پارکێک لەبری دروستکردنی کەشێکی خۆش بووەتە مایەی ناڕەحەتی هاووڵاتییان

0
508

SNN-عەلی حەمە سەعید

پاركی گشتی سەیدسادق ماوەی 10 ساڵە داخراوە و هاووڵاتییان ناتوانن سودی لێوەربگرن و ئەو كەرەستە و یارییانەشی كە تیایدان سەرجەمیان شكینراون و پاركەكە بووەتە وێرانە، ئەوەش لە ئەنجامی جێبەجێنەكردنی ناوەڕۆكی گرێبەستێك كە لە نێوان بەڵێندەرێك و سەرۆكایەتی شارەوانی سەیدسادق واژووی لەسەركراوە.

پاركی گشتی سەیدسادق، دەكەوێتە گەڕەكی بەختیاری قەزای سەیدسادق و لەسەر رووبەری 25 دۆنم زەوی دروستكراوە، بە گوێرەی گرێبەستێك بۆ ماوەی 20 ساڵ دراوەتە بەڵێندەرێك بە كرێی ساڵانەی 46 ملیۆن دینار، بەڵام تا ئێستا ئەو بەڵێندەرە پابەند نەبووە بەو گرێبەستەوە و زیاد لە 186 ملیۆن دینار قەرزاری شارەوانییە و پاركەكەش بە داخراوی ماوەتەوە.

لە هەموو شارێكدا دروستكردنی پارك و شوێنەكانی حەوانەوە دەبنە مایەی خۆشگوزەرانی بۆ دانیشتووانی ئەو سنوورە جگە لە پارکەکەی ئێمە

ئامینە محەمەد، یەكێك لە دانیشتووانی گەڕەكی بەختیاری نزیك لە پاركی گشتی سەیدسادق بەSNN ی راگەیاند: لە هەموو شارێكدا دروستكردنی پارك و شوێنەكانی حەوانەوە دەبنە مایەی خۆشگوزەرانی بۆ دانیشتووانی ئەو سنوورەی كە پاركەكەی تیادا دروستدەكرێت، بەڵام بۆ ئێمە بە پێچەوانەوە ماوەی چەند ساڵێكە بەهۆی ئەم پاركەوە ژیانمان تەواو ناڕەحەت بووە، چونكە لەبری ئەوەی تیایدا پشوویەك بدەین بووەتە جێگەی بەخێوكردنی ئاژەڵ و بۆن و بەرامێکی ناخۆشی بەناو ئەم گەڕەكەدا بڵاوكردووەتەوە، بۆیە داواكارین لە بەرپرسانی حكومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان ئاوڕێك لەم پاركە بدەنەوە و لەم وێرانەیە رزگاریبكەن.

ئاماژەی بەوەشكرد: ئەوەی جێگەی نیگەرانییە نزیكەی 10 ساڵە ئەم پاركە داخراوە هیچ هاووڵاتییەك سودی لێنابینێت و حكومەتیش نەیتوانیوە چارەسەری ئەو كێشە و گرفتانە بكات كە لەم پاركەدا بوونیان هەیە، ئەمەش وایكردووە رۆژ لەدوای رۆژ ناو پاركەكە و ئەو دارودرەخت و سەوزاییەی هەیبوو لەناو بچێت و بە كەڵكی ئەوە نەیەت مرۆڤ سەردانی بكات، چەندین جار سەردانی شارەوانیمان كردووە و لەگەڵ قایمقامیش كۆبوینەتەوە بەڵێنی چارەسەركردنی گرفتەكەیان پێداوین كە گوایە پاركەكەمان بۆ دەكەنەوە، بەڵام تا ئێستاش هەر بەداخراوی ماوەتەوە.

بەڵێندەرەکە پابەندی ناوەڕۆکی گرێبەستەکە نەبووە

نەبەرد حەسەن، سەرۆكی شارەوانی سەیدسادق بە SNNی  راگەیاند: پاركی گشتی سەیدسادق لە ساڵی 2010 وە بە گوێرەی گرێبەستێك دراوەتە بەڵێندەرێك بۆ ماوەی 20 ساڵ بە كرێی ساڵانەی 46 ملیۆن دینار، سەرەتا بەڵێندەرەكە بۆماوەی دوو ساڵ دەستی بە كاركردن كرد لە پاركەكەدا تا رادەیەك هاووڵاتییان روویان لە پاركەكە دەكرد، بەڵام دواتر ئەو بەڵێندەرە ئامادە نەبوو پابەند بێت بە ناوەڕۆكی گرێبەستەكەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد: لە ساڵی 2014 نامەی ئاگاداركردنەوەمان ئاراستەی ئەو بەڵێندەرە كرد كە ئەو بڕی پارەیەی لایەتی رادەستی شارەوانی بكات و كەموكورتییەكانی پاركەكە چاكبكاتەوە، بەڵام پێوەی پابەند نەبوو، بۆیە هەر بەم جۆرە مایەوە تا بە تەواوی لە ساڵی 2014 پاركەكە داخرا، ئێمەش لە ساڵی 2016 لە دادگا بە فەرمی سكاڵامان لەسەر ئەو بەڵێندەرە تۆماركرد و پاش چەند دانیشتنێك دادگا بڕیاریدا بە پێدانی 186 ملیۆن دینار لەلایەن ئەو بەڵێندەرەوە بە سەرۆكایەتی شارەوانی، بەڵام تا ئێستا بەو بڕیارەشەوە پابەند نەبووە.

بەڵێندەرەکە پابەندی بڕیارێکی دادگا بۆ قەرەبووکردنەوەی شارەوانی نەبووە

سەرۆكی شارەوانی ئەوەشی وت: ئێستا ئێمە داوامان لە دادگا كردووە كە ئەو گرێبەستەی لە نێوان ئێمە و ئەو بەڵێندەرەدا هەیە هەڵبوەشێتەوە و قەرەبووی زیانەكانی پاركەكەش بكەوێتە ئەستۆی بەڵێندەرەكەوە، بۆیە چاوەڕێی دانیشتنی داهاتووی دادگا دەكەین كە وابڕیارە لە مانگی ئەیلولی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت بۆ ئەوەی بڕیار بدرێت بە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكە.

SNN پەیوەندیكرد بەو بەڵێندەرەی پاركی گشتی سەیدسادقی وەرگرتووە بەڵام بە بیانووی ئەوەی هێشتا دۆسیەكە لە دادگایە و بڕیاری كۆتایی لەبارەوە نەدراوە ئامادە نەبوو هیچ لێدوانێك بدات.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this