شێرپەنجە 14 ساڵ خۆشەویستی و هاوسەرگیری رابەر و بەیادی لەناو برد

0
9060

SNN- محەمەد مستەفا

(تاکە دارێک جێی ژوانمان بوو تۆ بڵێی ئەو دارە مابێت ؟) ئەمە رستەی دوو خۆشەویست و هاوسەری یەکترە بە ناوەکانی (رابەر بۆڵی و بەیاد قادر) ئێستا ئەو داره لە خوێندگەکەیان و یەکەم مەنزڵگەی بینیان هەر ماوە، بەڵام خۆشەویست و هاوسەرەکەی رابەر بۆ هەمیشە چاوەکانی لێکناوە و رابەر چیتر ناتوانێت بەیاد-ی هاوسەری ببینێتەوە و تووند دەستەکانی بگرێت و پێبڵێ تۆ بە هەموو دونیا ناگۆڕمەوە .

(رابەر بۆڵی) تەمەنی 30 ساڵە و دانیشتووی ناحیەی چوارقوڕنەیە لە قەزای رانیە و هاوسەرەکەشی بەناوی (بەیاد قادر) تەمەن 29 ساڵ بوو دانیشتووی هەمان ناحیە بوو، بەر لە هاوسەرگیرییان رابەر بۆ ماوەی 6 ساڵ لە خۆشەویستی بەیاد دا بووە، لە ماوەی خۆشەویستی نێوانیاندا بەیاد تووشی نەخۆشی شێرپەنجە دەبێت و بەو هۆیەوە چەندینجار داوا لە رابەر دەکات کە وازی لێ بهێنێت و لێی دوور بکەوێتەوە و ژیان لە خۆی تێک نەدات، بەڵام خۆشەویستی لە دڵی رابەردا زۆر لە شێرپەنجە بەهێزتر دەبێت و رابەر پێی دەڵێت: “نەک لەبەر شێرپەنجە، بەڵکو گەر هەموو دنیاشم پێبدەن من دەستبەرداری تۆ نابم” بەڵام دواجار نەخۆشی شێرپەنجە بەیاد بۆ هەمیشە لە رابەر دوور دەخاتەوە .

” بەهۆی بوونی بەیاد دڵم بە خوێندنگەکەم دەکرایەوە، بەڵام بەهۆی هەژارییەوە بەجێمهێشت “

رابەر بۆڵی لە باسی ئەو چیرۆکە بۆ SNN وتی: “ساڵی 2006 من خوێندکاری قۆناغی 2 ی ناوەندی بووم لە خوێندنگەی بیتوێن لە چوارقوڕنە، بەیادیش لە هەمان خوێندنگە لە قۆناغی 3ی ناوەندی بوو، جوان لە بیرمە لە رۆژی 18 ی2 ی 2006 بەیادم ناسی و خۆشمویست و لە دڵی خۆمدا پارامەوە کە خودا بیکات بە هاوسەری ژیانم بەیەکیشەوە بڕیارماندا لە تەمەن و دەرفەتێکی گونجاو ژیانی هاوسەرگیری پێکبهێنین، پاشان رۆژانە لە ژێر دارێکی ئەو خوێندنگەیە یەکتریمان دەبینی و تا ئێستاش ئەو دارە لە حەوشەی خوێندنگەکە هەر ماوە، بۆیە لەکاتی پەیوەندی خۆشەویستی نێوانمان و دوای هاوسەرگیریش هەمیشە ئەو کۆپلە گۆرانییەمان دەوتەوە (تاکە دارێک جێی ژوانمان بوو تۆ بڵێی ئەو دارەمابێت ؟)”

رابەر زیاتر وتی: “بەهۆی مردنی باوکم دۆخی داراییمان باش نەبوو بژێوی ژیانی خێزانەکەم لە ئەستۆی خۆم و برایەکم بوو بەردوەوام کارم دەکرد لەبەرئەوە لە مەکتەب زۆر باش نەبووم، بەیاد گەیشتە قۆناغی 6 ی ئامادەیی و منیش لە قۆناغی 3 ی ناوەندی وازم لە خوێندن هێنا، بەڵام خۆشەویستیمان هەر بەردەوام بوو دایک و خوشکەکانیشم ئاگاداری ئەو پەیوەندییەی نێوان من و بەیاد هەبوون .”

رابەر بە ئاهێکی قوڵەوە بەردەوام بوو لە باسی چیرۆکی خۆشەویستییەکەی “ساڵی 2010 ئەو کاتەی بەیاد لە قۆناغی یەکەمی زانکۆ بوو تووشی نەخۆشی شێرپەنجەی مەمک بوو، دوای تووشبوونی بەشێرپەنجە زۆرهەوڵیدا من لێی دوور بکەومەوە و پێی دەوتم: “من تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بووم نابێت تۆ بەهۆی منەوە ژیانی خۆت وێران بکەیت، دەبێت واز لە من بهێنی لەگەڵ کچێکی تر هاوسەرگیری بکەی” بەردەوام ئەو قسانەی دەکرد و هەستی بەکەمی خۆی دەکرد و بەردەوامیش چارەسەری کیمیایی وەردەگرت و تەندروستی خراپتر دەبوو، بەڵام من سوور بووم لەسەر بەڵێن و خۆشەویستی خۆم و پێموت: “نەک بە شێرپەنجە، بەڵکو گەر هەموو دونیاشم پێ بدەن دەستبەرداری تۆ نابم .”

” رابەر دەیویست زووتر هاوسەرگیری لەگەڵ بەیاد ئەنجام بدات، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەیاد خوێندکاری زانکۆ بوو ماڵەوەیان رێگر بوون لەبەردەم ئەو هاوسەرگیرییە، چونکە پێیان وابووە کە خوێندن و هاوسەرگیری پێکەوە کارێکی زەحمەتە و ناڕەحەتی زۆری تێدایە .”

” بەشێک لە خزمەکانی رابەر  بە هاوسەرگیری (رابەر و بەیاد) دڵخۆش نەبوون، بەڵام خوشکەکانی پشتگیرییان کرد “

رابەر باسی لەوەشکرد: هەرچەندە تەندروستی بەیاد خراپتر دەبوو، بەڵام بەسەرکەوتوویی قۆناغەکانی خوێندنی زانکۆی دەبڕی، پاشان دوای 6 ساڵ خۆشەویستی و ئەو کاتەی بەیاد گەیشتە قۆناغی چوارەمی زانکۆ بڕیاریدا ببچێتە خوازبێنی بەیاد، دایک و خوشکەکانی رابەر دەیانزانی کە بەیاد تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بووە، بەڵام پشتگیری رابەریان کردووە بۆ ئەوەی هاوسەرگیری لەگەڵ خۆشەویستەکەی بکات و بە وەفا بێت بەرامبەری، بەڵام بەشێک لە خزمانی رابەر بەو هاوسەرگیرییە دڵخۆش نەبوون و پێیانوتووە کە ئەو کچە شیاو نییە بۆ هاوسەرگیری، چونکە شێرپەنجەی هەیە و لە رووی داراییەوە گرفتی زۆری بۆ دروست دەکات، بەڵام رابەر سوور دەبێت لە هاسەرگیری کردن لەگەڵ بەیاد و لە مانگی 9 ی 2012 مارە بڕین ئەنجامدەدەن و لە رۆژی 12 ی 12 ی 2012 ئاهەنگی هاوسەرگیری ئەنجامدەدەن .

” نەخۆشخانەی هیوا ماڵی دووەمی رابەر و بەیاد بوو، بەیاد زۆرینەی کات تاڵەکانی قژی دەوەری “

رابەر لە درێژەی چیرۆکەکەی راشیگەیاند: دوای هاوسەرگیری تا ساڵی 2015 دۆخی تەندروستی بەیاد کەمێک باشتر بوو، بەڵام وردە وردە دۆخی خراپتر بوو و هەرچەندە بەیاد لەژێر وەرگرتنی چارەسەری کیمیاییدا بوو تاڵەکانی قژی و برۆکانی دەوەرین، بەڵام ئەوان بەخۆشەویستییەوە رۆژگاریان بەڕێدەکرد، نەخۆشخانەی هیوا ببووە ماڵی دووەمی ئەوان، نەخۆشخانەی هیوا، هیوایەک بوو بۆ ژیانی ئەوان و ئەو خۆی بە قەرزداری ستافی ئەو نەخۆشخانەیە دەزانێت، چونکە پزیشکان و کارمەندانی ئەو نەخۆشخانەیە بەردەوام لە هەوڵی دڵخۆشکردنی ئەواندا بوون .

” پزیشکێک ئاگاداری رابەر دەکاتەوە کە بەیاد گەیشتۆتە دوا ساتەکانی ژیانی و لە مردن نزیکە “

رابەر بۆ دڵخۆشی بەیاد زۆرینەی کات گەشت و سەیران پێکەوە دەکەن و گەشتی عەمرەش ئەنجامدەدەن و بۆ چارەسەری نەخۆشییەکەی سەردانی ئێرانیش دەکەن، بەڵام بێ سوود دەبێت، تا چەند مانگێک لەمەوبەر یەکێک لە پزیشکەکانی نەخۆشخانەی هیوا رابەر ئاگادار دەکاتەوە کە بەیادی هاوسەری دۆخی تەندروستی زۆر خراپە و شێرپەنجە زۆرینەی ئەندامانی جەستەی تەنیوە، بۆیە رابەر هەموو کات بەچاوی پڕ گریانەوە چاوەڕێی مەرگی خۆشەویستترین کەسی ژیانی دەبێت، وەک رابەر دەڵێت: “بەیاد خۆشی دەیزانی لە کۆتایی تەمەنی دایە .”

” ئەو کاتەی بەیاد گیانی دەرچوو دەستەکانی لەناو دەستی رابەردا بوو “

رابەر بە تاسەوە وتی:  رۆژی 5 ی 8 ی 2020 بەیاد دۆخی تەندروستی زۆر خراپ دەبێت، بۆیە بەپەلە بردوویانە بۆ نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی، بەڵام هەر هەمان رۆژ دوای چەند کاتژمێرێک بەیاد داوا دەکات بیگەڕێننەوە بۆ ماڵی خۆی، لە کاتی گەڕانەوەیان لە ئۆتۆمبێلدا داوا لە رابەر دەکات دەستەکانی توند بگرێت، لەو کاتەدا بەیاد گیانلەدەستدەدات و بۆ دوا جار دەستی لە دەستی رابەر بەر دەبێت .

لە کۆتایی چیرۆکەکەدا رابەر ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: دوێنێ 8 ی ئاب یادی لەدایکبوونی بەیاد بوو، بەڵام هەزار حەیف تەمەن رێگەی نەدا ئەو یادەی بۆ ئەنجامبدەم هەرچەند ئامادەکاری تەواویشم بۆ کردبوو کە بیکەم بەسوپرایز بۆی، تاکە یادگاری بەیادیش کە زۆر دڵم پێیخۆشە بریتییە لە سێو مێخەکێک کە دیاری رۆژی هاوسەرگیریمان بوو بەیاد بە دیاری بۆی دروستکردووم .

ئێستا رابەر دەبێت بە تەنیا بچێتەوە خزمەت ئەو تاکە دارەی خوێندنگەکەی و بزانێت، بەڵکو شوێن پێی بەیادی لێ مابێت .

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this