“ڤلادیمێر پوتین وەک دیکتاتۆرێکی ئاسیای ناوەند حوکمی روسیا دەکات”

0
467

SNN

ئەگەرچی ڤلادیمێر پوتین ماوەی 20 ساڵە حوکمی روسیا دەکات، بەڵام هێشتا خواستی مانەوەی لەسەر کورسی دەسەڵات هەیە، بەشێک لە شارەزایانی و میدیاکانی رۆژئاوا مانەوەی پوتین لەسەر دەسەڵات بۆ درێژترین ماوە لە مێژووی ئەو وڵاتەدا، بە “نموونەیەکی هاوشێوەی دەسەڵاتە دیکتاتۆریەکانی ئاسیای ناوەند” وەسفدەکەن کە لە رێگەی هەموارکردنەوەی دەستوورەوە چنگیان لە کورسییەکانیان گیردەکرد.

پوتین لەرێگەی هەموارکردنەوەی دەستووری وڵاتەکەیەوە کاری بۆ درێژکردنەوەی دەسەڵاتەکانی کرد، لە 25ی حوزەیران تا یەکی تەمووز، ریفراندۆمێکی سەرتاسەری بۆ هەموارکردنەوەی دەستوور بەڕێوەبرد، هەروەک چاوەڕوانیشکرا، بە دەنگی زۆرینە پەسەندکرا.

دەستووری هەموارکراوی روسیا چەند بڕگەیەکی فرەچەشنی لەخۆگرتووە، کە لەگەڵ بیروبۆچوونی بەشێک لە روسییەکاندا یەکدەگرێتەوە، بڕگەیەکی ئەو دەستوورە تایبەتە بە باشترکردنی بژێوی ژیانی هاووڵاتییان و بڕگەیەکیش بریتییە لە قەدەغەکردنی هاوسەرگیری هاوڕەگەزبازان.

بەڵام ئەو بڕگەیەی دەستوور کە زۆرترین کاردانەوەی لێکەوتەوە، تایبەتە بە درێژکردنەوەی دەسەڵاتەکانی سەرۆک لەدوای تەواوبوونی دووەم خولی سەرۆکایەتی، کە رێگەی پێدەدات تا ساڵی 2036، کە تا ئەو ساڵە پوتین تەمەنی دەبێتە 84 ساڵ، لە پۆستی سەرۆکایەتیدا بمێنێتەوە، بەوەش پێش جۆزێف ستالین دەکەوێت لە درێژترین ماوەی حوکمداریدا.

رێگەخۆشکردن بۆ درێژکردنەوەی دەسەڵاتەکانی پوتین، لەلایەن وڵاتانی رۆژئاوا، هەروەها لە ناوخۆی روسیاشدا رەخنەی زۆری لێگیرا، گۆڤاری فۆرێن پۆڵسی ئەمریکی وەک یەکێک لە رەخنەگرانی ئەوەی نوسیووە، پوتین هاوشێوەی سەرۆکە دیکتاتۆرەکانی ئاسیای ناوەند هەمواری دەستووری کردەوە بۆ ئەوەی چنگی لە دەسەڵات گیربکات، هەروەک چۆن پێشتر سەرۆکەکانی تاجیکستان و ئازەربایجان و بێلاڕوسیا هەمان رێگەیان گرتبووەبەر.

لەلایەکی دیکەوە میدیاکانی روسیا دەڵێن، درێژکردنەوەی دەسەڵاتەکانی تەنیا یەکێکە لە بژاردەکان، دەکرێت پوتین ئەم دەرفەتە بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی بە خواستی خۆی جێگرەوەیەک بۆ پۆستەکەی دابنێت، بەبێ ئەوەی دەرفەت بە رکابەرەکانی بدات شوێنی بگرنەوە.

لە ناوەڕۆکی دەستوری هەموارکراوی روسیادا چەند گۆڕانکارییەک لە دەسەڵاتەکانی سەرۆکدا کراوە، بەجۆرێک بەشێک لە دەسەڵاتەکان لە سەرۆکی روسیا دەسەندرێتەوە و دەدرێتە پەرلەمانی ئەو وڵاتە کە نوێنەرایەتی گەلی روسیا دەکات. بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجی شرۆڤەکارانە، ئەم گۆڕانکارییانە لە ئێستادا روونادەن و ڤلادیمێر پوتین ناگرێتەوە، بەڵکو لەدوای کۆتاییهاتنی ماوەی سەرۆکایەتیەکەی پوتین، جێبەجێدەکرێن.

لە دیارترین ئەو گۆڕانکارییانە ئەوەیە، ئەنجومەنی دوما (پەرلەمانی روسیا لە دوو ئەنجومەن پێکدێت، ئەنجومەنی دوما کە دەسەڵاتەکانی کەمترە، ئەنجومەنی فیدڕاڵی کە دەسەڵاتی باڵاترە) دەسەڵاتی زیاتری لە پێکهێنانی حکومەتدا دەبێت و دەتوانێت هەر کاندیدێک رەتبکاتەوە کە سەرۆکی روسیا بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی وڵات دیاریکردبێت.

هاوکات سەرۆکی داهاتووی روسیا دەسەڵاتی رەتکردنەوەی ئەو کاندیدانەی کابینەکەی نابێت کە لەلایەن سەرۆکوەزیرانەوە بڕیاریان لەسەردراوە، ئەگەر لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەندبکرێن ئەو کاندیدانە پۆستە باڵاکانی حکومەت وەردەگرن.

گۆڕانکارییەکی دیکەش ئەوەیە، ئەنجومەنی فیدڕاڵی لە پەرلەمان سەبارەت بە کاندیدی پۆستە هەستیارە ئەمنییەکان راوێژی پێدەکرێت.

ئەگەرچی تا ساڵی 2036 گەلی روسیا ئەم گۆڕانکارییانە نابینن، بەڵام ئەگەر بەمشێوەیەبێت روسیا لە داهاتوودا دەبێتە خاوەن سیستەمێکی تۆکمەی پەرلەمانی و دەسەڵاتی رەهای سەرۆک بەسەر وڵاتەکەیدا نامێنێت.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this