت كە زۆربەی ئەو ئاژەڵانەش لە ئێرانەوە هاوردەكراون بۆیە ئەگەر كەسێك بیەوێت ئاژەڵێكی‌ بچووك بكاتە قوربانی‌، ئەوە 200 بۆ 250 هەزار دیناری‌ پێویست دەبێت، بەڵام لە سێیەم رۆژ و چوارەم رۆژی جەژندا كەمێك گۆڕانكاری بەسەر نرخی ئاژەڵدا دێت و نرخەكەی هەرزانتر دەبێت ئەوەش كەوتوەتە سەر ئەو كەسانەی كە قوربانییەكە دەكەن.

بۆ ئەمساڵ لیژنە هاوبەشەكان لە شار و شارۆچكەكانی كوردستان، سەربڕینی ئاژەڵیان لە دەرەوەی سەربڕخانەكان قەدەغەكردووە، لە بەرامبەریشدا كردنەوەی سەربڕخانەكانیان لە یەكەم رۆژی جەژن تا چوارەم رۆژ بە كراوەیی دەهێڵنەوە.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this