لێكۆڵینەوە لە خواردنەوەی مادەی كحولی لە نەخۆشخانەیەكی حكومی دەکرێت

0
322

SNN-عەلی حەمە سەعید

بەرپرسی بەشی راگەیاندنی قایمقامیەتی قەزای سەیدسادق ئاماژە بەوەدەكات لیژنەی تایبەت بە لێكۆڵینەوە لەو گرتە ڤیدیۆیە پێكهێندراوە كە چەند رۆژێکە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاوکراوەتەوە و دەوترێت لە ژووری پزیشكێكدا مادەی كحولی خوراوەتەوە، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیش دەڵێت :” گەر لە لێكۆڵینەوەكان دەركەوت ئەو كارە كراوە ئەو كەسانەی تۆمەتبارن رووبەڕووی یاسایان دەكەینەوە”.

تەها ئەحمەد، لێپرسراوی بەشی راگەیاندنی قایمقامیەتی قەزای سەیدسادق بە SNNی ڕاگەیاند: دوای بڵاوبوونەوەی ئەو گرتە ڤیدیۆیە كە دەوترێت نەخۆشخانەی شەهید شەوكەتە و لە یەكێك لە ژوورەكانی پزیشكی ئێشكگر مادەی كحولی بەكارهاتووە و خوراوەتەوە، راستەوخۆ بڕیاردرا بە پێكهێنانی لیژنە بۆئەوەی لیكۆڵینەوە لەو رووداوە بكات، ئەمڕۆش لیژنەیەك لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی سلێمانییەوە پێكهێندراوە سەردانی نەخۆشخانەكەیان كردووە و دەستیان بەلێكۆڵینەوەكانیان كردووە.

ئاماژەی بەوەشكرد، “بەهۆی ئەوەی هێشتا لیژنەكە سەرقاڵی لێكۆڵینەوەن لە بابەتەكە ناتوانین هیچ زانیاری و وردەكارییەك بڵاوبكەینەوە، دواتر هەمان ئەو لیژنەیەی كە سەرپەرشتی لیكۆڵینەوەكان دەكەن ئەنجامەكان ڕادەگەینن و ئێمەشی لێ‌ ئاگادار دەكەنەوە”.

د. محەمەد قادر، وتەبیژی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم بە SNNی ڕاگەیاند: لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەو ڤیدیۆیە داوایان لە بەرپرسانی ئەوێ کردووە، لیژنەی لێكۆڵینەوە لەو رووداوە پێكبهێندریت، تا راستی رووداوەكە ئاشكرابێت، بۆئەوەی لە رووی یاساییەوە رێكاری پێویست بگیرێتە بەر كە ئایا رووداوەكە لەناو نەخۆشخانەكە و لەكاتی دەوامدا بووە یان لە دەرەوەی نەخۆشخانەكە بووە، چونكە هێشتا ڕوون نییە ئەو مادە كحولییە لە چ شوێنێكی ناو نەخۆشخانەكە دانراوە، ئایا بەکارهاتووە لە كاتی دەوامدا یاخود نا.

وتیشی: “ئەگەر لە لێكۆڵینەوەكاندا دەركەوت لە كاتی دەوامدا و لە ناو نەخۆشخانەكەدا ئەو مادە كحولییانە لەلایەن پزیشك یاخود كارمەندی تەندروستییەوە بەكارهاتووە و خوراوەتەوە، ئەوا بەدڵنیاییەوە هەموو ئەو كەسانەی لەو بابەتە تۆمەتبار دەكرێن رووبەڕووی یاسا دەكرێنەوە و لێپێچینەوەی ئیداریشیان لەگەڵدا ئەنجام دەدرێت”.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this