ژماره‌ى قوربانیانى ته‌قینه‌وه‌كه‌ى لوبنان به‌رزبووه‌وه‌ بۆ زیاتر له‌ 4 هه‌زار كه‌س

0
227
ساته‌وه‌ختى ته‌قینه‌وه‌كه‌ى پایته‌ختى لوبنان

SNN
كه‌مێك له‌مه‌وبه‌ر وه‌زیرى ته‌ندروستیى لوبنان رایگه‌یاند: سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى ژماره‌یه‌كى زۆر هاووڵاتى بێسه‌روشوێنبوون ژماره‌ى قوربانیانى ته‌قینه‌وه‌كه‌ به‌رزبووه‌ته‌وه‌ بۆ زياتر له‌ 4 هه‌زار بریندار و 100  كوژراو، وتیشى: “به‌ خراپترین حاڵه‌تدا تێده‌په‌ڕین له‌ ئێستادا”.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ حه‌مد حه‌سه‌ن، وه‌زیرى ته‌ندروستیی لوبنان رایگه‌یاند: “ژماره‌ى قوربانیانى ته‌قینه‌وه‌كه‌ سات به‌ سات روو له‌ هه‌ڵكشانى زیاتره‌، به‌شێوه‌یه‌ك ئه‌مڕۆ گه‌یشتووه‌ته‌ زیاتر له‌ 4 هه‌زار بریندار، 100 كوژراو”.

وتیشى: “جگه‌ له‌و قوربانیانه‌ ته‌رمى سه‌دان هاووڵاتى دیار نییه‌ و بێسه‌روشوێنبوون”.

ئێواره‌ى دوێنێ سێشه‌ممه‌ دوو ته‌قینه‌وه‌ به‌یروتى پایته‌ختى لوبنانیان هه‌ژاند، وێرانكارییه‌كى گه‌وره‌یان له‌و وڵاته‌ دروستكرد، كاردانه‌وه‌ى نێوده‌وڵه‌تیشیان به‌دواى خۆیاندا هێنا، هه‌رچه‌نده‌ تا ئێستا دیار نییه‌ كه‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ تیرۆریستییه‌ یاخود ته‌نیا ته‌قینه‌وه‌ى كۆگایه‌كى ته‌قه‌مه‌نییه‌ به‌ڵام دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكى ئه‌مریكا له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانیدا ئه‌مڕۆ له‌و باره‌یه‌وه‌ وتى: “من سه‌یرى تۆماره‌ ڤیدیۆییه‌كانم كرد و له‌گه‌ڵ چه‌ند ژه‌نه‌راڵێك كۆبوومه‌وه‌ كه‌ به‌باشى له‌و بابه‌ته‌دا شاره‌زان، ئه‌وه‌ى ده‌رده‌كه‌وێت له‌ هێرش ده‌چێت نه‌وه‌ك ته‌قینه‌وه‌ى ئاسایی”.

له‌باره‌ى هۆكارى ته‌قینه‌وه‌كه‌وه‌ وه‌زیرى ناوخۆى ئه‌و وڵاته‌ ده‌ڵێت: “مادده‌ى ته‌قینه‌وه‌كه‌ له‌ كۆگایه‌كدا هه‌ڵگیراوه‌ بۆ چه‌ندین ساڵ بووه‌ته‌ هۆكارى ئه‌و رووداوه‌”، هاوكات ميدیاكانى ئه‌و وڵاته‌ بڵاویانكرده‌وه‌: “له‌ ساڵى 2014ه‌وه‌ 2 هه‌زار و 751 ته‌ن له‌ مادده‌ى نیتراتی ئەمۆنیۆم له‌و كۆگایه‌دا هه‌ڵگیراوه‌ و ته‌قیووه‌ته‌وه‌”.

به‌ره‌به‌یانى ئه‌مڕۆى ئه‌نجوومه‌نى به‌رگریى لوبنان به‌هۆى ئه‌و ته‌قینه‌وه‌یه‌وه‌ دوو هه‌فته‌ حاڵه‌تى له‌ناكاوى راگه‌یاند، هاوكات حه‌سه‌ن دیاب، سه‌رۆكوه‌زیرانى ئه‌و وڵاته‌ ئه‌مڕۆى كرده‌ رۆژى ماته‌مینى گشتى.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this