چەند دۆسیەیه‌كى گەندەڵی مەسرور بارزانی بە بەڵگەوە ئاشکرا دەبێت

0
4835

SNN

لەبەدواداچوونێکی سایتی (کوردستان تایمز) بە بەڵگەوە چەند گەندەڵییەکی مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێم ئاشکرادەکات کە تێیدا بەدەر لە یاسا و رێنماییەکان چەند کەسێکی بە پلەی وەزیر و بریکاری وەزیر و بەڕێوەبەری گشتی دامەزراندووە لەگەڵ بەرزکردنەوەی پلەی چەند کەسانێکی دیکە.

دەقی بەدواداچوونەکەی سایتی (کوردستان تایمز) بەم شێوەیەی خوارەوەیە:

مەسرور بارزانی بەنادادپەروەرانە و دژ بە قانون و پلانەکانی (چاکسازی)ی چەندین کەسی نزیکی خۆی بە پۆستی وەزیر و بریکاری وەزیر و راوێژکار و بەڕێوەبەری گشتیی بە نوسراوی نهێنیی دامەزراندووە، بەپێی قسەی یەکێک لە چاودێرەکانی بواری حوکمڕانیی لە هەرێمی کوردستاندا “پلەبەرزکردنەوە و دامەزراندنی هەندێک لە کەسەکان لەپاش تشرینی یەکەمی 2019 بووە، واتا دوای گفتوگۆکانی پەرلەمان و حکومەت لەسەر قانوونی بودجە و دوای پەسەندکردنی قانوونەکە لە 2020دا، کە ئەوەش ناجدیبوونی کابینەکەی مەسرور بارزانیی لە چاکسازیی نیشاندەدات کە چۆن لە گەرمترین ساتەکانی قسەکردن لە چاکسازییدا دەرفەتی قۆستۆتەوە بۆ دامەزراندنی ستافەکەی.

ساڵێک و مانگێک بەسەر کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا تێپەڕیوە. لەو ماوەیەدا، تاکە کار و شانازیی حکومەتی هەرێم و سەرۆکی حکومەت مەسرور بارزانی تێپەڕاندنی قانوونی بەناو چاکسازیی بووە، بەڵام لە پشتی پەردەوە، مەسرور بارزانیی بەنادادپەروەرانە و دژی بەندەکانی ئەو قانونە کاریکردوە. ئەمە سەرەڕای ئەوەی هێشتا قانونە پەسەندکراوەکە هەر مەرەکەبی سەر کاغەزە و هیچ ئاسۆیەکی روونیش بۆ جێبەجێکردنی دیار نییە.

دامەزراندن و پلەبەرزکردنەوەی ئەو کەسانە تەنها بۆ ئەوەیە مووچە و ئیمتیازاتەکانیان باڵاتربێت، ئەگەرنا هەمان ئەو کارانە دەکەن کە پێشتر کردویانە، هەندێکیان نەبێت کە کەمێک گۆڕانکاریی بەسەر کارەکان و ئەرکەکانیاندا دێ.

یەکێک لە چاودێرانی حوکمڕانیی و گەندەڵیی ئیداریی و دارایی لە هەرێمی کوردستان کە کوردستان تایمز لەگەڵیدا دۆکیومێنتەکانی هەڵسەنگاندوە، دەڵێت: “ئەو دامەزراندن و پلەبەرزکردنەوانە دەکەونە خانەی گەندەڵییەوە. بەرزکردنەوەی پلە و دامەزراندنەکان بەو پلە باڵایانە تەنها بۆ ئەوەیە ئیمتیاز و مووچەی باڵاتر وەربگرن چونکە بەشی هەرە زۆریان نە وەزیر و بریکاری وەزیرن و نە راوێژکارن، بەڵکو تەنها بۆ وەرگرتنی ئیمتیاز و مووچەی باڵاتر ئەو ناونیشانە وەزیفییەیان پێبەخشراوە. دامەزراندنی بەشێک لەو پۆستانە دەبوایە لەڕێی سیڤییەوە بوایە و پۆستەکان راگەیەنرابان بۆ تەواوی خەڵک چونکە بەشی هەرە زۆری ئەو پۆستانە ئیشی پرۆفێشناڵانەن و پێویستە کەسانی پرۆفێشناڵ لەڕێی پێشبڕكێوە دابمەزرێن نەک لەڕێی نوسراوی نهێنییەوە، هەرچەندە دامەزراندنی زۆربەیان هیچ پێویست نییە، بەتایبەتتریش لە کاتی قەیرانی داراییدا”.

بەپێی چەند دۆکیومێنتێکی تایبەت و نهێنییەک، هەندێکیان بڵاودەکەینەوە، بارزانی بەنادادپەروەرانە و دژ بە پلانەکانی چاکسازیی چەندین کەسی بە پلەی وەزیر و راوێژکار و بەڕێوەبەری گشتیی دامەزراندوە یان پلەکانیانی بەرزکردۆتەوە، بەتایبەت کە حکومەتی هەرێم تا ئێستا قانونی بودجەی نەناردۆتە پەرلەمان و ستراتیژی حکومەتی هەرێم بۆ دامەزراندنی فەرمانبەران دیار نییە و دامەزراندن راگیراوە.

بەپێی دۆکیومێنتێکی نهێنیی مەسرور بارزانی رۆژی 19ی ئایاری 2020 فەرمانی “پەسەندکردنی ناونیشانی تازەی خولی چوارەمی هەڵبژاردنی ئەکادیمیای کوردیی” بۆ پێنج کەس دەرکردوە بە ناوەکانی.

1- پ. د. عبدالفتاح علی یحیی، سەرۆک بە پلەی وەزیر.
2- د. نجات عەبدوڵا عەلی، جێگری سەرۆک بە پلەی راوێژکار.
3- محمد باقي امین، راوێژکار.
4-پ. د. فاروق عمر صديق، راوێژکار.
5- پ. د. محسین محمد حوسین، راوێژکار.

لە دۆکیومێنتێکی نهێنیی تردا، بارزانی لە رۆژی 1ی ئازاری 2020دا پلەی زاگرۆس فتاح محمد ئەمینی بەرزکردۆتەوە بۆ بریکاری وەزارەتی پلاندانان دوای ئەوەی لە بەڕێوەبەری گشتییەوە دەکرێتەوە بریکاری وەزارەتی پلاندانان -ئەمەیان ناکەوێتە خانەی گەندەڵییەوە.

لە دۆکیومێنتیکی تری نهێنییدا بارزانی پلەی تاهیر عەبدوڵا عوسمانی لە بەڕێوەبەری گشتییەوە بۆ راوێژکار گۆڕیوە لەسەر میلاکی سەرۆکایەتیی فەرمانگەی بەدواداچوون و هەماهەنگیی.

هەروەها رۆژی ١ی ئازاری 2020 بەپێی دۆکیومێنتێکی دیکەی نهێنیی، بارزانی فەرمانی دامەزراندنی ساناو فەریدون محەمەدی بە پلەی بەڕێوەبەری گشتیی دەرکردووە.

هەر بەپێی دۆکیومێنتێکی دیکەی نهێنیی، بارزانی فەرمانی دانانی د. سەرباز نەجیب عثمانی لە پۆستی “راوێژکاری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری رێگاوبان و رێکخستنەوەی هاتوچۆ” دامەزراندووە.

بارزانی هەندێک لە کەسە نزیکەکانیشی لە دەزگای پاراستن و دامەزرێنەری تیڤییەکەی کوردستان 24 لەگەڵ خۆی بردونەتە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران و بە پلەی بریکاری وەزیر و راوێژکار دایمەزراندوون.

بەپێی فەرمانێکی نهێنیی بارزانیی، عەزیز ئەحمەد لەسەر میلاکی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بۆ سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران گواستراوەتەوە بە پلەی بریکاری وەزیر و وەک جێگری بەڕێوەبەری نوسینگەی سەرۆک وەزیران دەستبەکاربووە.

لە دۆکیومێنتیکی دیکەی نهێنییدا، بارزانی لە کانوونی یەکەمی 2019دا فەرمانی دامەزراندنی بە پلەی راوێژکار بۆ کاروباری قوتابییان دامەزراندووە، ئەو پلەیە بەتەواوی نوێیە و لە کابینەکانی تردا نەبووە. لە دامەزراندنێکی دیکەی هاوشێوەدا، بارزانی لە حوزەیرانی 2020دا، د. کارزان کەریم خواڕەحمی وەک راوژکار لە پۆستی راوێژکاری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری خوێندنی باڵا و پەروەردە دامەزراندووە.

بەپێی مادەی 23 بڕگەی سێیەم لە پەیڕەوی قانوونی چاکسازیی، “وەزیر یان سەرۆکی لایەنی نەبەستراو بە وەزارەت تایبەتمەندە دەبێت بە رێکخستنەوەی پێگەی وەزیفی ئەو فەرمانبەرانەی حوکمەکانی ئەو مادەیە دەیانگرێتەوە.” ئەمە لە کاتێکدا بەشی هەرە زۆری ئەوانەی دامەزراون و پلەیان بەرزکراوەتەوە بەر لە پەسەندکردنی قانوونی چاکسازیی بووە کە بە هەموو جۆرێک دامەزراندن و پلەبەرزکردنەوە راگیراوە”

نیوەی ستافەکەی بە وەزیر تەعین کراوە و نیوەکەی تریشی بە وەکیل وەزیر. تەنها لە ئۆفیسەکەی خۆی چوار یان پێنج وەزیری تەعین کردووە، ئەمە بەپێی ئەو سەرچاوە تایبەتەی کە کوردستان تایمز قسەی لەگەڵ کردووە.

یەکێک لە حیلەشەرعییەکانی مەسرور بارزانی بۆ دامەزراندنی کەسانی نزیکی خۆی، داهێنانی هەندێک پۆستە، وەک راوێژکاری کاروباری قوتابییان، راوێژکار بۆ کاروباری رێگاوبان و راوێژکار بۆ خوێندنی باڵا و پەروەردە.

دامەزراندن و پلەبەرزکردنەوەی ئەو کەسانەی نزیک مەسروڕ بارزانی-تەنها دوان نەبێت- لە کاتێک دایە کە کابینەکەی بارزانیی شکستیهێناوە لە پێدانی مووچەی فەرمانبەران و هاوکاریکردنی ئەوانەی کاریان لەدەستداوە بە هۆی قەدەغەی هاتووچۆ کە بە هۆی رێککارییەکان بۆ رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا رایگەیەنراوە.

کابینەی حکومەتی هەرێم لە دەستبەکاربونیەوە تا ئێستا نەیتوانیوە هیچ لە بڕگە و پلانەکانی جێبەجێبکا، کەچی بارێکی گەورەتری خستۆتە سەر بودجەی گشتییەوە بە هۆی دامەزراندنی ئەو کەسانەوە، پێویستە بوترێت دامەزراوان بە وەزیر و بریکاری وەزیر و راوێژکار و بەڕێوەبەری گشتیی لەو ژمارەیە زیاترن کە کوردستان تایمز بڵاویکردونەتەوە و لە داهاتوودا هەوڵدەدات گەندەڵییەکانی تریش بڵاوبکاتەوە.

پرسیارێکی جدیی کە چاودێرەکەی حکومڕانیی و گەندەڵیی ئیداریی و دارایی لە هەرێمی کوردستان خستیەڕو دوای ئەوەی کوردستان تایمز ئەو دۆکیومێنتانەی لەگەڵ هەڵسەنگاندن، ئەوەیە کە “بۆچی مەسرور بارزانیی کۆمەڵێک راوێژکار بۆ خۆی دادەدەمەزرێنێت لە کاتێکدا هەموو کار و کردەوەکانی بە تاکڕەوانە جێبەجێدەکات، تەنانەت بێئەوەی لەگەڵ جێگرەکەی و ئەنجوومەنی وەزیرانیش گفتوگۆی بکات”

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this