یەکگرتووی ئیسلامیی هۆشداریی لە تەقینەوەی دۆخی هەرێم دەدات و حکومەتیش وەڵامی دەداتەوە

0
886

SNN

حکومەتی هەرێمی کوردستان خوازیارە بە هاوکاریی هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکانی هەرێم، ئەم دۆخە سەختەی تەندروستی و دارایی و لێکەوتە سیاسییەکانی تێپەڕێنێت. ئەرکێکی نیشتیمانیی سەرشانی هەموو لایەکمانە کە دۆخی تەندروستیی هاووڵاتیان و بژێوی و ژیانیان، کە دەرەنجامی دۆخێكی نەخوازراون، نەکرێت بە کەرەستەی موزایەداتی سیاسی.

ئەمڕۆ چوار شەممە 12-8-2020، یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەبارەی بارودۆخی تەندروستی و بژێوی هاوڵاتیان و كاسبكاران و فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان   پەیامێكی بڵاوكردەوەو داوای چارەسەری بە پەلەو ڕێشەیی دەكات بۆ كێشە كەڵەكەبووەكانی هەرێم و رایگەیاند “هەست بەمەترسی پەرچەكرداری تەقینەوەیەكی حساب بۆ نەكراو دەكەین”.

دوای ئەو پەیامە جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێم دەڵێت: “ئەمڕۆ ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامی، پەیوەست بە کێشە و قەیرانە هەنوکەییەکان، بە شێوەیەکی ناواقعیانە کۆمەلێک تۆمەتی بێ بنەمایان ئاراستەی حکومەتی هەرێم کردووە. لە بارەی پەتای کۆرۆنا ، حکومەتی هەرێم هەر زوو رێکاری کاریگەری گرتەبەر، بەڵام بەداخەوە هەندێ هێز و لایەن هەوڵیاندا خەڵک لە دژی رێکارەکان هان بدەن و ئێستاش کە پەتایەکە تەشەنەی کردووە، هەر ئەو هێز و لایەنانە دەکەونە وێزەی حکومەتی هەرێم”.

وتەبێژی حکومەتی هەرێم دەشڵێت: “لە بارەی ڕەوشی داراییش کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم هەموو هەولێکی لەگەڵ بەغدا داوە تاکو بە رێکەوتنێکی شایستە و دەستووری بگەین، بەڵام تاکو ئێستاش بەغدا خۆی لە گەیشتن بە رێکەوتنی کۆتایی دەدزێتەوە، زۆرێک لە هێزەکانی ناوخۆش بەردەوام، بەغدا هان دەدەن کە لەگەڵ هەرێم بە رێکەوتن نەگەن، تاکو دۆخی ناوخۆی هەرێم ئاڵۆزتر ببێت و ئەو هێزانە سوود لەو ئاڵۆزییانە وەرگرن، ئەمەش یاری کردنە بە ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیانی هەرێم.

 

بەوتەی جوتیار عادل، حکومەتی هەرێم پێشوازی لە هەر پێشنیار و رێکار و بۆچوونێک دەکات کە لە خزمەتی هێورکردنەوەی دۆخەکە و تێپەڕاندنی ئەو قەیرانە نەخوازراوانە بێت و بێگومان هەر هەوڵێکیش بۆ گرژی و ئالۆزیی زیاتر، لە بەرژەوەندیی هیچ کەس ولایەنێکدا نابێت و لێکەوتە نێگەتیڤەکانی بە زیانی هەموو هەرێمی کوردستان دەبێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە بەرواری 12/8/2020 ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بە و لەسەر چەند خاڵێك هەڵوێستەی كرد بەم شێوەیەی خوارەوە :

1-دۆخی تەندروستی هەرێم و تەشەنەسەندنی پەتای كۆرۆنا لە حاڵەتی كەمتەرخەمی خۆپارێزی و كەمی كەرەستەی چارەسەر و شڵەژاوی ئیدارەدانی دۆخەكە بەتایبەت لە هەولێری پایتەخت جێگای داخە و ناكرێ حكومەتی هەرێم بەم شێوەیە دەستەوەستان و بێ باك بێ لە بەرامبەر گیانی هاوڵاتیاندا.

2-دۆخی بژێوی فەرمانبەران و كەمی و دواكەوتنی موچە و قوفڵ بوونی جوڵەی بازاڕ و بێ باكی و بێ بەرنامەیی حكومەت لە ئاستێكدایە كە تەقینەوەی رق و خەم و بێ چارەیی جەماوەری برسی و گەنجی بێ هیوا گەورەترین مەترسیە لەسەر هەرێم و ناكرێ دەسەڵات و نوخبەی سیاسی وڵات لە ئاستی دا بێ تەگبیر و چارەسەر بن.

3-پشتگوێ خستنی چاكسازی گشتگیر بۆ رەگ و ریشەی گەندەڵی و ناشەفافیەت لە داهاتی نەوت و دەروازە سنوریەكان و خۆخەریككردن و خەڵك خافڵاندن بە هەندێ شتی لاوەكی یەوە یان نیشانەی نەبوونی ئیرادەی راستەقینەیە یان نیشانەی نەتوانین و دەرەقەت نەهاتنە كە هەردوكیان ئەخوازێ حزبەكانی دەسەڵات لەسەری بووەستن و بەخۆیاندا بچنەوە و بڕیاری جدی لەسەر بدەن.

4-دەستی دەستی كردن بە یەكتری لە هەرێم و سارد و سڕی مامەڵەی كێشەكانی هەولێر و بەغدا لە حاڵەتی ئێستادا هیچ پاساوێكی ئەخلاقیی و نیشتمانی نیە و دەبێ ئەحكامی لە ناكاو و ئیسعافی پەیرەو بكرێ و هەل و مەرجەكە لەوە زیاتر هەڵناگرێ .

بۆیە پێویستە بە بڕیاری مەحكەم و بە ئیرادەی بەهێزەوە حكومەت و هێزەكانی دەسەڵات رووبەرووی دۆخەكە ببنەوە تا كار لەكار نەترازاوە و كەشتی دەیان ساڵەی خەبات و خوێن و رەنجی میللەتەكەمان بە هەموو سەرنشینەكانیەوە نغرۆ نەبووە .

 

 

 

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this