نەخۆشی (ڕەقە و كەڕوو) شوتی هەڵەبجە لەناودەبات

0
212

SNN-عەلی حەمە سەعید

بەهۆی بڵاوبوونەوەی دووجۆر نەخۆشی لە كێڵگە كشتوكاڵییەكانی بەهەمی شوتی لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە بووەتە هۆی لەناوچوونی بەسەدان تەن لە بەرهەمی شوتی جوتیاران، بەرپرسێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵیش هۆكاری سەرهەڵدانی ئەو نەخۆشییە دەخاتەڕوو.

ئەمیر ڕەمەزان، یەكێك لەو جوتیارنەی كە نزیكەی 10 دۆنم زەوی كشتوكاڵی بە شوتی چاندووە بە SNNی راگەیاند: ئەمساڵ بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەوە بەرهەمی شوتی زۆربەی جوتیارانی سنووری پاێزگای هەڵەبجە لەناوچوون و زیانێكی مادی زۆرمان پێگەیشتووە، لە كاتێكدا بەرهەمی شوتییەكەمان نزیك بوویەوەی لەوەی كە كۆی بكەینەوە و بیخەینە بازاڕەوە، بەڵام بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكراو سەرجەمیان وشكبوون و لەناوچوون.

ئاماژەی بەوەشكرد، تەنها بەرهەمی شوتی كێڵگەكەی من نییە بەوجۆرە لەناوچووبێت بەڵكو و بەرهەمی زۆربەی جوتیارانی دیكەی سنوورەكە بەهەمان شێوە لەناوچوون كە بەسەدان تەن شوتی دەبێت و بە دەیان ملیۆن دینار زیانمان بەركەوتووە، لە كاتێكدا هاوشێوەی ساڵانی رابردوو خزمەتی كێڵگەكەمان كردووە بەڵام ئەمساڵ نەخۆشی نەیهێشت لە بەری ڕەنج و ماندووبونمان بخۆین، بەتەواوتەی كێڵگەكانمان جێهێشتووە.

شەریف مەحمود، لێپرسراوی بەشی پاراستنی رووەك لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵی هەڵەبجە بە SNNی راگەیاند: چەند ساڵێكە بەرهەمی شووتی لە سنووری دەشتی شارەزوور بە شێوەیەكی فراوان دەكرێت و بەهۆی تۆوێكی تایبەتەوە كە جووتیاران بەكاریدەهێنن زیادی كردووە، بەڵام ئەمساڵ نەخۆشی زیانی زۆری بە بەرهەمی شوتی گەیاندووە.

ئاماژەی بەوەشكرد، “ئەمساڵ لە دەشتی شارەزوور و سنووری پارێزگای هەڵەبجە دوو جۆر نەخۆشی بڵاوبوونەتەوە كە جۆری یەكەم نەخۆشی (ڕەقە) ناسراوە و جۆركەی دیكەشیان نەخۆشییەكی (كەڕوو)ە، ئەم نەخۆشییە لەهەر كاتێكدا لە شووتی بدات، ئەگەر لە ماوەی سێ ڕۆژ فریای بكەوی دەتوانی بە دەرمان لە ناوی بەریت، بەڵام بەهۆی ئەوەی جووتیارەكان درەنگ سەردانی زەوییەكانیان كردووە، بووەتە هۆی خێرا بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییە زیانی زۆری بە كێڵگە كشتوكاڵییەكانی شووتی گەیاندووە.

لێپرسراوی بەشی پاراستنی رووەك لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵی هەڵەبجە رونیشیکردەوە، دەكرا لەسەرەتای سەرهەڵدانی نەخۆشییەكە بە دەرمانی دژە كەڕوو ڕێ لە گەشەكردنی ئەو جۆرە نەخۆشییە بگیرایە بەڵام پاش چەند رۆژێك لە بڵاوبوونەوەی بەكارهێنانی دەرمان هیچ سودێكی نابێت.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this