حكومه‌تى هه‌رێم پاره‌ى پێویستى نییه‌ بۆ دابه‌شكردنى مووچه‌ى مانگى ئازار

0
4215

SNN- عەلی حەمە سەعید و مەودا مستەفا
بەرپرسێكی وەزارەتی دارایی ئاماژە بەوە دەكات: تائێستا لەلایەن گەنجینەكانی سەر بە وەزارەتی داراییەوە داوای لیستی مووچەی مانگی ئازاریان لێ‌ نەكراوە، پەرلەمانتارێکی كوردستانیش دەڵێت: “وەزیری دارایی پێی وتووین گەر بەغدا پارە بنێرێت دەتوانین مووچە دابەشبكەین”.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی كە لە بەرپرسێكی وەزارەتی داراییەوە بە  SNN دراون، “لەگەڵ ئەوەی زیاد لە مانگێك بەسەر دابەشكردنی مووچەی مانگی شوبات تێپەڕیووە، بەڵام تا ئێستا لە لایەن گەنجینەكانی سەر بە وەزارەتی داراییەوە بانکەكان و بەرپرسی یەكە ژمێریارییەكانی سەر بە وەزارەتە جیاوازەكانی حكومەتی هەرێم ئاگادار نەكراونەتەوە لە ناردنی لیستی مووچەی مانگی ئازار”.

هه‌ر به‌پێى زانیارییه‌كان، “هەرچەندە حكومەتی هەرێم ئەوەی راگەیاندووە كە لێبڕینی لە %21 ی مووچە تەنيا بۆ مانگێك كاری پێدەكرێت، بەڵام هەموو ئەگەرەكان ئەوە دەخەنەڕوو كە دابەشكردنی مووچەی مانگی ئازاریش بە تەواوەتی خەرجناكرێت و بە لێبڕین دابەشدەكرێت، بەڵام هێشتا بڕی لێبڕینەكە دیارینەكراوە و وەزارەتی داراییش هیچ ڕوونكردنەوەیەكی نەداوە تەنيا ئەوە نەبێت كە یەكەم وەزارەت مووچەی پێدەدرێت، وەزارەتی تەندروستییە”.

هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه‌ كاروان گەزنەیی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكێـتی بە SNN ی راگەیاند: “وەزیری دارایی بە راشكاوانە پێیوتووین ئەگەر حكومەتی ناوەندی بەشە بوودجەی هەرێمی كوردستانی نارد، ئەوكات ئێمەش دەتوانین مووچە دابەشبكەین ئەگەر نا، ناتوانین مووچە بدەین”.

حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەمساڵ تەنيا مووچەی مانگی یەك و دووی دابەشكردووە، بە وتەی شارەزایانی ئابووریش ئەگەر هاتوو حكومەتی هەرێم و بەغدا رێكنەكەون، تاوەكو كۆتایی ساڵ حكومەت دەتوانێت تەنيا دوو مووچەی تر بدات، دیاریش نییە سەدا چەندی لێدەبرێت.

بەگوێرەی دوایین لێدوانی جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێم، “هەركات پارەی پێویست لەبەردەستدا بوو دەست بە دابەشكردنی مووچە دەكەن، ئەوەش لەكاتێكدایە هەر ئەمڕۆ حكومەتی عێراق كۆتایی بە دابەشكردنی مووچەی مانگی تەمموزی ئەمساڵی سەرجەم دامودەزگاكانی خۆی هێنا”.

بەشی بکە لە
تاگەکانمووچە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this