لە ڕاپەڕین بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان روو لە زیادبوونە

0
258

راپۆرت: محەمەد مستەفا

هاوسنووری ئیدارەی ڕاپەڕین لەگەڵ وڵاتی ئێران کە ئەو وڵاتە ناوەندی بازرگانی و بەکارهێنانی مادەی هۆشبەرە لە جیهاندا وایکردووە ساڵ لە دوای ساڵ رێژەی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین روو لە زیادبوون بکات، بەرپرسێکی ئاسایشی ڕاپەڕین باس لەوە دەکات هێزەکانی ئاسایش بە تەنیا رووبەڕووی کەمکردنەوەی لێشاوی بازرگانی و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر ببنەوە و دەبێت هەموو کۆمەڵگا بەشدار بێت “

لە بەرامبەریشدا توێژەرێکی دەروونی پێیوایە: “بێکاری هۆکاری سەرەکی ئەو دیاردە ترستانەکەیە و پێویستیشە یاساکانی سزادانی بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان زۆر تووند و قورس بکرێن”.

“بەکارهێنانی کریستاڵ بە شێوەیەکی فراوان رووی لە زیادبوون کردووە ”

محەمەد فازیڵ بەرپرسی بەشی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی ئاسایشی ڕاپەڕین بە SNN ی راگەیاند: هاوشێوەی زۆرێک لە ناوچەکانی هەرێم لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین ژمارەی بەکارهێنەران و بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان روویان لە زیادبوون کردووە، ساڵ لەدوای ساڵیش ئامارەکان روویان لە زیاد بوونە، هۆکاری یەکەمی بەرزبوونەوەی ئەو ئامارانە لە ئیدارەی ڕاپەڕین بریتیە لەوەی کە ڕاپەڕین سنوورێکی فراوانی لەگەڵ وڵاتی ئێران هەیە کە وڵاتی ئێران خۆی ناوەندێکی گەورەی جیهانە بۆ بازرگانی و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان، بەشی زۆری ئەو ماددە هۆشبەرانە لە وڵاتی ئێرانەوە دەگاتە ئیدارەی ڕاپەڕین، هەرچەندە هێزەکانی ئاسایش هەموو رێکارێکیان دژی ئەو بابەتە گرتۆتەبەر، بەڵام سنوورەکە زۆر فراوانە و کۆنتڕۆڵکردنی ئەو هەموو سنوورە جوگرافییە کارێکی زۆر زەحمەتە .

محەمەد فازیڵ وتیشی: “هاوکات بەهۆی زۆربوونی رێژەی بێکاری لەناو گەنجان وایکردووە ژمارەیەکی زۆری گەنجان رووبکەنە بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر، هێزەکانی ئاسایش بەردەوامن لە دەستگیرکردنی بازرگانان و بەکارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر، دەستگیرکراوەکانیش لە هەموو تەمەنێکن بەڵام زۆرترینیان تەمەنیان سەرووی 30 ساڵانە. هاوکات زۆرترین ئەو ماددە هۆشبەرەی کە بەکاردەهێنرێت و بازرگانی پێوە دەکرێت بریتیە لە ماددەی (کریستاڵ) و بەشێوەیەکی فراوان بەکارهێنەرانی ئەو ماددەیە رووی لە لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا زیادیکردووە، کە ماددەیەکی ترسناکە و تەندروستی و هۆشی مرۆڤ لەناودەبات .

” کافریاکان ناوەندێکن بۆ بڵاوبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان ”

محەمەد فازیڵ ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: یەکێک لەو شوێنانەی کە هۆکارن بۆ مەترسی بڵاوبوونەوەی ئەو ماددانە بریتین لە کافتریاکان، هەرچەندە وەک ئاسایش ئەوان چەندین مەرج و رێنمایی ئەمنیان بۆ کافتریاکان داناوە و چەندین جار هەڵمەتی پشکنینیان ئەنجامداوە، بەڵام کۆنتڕۆڵکردنی کافتریاکان کارێکی ئاسان نیە و زۆر کات کافتریاکان وەک ناوەندێک بۆ بازرگانی و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر بەکاردەهێنرێن .

“بە گوێرەی ئامارەکانی ئاسایشی ڕاپەڕین ساڵی رابردوو لە ئیدارەی ڕاپەڕین 201 کەس بە تۆمەتی بازرگانی و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان دەستگیرکراون، لەو ژمارەیەش 20 تۆمەتباریان ئافرەت بوون و هاوکات هەر ساڵی پار نزیکەی 19 کیلۆ مادەی هۆشبەر لە جۆری جیاواز دەستیبەسەرداگیراوە، جگە لە دەستبەسەرداگرتنی سەدان هەزار دەنکە حەب کە بۆ دروستکردنی ماددەی هۆشبەر بەکاردێن “.

بەرپرسی بەشی راگەیاندن و پەیوەندیەکانی ئاسایشی ڕاپەڕین باس لەوەش دەکات: ئەوان وەک ئاسایش هەموو هەوڵێکیان داوە بۆ رێگری لە بڵاوبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، بەڵام ئەم کارە تەنیا بە هێزەکانی ئاسایش ناکرێت، بەڵکو دەبێت هەر هاووڵاتییەک لە شوێنی خۆی هەست بە بەرپرسیارێتی بکات لە کاتی بوونی هەر حاڵەتێکی گوماناوی هێزەکانی ئاسایش ئاگاداربکاتەوە و دەبێت لە ناوەندەکانی خوێندن باس لە مەترسیەکانی ئەم مادانە بکرێت و مامۆستایانی ئاینیش بەردەوام لە مینبەری مزگەوتەکانەوە هاووڵاتییان لە مەترسیەکانی ئەو ماددانە ئاگاداربکەنەوە .

” باندەکانی بازرگانی ماددەی هۆشبەر سەرەتا بێ بەرامبەر ماددە دەدەنە گەنجان و دواتر ئالوودەیان دەکەن ”

دەربارەی تەشەنەکردنی ئەو دیاردە ترسناکە یوسف عومەر رێنماییکاری دەروونی بە SNN ی راگەیاند: هۆکاری یەکەمی ئەو دیاردەیە پەیوەستە بە بێکارییەوە، بە تایبەت لەناو چینی گەنجان کە بەهۆی بێکاریەوە گەنجان بۆ پڕکردنەوەی کاتەکانیان پەنا بۆ ئەو جۆرە ماددانە دەبەن، هاوکات ئەوەی پەیوەستە بە قەیرانی دارایی بریتیە لەوەی کە کۆمەڵە کەسانێکی زۆر دەیانەوێت لەم قەیرانە داراییە بڕە پارەیەکی زۆر بەدەستبهێنن لە کاتێکی کەمدا.

ئەو رێنماییکارە دەروونیە باس لەوەش دەکات: “چەندین حاڵەت هەبووە کە باندەکانی بازرگانی ماددەی هۆشبەر سەرەتا بێ بەرامبەر ئەو ماددانە دەدەنە هاووڵاتییان و بە تایبەت گەنجان تا وایان لێدەکرێت ئالودەببن پاش ئالودەبوونیان بە بڕە پارەیەکی زۆر ئەو ماددانەیان پێ دەفرۆشن .

یوسف عومەر راشیگەیاند: دەبێت ئەو یاسایانە هەموار بکرێنەوە کە تایبەتن بە سزادانی بازرگان و بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکان، چونکە ئەو سزایانە زۆر قورس نین چەندین حاڵەت هەبووە کە بەکارهێنەر یان بازرگان دوای دەستگیرکردنی بە ماوەیەکی کەم لە بەندینخانە هاتۆتە دەرەوە، بۆیە دەبێت سزاکان زۆر تووند و قورس بکرێن تا خەڵکی نەوێرێت نزیکی ئەم دیاردە ترسناکە بکەوێت، هاوکات دەبێت هێزەکانی ئاسایش ئەوپەڕی توانای خۆیان لە بازگەکان و خاڵە سنووریەکان بەکاربهێنن بۆ رێگری لە بڵاوبوونەوەی ئەو ماددانە .

یوسف عومەر ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: باشترین کار بۆ رێگری لە بڵاوبوونەوەی ئەو ماددانە بریتیە لەوەی کە حکومەت بتوانێن لە رێگەی کەرتی گشتی و تایبەت هەلی کار بۆ گەنجان دابین بکات و گەنجان لە بێکاری دوور بخاتەوە، هاوکات ئەو کەسانەشی کە تووشی بەکارهێنانی ئەو ماددەیە بوون لە نەخۆشخانەیەکی تەندروستی ـ دەروونی چارەسەریان بکات و دووبارە بە بیر و هۆشێکی ساغەوە تێکەڵی کۆمەڵگایان بکاتەوە .

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this