کازمی پێشوازی لە ژمارەیەک رزگاربووی ئێزدی دەکات و بەڵێنیان پێدەدات

0
156

SNN

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكوەزیرانی عێراق رایگەیاند: مستەفا كازمی پێشوازی لە ژمارەیەك لە كچان و كوڕانی رزگاربووی كوردانی ئێزدیی لە قەزای شەنگال و گوندی كۆجۆ و ناوچەكانی دەوروبەری كرد، وێرای بەخێرهاتنیان، یادی ئەو تاوانە وەحشیگەرییانەی تیرۆرستانی داعشی كردەوە كە لە 3ی ئابی ساڵی 2014 دا دەرهەق بە كوردانی ئێزدیی كران، و ئاماژەشی بە دۆخی سەختی ژیان و گوزەرانی ئێزدییەكان دا كە لەدوای ئازادكردنی ناوچە و گوندەكانیان بەسەریان بردوە.

ئاماژەی بەوەشدەکات ” كازمی تەئكیدیكردوەتەوە، ئەوەی بەسەر هاووڵاتیانی ئێزدیدا هات، ئێش و ئازاری سەرجەم عێراقییەكانە، كە هەرگیز دوبارە نابێتەوە، تاوانێكی قێزەونە كە بوە مایەی گرنگی و سۆزی رای گشتی جیهان، لەبەرامبەر ئەو تاوانە قێزەونانەی بەرامبەریان كرا، سەرتاپای جیهان لەگەڵ پرسە رەواكەیاندا وەستان”.

دەشڵێت “كار لەسەر بەزیندوهێشتنەوەی ئەو تاوانە دەكەین، تاوەكو نەوەكانی داهاتو ئاگاداری تاوانی وەحشیگەرانەی تیرۆرستانی داعش بن و ئازایەتی هێزە ئەمنییەكان و سەركەوتنیان بەسەر تیرۆرستاندا لەبیرنەچێت، كە توانییان ناوچەكان لە ژێر دەسەڵاتی ئەو تاقمە مرۆڤ كوژە رزگار بكەن و پارێزگاری لە یەكێتی و سەروەری خاكی عێراق بكەن”.

هەر بەپێی راگەیەندراوەكە، كازمی بەوەفدی كوردانی ئێزدی راگەیاندوە عێراق وڵاتی خۆتانە، حكومەت سورە لەسەر خزمەتكردن و پاراستنی پێناسەی سەرجەم پێكهاتەكانی گەلی عێراق، بونی فرە ئیتنیكی و پێكهاتەی جۆراوجۆر لەعێراق، خاڵی بەهێزن بۆ عێراق.

لە كۆتایی راگەیەندراوەكەدا هاتووە،”كازمی بەڵێنیدا كە هەوڵی جددی بدرێت بۆ گەڕان بەدوای رفێندراوانی ئێزدیی، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش كار بۆ گەڕاندنەوەیان بۆ ناو كەسوكاریان بكرێت، تەئكیدیشیكردەوە، دەبێت دادپەروەری رێگەی خۆی بگرێت، ئەوەی بەسەر ئێزدییەكاندا هات تاقیكردنەوەیەكی قورسبوو، بەڵام ئازار و مەینەتییەكانیان دەكەینە هیوا بۆ داهاتوییەكی باشتر و پرشنگدار بۆ وڵات، كە تێیدا بەبێ‌ جیاوازی رێز لەهاوڵاتییەكانی بگیرێت و شكۆ و كەرامەتیان بپارێزرێت.”

 

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this