وەزارەتی شارەوانی مانگانە تەنیا 6 ملیۆن دینار دەداتە شارەوانی هەڵەبجە

0
116

SNN-عەلی حەمە سەعید

بەشێك لە دانیشتووانی گەڕەكانی هەڵەبجە، چەند ساڵیكە بەدەست كەمی خزمەتگوزاریی و قیرتاو نەكردنی گەڕەكەكانیان دەناڵێنن داوادەكەن حكومەت پڕۆژەی خزمەتگوزارییان بۆ جێبەجێ بكات، جێگری سەرۆكی شارەوانی هەڵەبجەش ئاشكرایدەكات، بەبڕی 22 ملیار دینار پڕۆژەمان ئامادەیە بەڵام مانگانە تەنها شەش ملیۆن دینارمان پێدەدرێت.

لەگەڵ ئەوەی ژمارەی دانیشتووانی هەڵەبجە نزیكەی 120 هەزار كەس دەبێت، بەڵام تا ئێستا نە حكومەتی هەرێم و نە حكومەتی عێراقی وەك پێویست مامەڵەی پارێزگایەكی سەربەخۆیان لەگەڵدا نەكردووە، ئەمەش بووەتە هۆی پشتگوێخستنی ئەم شارە لە جێبەجێكردنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری.

موختار حەبیب، یەكێك لە دانیشتووانی گەڕەكی فەرمانبەران بە SNNی ڕاگەیاند: ئەم گەڕەكەی ئێمە لە زۆر خزمەتگوزاری بێبەشەو لەساڵی 2007وە بەرپرسانی ئەم شارە بەڵینی قیرتاوكردن یان كۆنكرێتكردنمان پێدەدەن، بەڵام وەك خۆی وایە و هیچی جێبەجێناكرێت، بە هاوین تەپ و تۆز و بە زستانیش قوڕو چڵپاو، بۆیە نەدەبوو حكومەت بەم جۆرە مامەڵە لەگەڵ خەڵكی ئەم شارە بكات.

ئاماژەی بەوەشكرد، چەندین جار سەردانی شارەوانی لایەنی پەیوەندیدارمانكردووە، هەر دەڵێن با پارەمان بێتە دەست پڕۆژەتان بۆ جێبەجێدەكەین، لە كاتێكدا بە هاوین لەبەر تەپ و تۆز، زستانیش لەبەر قوڕ و چڵپاو ژیان بەڕێدەكەین، داواكارین ئەوانەی بەرپرسن و هەست بەبەرپرسیارێتی دەكەن، چاوێك بخشێننەوە بەم گەڕەكە و زۆرێكی تر لە گەڕەكەكانی هەڵەبجە.

عەبدولحەكیم مەجید، جێگری سەرۆكی شارەوانی هەڵەبجە بە SNNی ڕاگەیاند:هاووڵاتییان مافی خۆیانە گلەییان هەبێت لەسەر كەمی خزمەتگوزارییەكان لەگەڕەكەكانیاندا، بەڵام وەك شارەوانی بودجەمان دیاریكراوە، بۆیە ئەگەر حكومەت یان ڕێكخراوەكان هاوكاریمان نەكات ناتوانین هیچ پڕۆژەیەك جێبەجێبكەین.

ئەوەشی خستەڕوو، “لە ئێستادا بە بڕی 22 ملیار دینار دەرخستەمان ئامادەكردوە بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ ئەو گەڕەكانەی خزمەتگوزارییان نییە، وەك گەڕەكەكانی فەرمانبەران، ئەندازیاران و شەهید فاتیح، بەڵام شارەوانیمان ئێستا مانگانە تەنها شەش ملیۆن دیناری وەك نەسریە پێدەدرێت كە بڕێكی زۆر كەمە و بەو بڕە پارەیەش ناتوانین پڕۆژە جێبەجێ‌ بكەین”.

جێگری سەرۆكی شارەوانی ئەوەشی وت “ماوەی چەند مانگێكە بڕی پارەكەمان بۆ كراوە بە شەش ملیۆن بەڵكوو پێشتر تەنها بڕی چوار ملیۆنمان پێدەدرا، ئەوەش لەكاتی خۆدا نادرێت بەڵكوو هەركات پارە هەبوو بۆمان خەرجدەكرێت، هاوكات بە بڕیارێك تەواوی ئەو داهاتەی كە هەمانە دەگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی، هیچ بڕە پارەیەكی بۆ كاروبارو پڕۆژەكانی خۆمان خەرجناكرێت، هاوكات بوونی زیادەڕۆیش لە هەندێك لە گەڕەكەكاندا بووەتە هۆی ئەوەی نەتوانین وەك پێویست پڕۆژەكان جێبەجێبكەین” .

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this