“كۆرۆنا 250 ملیۆن دۆلار زیانى به‌ كه‌رتى گه‌شتیارى هه‌رێم گه‌یاندووه‌”

0
593
سه‌رچاوه‌ى زه‌ڵم له‌ پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ | فۆتۆ: SNN

SNN – عەلی حەمە سەعید
وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی رایده‌گه‌یه‌نێت: بەهۆی بەردەوامیی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا بەدەیان خاوەن پرۆژەی گەشتیاری داوای هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی پرۆژە گەشتیارییەكانیان كردووە، ده‌شڵێت: “هاتنی گەشتیاران بە بەراورد بە ساڵی رابردوو زیاد لە یەك ملیۆن كەمی كردووە”.

ئارام شوانی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی بە SNNی راگەیاند: “بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان بە گشتی و پارێزگای سلێمانی بە تایبەت، زیانێكی زۆری لە كەرتی گەشتیاریدا بەجۆرێك ساڵانی رابردوو لەم كاتەدا سەیرانگا و شوێنە گەشتیارییەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی جمەیان دەهات لە گەشتیاری ناوخۆیی و دەرەوەی هەرێمی كوردستان، ئەمەش بووبووەهۆی بەدەستخستنی داهاتێكی زۆر كە بە ملیۆنان دۆلار دەخەمڵێندرا”.

وتیشى: “ئەمساڵ بەهۆی بەردەوامیی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەتوانین بڵێین كە هاتنی گەشتیار بە بەراورد بە ساڵی رابردوو لە خاڵی سفر نزیك بووەتەوە، بە جۆرێك ساڵی رابردوو لەم كاتانەدا زیاتر لە یەك ملیۆن گەشتیار روویان لە ناوچە گەشتیارییەكانی سنووری سلێمانی كردبوو، بەڵام ئەمساڵ رێژەیەكی زۆر كەم گەشتیار روویان لە سنووری سلێمانی كردووە، كە ژمارەیان كەمترە لە 100 هەزار گەشتیار”.

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو: “لە سنووری پارێزگای سلێمانی زیاتر لە هەزار و 300 كەس خاوەن مۆڵەتی پرۆژەی گەشتیارین، بەڵام بەهۆی ئەو زیانانەی كە لە كەرتی گەشتیاری كەوتووە لەم ماوەیەدا بە دەیان خاوەن مۆڵەتی گەشتیاری داوای هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتەكانیان كردووە، هەر ئەمەش وایكردووە كە دەتوانین بڵێین لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆناوە زیاد لە بڕی 250 ملیۆن دۆلار زیان بە كەرتی گەشتیاری كەوتووە كە ناتواندرێت بە ئاسانی ئەو زیانانە پڕ بكرێنەوە”.

بەشی بکە لە
تاگەکانئابوورى
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this