سبه‌ى یه‌كێتى و پارتى ئاماده‌كارییه‌كانى كۆبوونه‌وه‌ى نێوانیان ده‌ستپێده‌كه‌ن

0
381
لۆگۆى یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان و پارتى دیموكراتى كوردستان | فۆتۆ: SNN

SNN – عەلی حەمە سەعید
سكرتێری ئەنجوومەنی گشتی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت: سبەى لەگەڵ پارتی دیموكرتی كوردستان دەستبە پەیوەندییەكانمان دەكەینەوە بۆ دیاریكردنی وادە و شوێنی كۆبوونەوە نێوانمان، دەشڵێت: “ئه‌م جاره‌ نامانەوێت تەنیا لەسەر ئاستی ناوخۆی هەرێم لەگەڵ پارتی رێكبكەوین، به‌ڵكو ده‌مانه‌وێت له‌سه‌ر پرسه‌ باڵاكانى تریش قسه‌ بكه‌ین”.

فەرید ئەسەسەرد، سكرتێری ئەنجوومەنی گشتی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە SNNی راگەیاند: “پێش پشووی جەژنی قوربان لەگەڵ پارتی پەیوەندی و گفتوگۆمان هەبوو بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەی نێوان هەردوولامان لەسەر ئاستی باڵا، بەڵام بەهۆی پشووی جەژنەوە نەمانتوانی وادەیەك دیاریبكەین، بۆیە لە سبەیەوە جارێكی دیكە پەیوەندییەكانمان لەگەڵ پارتی دەستپێدەكەینەوە بۆ دیاریكردنی وادەیەك بۆ كۆبوونەوە و دیاریكردنی شوێنی كۆبوونەوەكانیشمان”.

وتیشى: “بۆ ئەم قۆناغەی هەرێمی كوردستان و ناوچەكە زۆر گرنگە پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نشتیمانیی كوردستان لەیەك نزیك بن و كۆتایی بە دووركەوتنەوە لەیەك بهێنن، چونكە بۆ هەموولایەك ئاشكرایە ئەم هەرێمە بە تەنیا یەكێك لەو دوو هێزە بەڕێوەینابات”.

سكرتێری ئەنجوومەنی گشتی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، باسی لەوەشكرد: “لە كۆبوونەوەكانی ئەمجارەماندا لەگەڵ پارتی نامانەوێت تەنیا لەسەر ئاستی ناوخۆ باس لە كێشه‌كانمان بكه ين‌، بەڵكو دەبێت رێككەوتنێك هەبێت تاوه‌كو پەیوەندییەكانمان لەسەر ئاستی دەرەوەی هەرێمیش بەجۆرێك بێت كە لە بەرژەوەندی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستاندا بێت بە تایبەت لە ناوچە جێناكۆكەكان، چونكە ئێمە چەندە لە ناوخۆی كوردستان تەباین، زیاتر دەتوانین مافەكانمان بەدەستبهێنین”.

له‌باره‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان ئه‌و دوو حزبه‌ له‌ سه‌ر ئاستى عێراق و له‌ به‌غدا له‌ ئێستادا ئه‌و به‌رپرسه‌ى یه‌كێتى ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: “ئەوەی جێگای دڵخۆشییە یەكێتی و پارتی لە بەغدا لە چوارچێوەی حكومەتی عێراق هەماهەنگی لە نێوانماندا هەیە، لە بەغدا یاسایەك دەربچێت كاریگەری لەسەر كوردستان هەبێت، پارتی و یەكێتی و هەمیشە یەك هەڵوێستیان هەبووە”.

ئێواره‌ى 26ى ته‌مموز، وه‌فدى یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تى بافڵ تاڵه‌بانى، هاوسه‌رۆكى یه‌كێتى گه‌یشته‌ شارى هه‌ولێر و له‌گه‌ڵ وه‌فدى پارتى دیموكراتى كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تى نێچیرڤان بارزانى كۆبووه‌وه‌، كۆبوونه‌وه‌كه‌ له‌دواى ئه‌وه‌ هات بڕیاربوو پەرلەمانی کوردستان کۆببێتەوە و چاوەڕواندەکرا سەرۆکی پەرلەمان و فراکسیۆنی یەکێتی بەشداریی نەکەن، به‌ڵام لەسەر داوای بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبوونەوەکە دواخرا بۆ رۆژى دووشەممە، دواتر بافڵ تاڵەبانی له‌گه‌ڵ مه‌سرور بارزانى، سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم كۆبووه‌وه‌، هه‌ردوولا بڕیاریاندا له‌دواى پشووى جه‌ژنى قوربان كۆببنه‌وه‌.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this