بەچوار جار تەنیا 200 ملیۆن دینار بۆ كەرتی تەندروستیی هەڵەبجە خەرجكراوە

0
354
نەخۆشخانەی وەفا تایبه‌ت به‌ كۆرۆنا لە هەڵەبجە | فۆتۆ: عه‌لى حه‌مه‌سه‌عید / SNN

SNN-عەلی حەمە سەعید

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستیی هەڵەبجە ئاماژە بەوەدەكات لەسەرەتای رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە تا ئێستا بە چوار جار بڕی 200 ملیۆن دینار بۆ كەرتی تەندروستیی هەڵەبجە خەرجكراوە و لە كۆی دوو ملیار دیناری حكومەتیش تەنها 170 ملیۆن دینار خەرجكراوە، ئەوەش لەكاتێكدا دوێنێ‌ بە یەكجار سەرۆكی حكومەتی هەرێم بڕی یەك ملیار دیناری بۆ تەندروستیی دهۆك دابینكرد.

د. شاناز نەقشبەندی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستیی هەڵەبجە بە SNNی ڕاگەیاند: لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، تا ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان بە چوار جار بڕی 200 ملیۆن دیناری بۆ كەرتی تەدروستی هەڵەبجە خەرج كردووە ئەوەش بە مەبەستی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و كڕینی ئامێر و پێداویستییە پزیشكییەكان.

ئاماژەی بەوەشكرد، “لە كۆی ئەو دوو ملیار دینارەشی كە بۆ كەرتی تەندروستیی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەر بەخۆكانی گەرمیان و ڕاپەڕین تەرخانكرا، ئێمە تەنها بڕی 170 ملیۆن دینارمان بۆ خەرجكراوە، ئەو بڕە پارەیەشی بۆ بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی هەڵەبجە تەرخان كراوە، بڕیارە بۆ كڕینی ئامێری تاقیگە و كەرەستەی خۆپارێزی و دەرمان و چارەسەری ڤایرۆسی كۆرۆنا خەرج بكرێت”.

وتەكانی وتەبێژەكەی گشتی تەندروستیی هەڵەبجە لە كاتێكدایە كە جگە لەوەی لە ماوەكانی ڕابردوودا بە مەبەستی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بە سەدان ملیۆن دینار بۆ پارێزگاكانی دیكەی هەرێم تەرخانكراوە، لە هەمان كاتیشدا هەر دوێنێ‌ سەرۆكی حكومەت بڕی یەك ملیار دیناری دیكەشی بۆ كەرتی تەندروستی پارێزگای دهۆك دابینكرد.

بە گوێرەی دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستیش تا ئێستا لە كۆی 496 تووشبووی كۆرۆنا لە هەڵەبجە هەشت كەس گیانیان لەدەستداوە و تا ئێستاش تەنها دوو هەزار و 37 پشكنین ئەنجامدراوە، لە كاتێكدا لە پارێزگایەكی وەك دهۆك تا ئێستا 54 هەزار و 798 پشكنین ئەنجام دراوە و لەو پارێزگایەش تا ئێستا شەش كەس گیانیان لەدەستداوە.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this