هەدەپە لەبارەی هێرشەکانی تورکیا لە خاکی هەرێم هۆشداری دەدات

0
334

SNN-مەودا مستەفا

نوێنەرایەتی هەدەپە لە هەرێمی كوردستان کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسی لەبارەی هێرش و بۆردومانەکانی تورکیا لە خاکی هەرێم بەڕێوەبرد و هۆشداریدا لەوەی: “ئەگەر سنوورێک بۆ هێرشەکان دانەنرێت ئەوا باشووری کوردستان دەکەوێتە مەترسییەوە”.

سەلیم باسان، ئەندامی نوێنەرایەتی هەدەپە لە باشووری كوردستان ئەمڕۆ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند: “تورکیا ئامانجی داگیرکارییە لە ناوچەکەدا، بەتایبەت لە ناوچەکانی کوردستان، بێگومان ئەگەر سنوور بۆ ئەو داگیرکارییە دانەنرێت ئەوا مەترسییەکان تەنیا پەکەکە ناگرێتەوە بەڵکو لایەنەکانی دیکەی هەرێمیش دەکەونە مەترسییەوە”.

لە ماوەی رابردوودا هێرشەکانی تورکیا لە خاکی هەرێم بە پاساوی بوونی گەریلاکانی پەکەکە لە ناوچەکان زیادیانکردووە.

پاشنیوه‌ڕۆى دوێنێش فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانى توركیا ناوچه‌ شاخاوییه‌كانى گوندى قامیشیان له‌ سنوورى قه‌زاى ماوه‌ت سه‌ربه‌ پارێزگاى سلێمانى بۆردومانكرد.

له‌باره‌ى بۆردومانه‌كه‌وه‌ كامەران حەسەن، قایمقامی قەزای ماوەتی سەر بە پارێزگای سلێمانی به‌ SNNى راگه‌یاندبوو: بەهۆی بۆردومانەکەوە ئاگر لە چیاکە کەوتووەتەوە و تا ئێستاش قەبارەی زیانەکان بەتەواوی نازانرێت.

ئه‌مه‌ سێیه‌مجاره‌‌ كه‌ فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانى توركیا به‌ بیانووى هه‌بوونى چه‌كدارانى پارتى كرێكارانى كوردستان سنوورى پارێزگاى سلێمانى بۆردومان ده‌كه‌ن، له‌ ماوه‌ى رابردوودا به‌هۆى بۆردومانه‌كانى ئه‌و فڕۆكانه‌وه‌ له‌ سه‌یرانگاى كونه‌ماسى خێزانێكى مه‌ده‌نى بوونه‌ قوربانى.

بۆردومانەکان لە چوارچێوەی ئۆپراسیۆنێکی تورکیادایە کە بە بەشداری هێزی زەمینی و ئاسمانی ئەو وڵاتە دەستیپێکردووە و رۆژانە بەردەوامی هەیە، بەتایبەت لە سنووری پارێزگای دهۆک و چیاکانی قەندیل.

 

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this