‌وێنه‌:ناوبژیوانانى سلێمانى ئاماده‌كارییه‌كانیان بۆ خولی تاقیکاری كوپه‌رى عێراق چڕتر ده‌كه‌نه‌وه‌

0
138
ناوبژیوانانى سلێمانى

ئه‌رده‌ڵان محه‌مه‌د – SNNsport

بۆ خۆئاماده‌كردنیان بۆ تاقیكردنه‌وه‌ى خولی کوپەر، كه‌ بڕیاره‌ رۆژى(4-9-2020) له‌ شارى به‌غدا ئه‌نجام بدرێت، ناوبژیوانانى سلێمانى ئاماده‌كارییه‌كانیان له‌ یاریگاكانى سلێمانى و پێشمه‌رگه‌ چڕتر كردووەته‌وه‌ و گه‌شبینن كه‌ سه‌رجه‌م ناوبژیوانه‌كان سه‌ركه‌وتوو دەبن.

لیژنه‌ى ناوبژیوانانى سلێمانى ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌ده‌ن كه‌ 11 ناوبژیوانى خولى پله‌یه‌ك و نزیكه‌ى 70 ناوبژیوانى پله‌ دوو و پله‌ سێ له‌ شارى سلێمانى هه‌یه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ش به‌ دووه‌م گه‌وره‌ترین پارێزگاى عێراق داده‌نرێت له‌ رووى زۆرى ناوبژیوانه‌وه‌.

عه‌باس عه‌لى سه‌رۆكى لیژنه‌ى ناوبژیوانانى سلێمانى رایگه‌یاند:” ئه‌مساڵیش وه‌ك سه‌رجه‌م ساڵانى رابردوو ناوبژیوانانى سلێمانى به‌شدارى  خولی كوپه‌رى تاقیکاری ناوبژیوانانى عێراق له‌سه‌ره‌تاى مانگى داهاتوو له‌ شارى به‌غدا ده‌كه‌ن، له‌به‌رئه‌وه‌ ئێمه‌ وه‌ك لیژنه‌ى ناوبژیوانانى سلێمانى سه‌رجه‌م ناوبژیوانانى پله‌یه‌ك، دوو و سێمان ئاگادار كردووەته‌وه‌ كه‌ ئاماده‌كارى بكه‌ن و مه‌شقه‌كانیان چڕتر بكه‌نه‌وه‌ بۆ تاقیكردنه‌وه‌كان كه‌ 11 ناوبژیوانى پله‌یه‌ك و نزیكه‌ى 70 ناوبژیوانى پله‌ دوو و سێمان هه‌یه”‌.

وتیشی:”له‌م مانگه‌دا كه‌مپێكى مه‌شق ‌و راهێنان بۆ سه‌رجه‌م ناوبژیوانانى سلێمانى ده‌كه‌ینه‌وه‌ له‌شارۆچكه‌ى دووكان بۆ ماوه‌ى 3 رۆِژ، بۆیه‌ جێى خۆیه‌تى سوپاسی یانه‌ى دووكان و جێگرى سه‌رۆكى یانه‌ى نه‌ورۆز كه‌ به‌رپرسی نوسینگه‌ى وه‌رزشی شێخ لاهوره‌ بكه‌ین، كه‌ سه‌رجه‌م تێچووى دارایى كه‌مپه‌كه‌ى گرتووەته‌ ئه‌ستۆ، له‌به‌رئه‌وه‌ هه‌موو ئه‌م ئاماده‌كاریانه‌ بۆ ناوبژیوانه‌كانمان بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ زۆرترین ناوبژیوانمان سه‌ركه‌وتوو بن و  بتوانن یارییه‌كانى خولى عێراق به‌ڕێوه‌ببه‌ن، بۆیه‌ ئێمه‌ هه‌موو ساڵێك زۆرترین ناوبژیوانمان ده‌رچوون، ئه‌وه‌ش روون و ئاشكرایه‌ كه‌ هه‌موو ساڵێك له‌ به‌ڕێوه‌بردنى یارییه‌كانى خولى كوردستان و عێراق پشكى شێر به‌ر ناوبژیوانانى سلێمانى كه‌وتووه‌ و له‌ شاره‌كانیتر كه‌م ناكه‌مه‌وه‌، به‌ڵام راستییه‌ك هه‌یه‌ كه‌ ناوبژیوانانى ئێمه‌ توانایه‌كى تایبه‌تیان هه‌یه‌”.

له‌لاى خۆیه‌وه‌ ساسان عومه‌ر ناوبژیوانى پله‌یه‌كى عێراق ئه‌وه‌ى خسته‌ڕوو:” به‌دڵنیاییه‌وه‌ جیاوازییه‌كى زۆر هه‌یه‌ له‌ نێوان ناوبژیوانانى كوردستان و عێراق له‌ به‌ڕێوه‌بردنى یارییه‌كانى خولى كوردستان و عێراق، چونكه‌ له‌ عێراقدا ئه‌و ناوبژیوانانه‌ى كه‌ ته‌مه‌نیان گه‌نجتره‌ زیاتر چانسیان هه‌یه‌ بۆ بوون به‌ نێوده‌وڵه‌تى، له‌به‌رئه‌وه‌ پێویسته‌ زیاتر هه‌وڵبده‌ن و راهێنانى زیاتر بكه‌ن، به‌ڵام به‌ده‌ستهێنانى ئه‌م خه‌ونه‌ بۆ ناوبژیوانانى كوردستان ئه‌وه‌نه‌ ئاسان نیه‌ به‌هۆى  كێشه‌ى نه‌ته‌وه‌یى و مه‌زهه‌بی و ته‌نانه‌ت هه‌ندێک جاریش سیاسی”.

ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌دات:”خه‌ونى بوون به‌ نێوده‌وڵه‌تی بوونى ناوبژیوانانى كورد زۆر ئه‌سته‌مه‌، چونكه‌ پاڵپشتییه‌كى زۆرى ده‌وێت و ده‌بێت به‌رپرسانیش زیاتر هاوكارمان بن، به‌پێچه‌وانه‌ى عێراقه‌وه‌ كه‌ زۆر هاوكار ى و پاڵپشتى ناوبژیوانان ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها خولى عێراق بۆ ناوبژیوانان ده‌بێته‌ رێگایه‌كی تر كه‌ بتوانن دواى بوون به‌ نێوده‌وڵه‌تى یارییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان به‌ڕێوه‌ببه‌ن، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئێمه‌ خۆمان مه‌شق ده‌كه‌ین و رێنماییه‌كان خۆمان به‌یه‌كترى ده‌ده‌ین یاخود سود له‌ ناوبژیوانى نێوده‌وڵه‌تى پێشووى عێراق ده‌بینین كه‌ رێنماییمان پێده‌دات”.

شارى سلێمانى كه‌ به‌دووه‌م گه‌وره‌ترین پارێزگاى عێراق داده‌نرێت دواى به‌غدا له‌ رووى زۆرى ناوبژیوانه‌وه‌، به‌ڵام به‌هۆى نه‌بوونى پاڵپشتییه‌كى به‌هێز و هاوكارى نه‌كردنیان، له‌ ئێستادا هیچ ناوبژیوانییه‌كى نێوده‌وڵه‌تى له‌م شاره‌دا نیه‌.

 

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this