لەبارەی وەرگرتنی 60 هەزار دینار لە مەرزی باشماخ روونكردنەوە دەدرێت

0
375
مەرزی باشماخ له‌ قه‌زاى پێنجوێن | فۆتۆ: عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید/ SNN

SNN-عەلی حەمە سەعید

لێپرسراوی راگەیاندن و پەیوەندیەكانی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ ئاماژە بەوەدەكات: بڕی 60 هەزار دینار تەنیا لەو كەسانە وەردەگیرێت كە لە مەرزی باشماخەوە دەگەڕێنەوە هەرێمی كوردستان و ئەوانەی سەردانی ئێران دەكەن پارەیان لێوەرناگیرێت.

موختار حاجی عەلی، لێپرسراوی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی مەرزی نێودەوڵەتیی باشماخ، بە  SNNی راگەیاند: ماوەی دوو رۆژە لەسەر داوای وەزارەتی تەندروستی دەستمان بە جێبەجێكردنی بڕیاری وەرگرتنی بڕی 60 هەزار دینار كردووە، لەو كەسانەی كە لە ئێرانەوە دەگەڕێنەوە هەرێمی كوردستان، بەڵام ئەم بڕیارە منداڵانی خوار 10 ساڵ ناگرێتەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد: بڕی 60 هەزار دینار لەو كەسانە وەرناگیرێت كە لە مەرزی باشماخەوە سەردانی ئێران دەكەن، بەڵام بە مەرجێك دەبێت لە ماوەی 48 كاتژمێردا پشكنینی كۆرۆنایان ئەنجام دابێت، هاوكات لە دوای 48 كاتژمێرەكە و لە كاتی گەڕانەوەیاندا هەر دەبێت ئەو پشكنینە بکەن و بڕی 60 هەزار دیناریان لێوەردەگیرێت.

لێپرسراوی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ ئەوەشی خستەڕوو، بڕی ئەو پارەیەی كە وەردەگیرێت و ئەو داهاتەی كە كۆدەكرێتەوە، سەرجەمی رادەستی وەزارەتی تەندروستی دەكرێت و پەیوەندی بە مەرزی باشماخەوە نییە، بەڵكوو ئەوان بڕیار لەسەر خەرجكردن و چۆنییەتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو داهاتە دەدەن.

ناوبراو نیگەرانی نیشاندا لەوەی تا ئێستا ئامێری پشكنینی خێرا بۆ شۆفێرانی بارهەڵگری ئێرانی نەگەیشتووەتە مەرزی باشماخ، بۆیە ئەم بڕیارەی وەرگرتنی بڕی 60 هەزار دینارە لەم قۆناغەدا شۆفێری بارهەڵگری بیانی و هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this