“هەق وایە وەزارەتی دارایی هەرێم ناو بنرێت بانکی دابەشکردنی مووچە”

0
568

 SNNمەودا مستەفا
سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت: “بەداخەوە وەزارەتی دارایی لە هەرێمی كوردستان نەیتوانیوە رۆڵی خۆی ببینێت و ئەرکەکەی تەنيا بۆتە دابەشكردنی مووچە” ئابووریناسێكیش دەڵێت: “لەبری وەزارەتی دارایی دەكرا ناوی بنێن بانكی دابەشكردنی مووچە”.

زیاد جەبار، سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان بە SNNی راگەیاند “بەداخەوە لە ئێستادا وەزارەتی دارایی نەیتوانیوە رۆڵی خۆی ببینێت لەو دۆخە ئابوورییەی هەرێم تێی كەوتووە، ئەركی ئەو وەزارەتە گەورەیە بۆتە تەنيا وەزارەتی دابەشكردنی مووچە، هەرچەندە ئێستا ئەویش لەدەستی ئەواندا نەماوە”.

وتیشی: “ناكرێت وەزارەتێكی ئاوا ئەركی تەنيا دابەشكردنی مووچە بێت و نەتوانێت هیچ كارێكی تر بكات و لە راستیدا دەبێت وەزارەتی دارایی بتوانێت پلان و بەرنامە و ستراتیجیەتی هەبێت بەوەی چۆن بتوانێت لە رێگەی ئەو پارەیەی دێتە دەستیان بەشی مووچە و كەرتی تریش بكات، بەڵام بەداخەوە وەزارەتی دارایی تەنيا چاوەڕێی ئەو چەند سەرچاوەیەیە پارەی لێوە دێت و ئەویش دابەشی بكات”.

لای خۆشیەوە  بیلال سەعید رۆژنامەنووسی ئابووری و ئابووریناس دەڵێت: “بەداخەوە وەزارەتی دارایی لە ئێستادا ئەركی تەنيا بۆتە دابەشكردنی مووچە، باشە خۆی دەكرێت لەبری ئەوەی وەزارەتێكی ئاوا گەوەرمان هەبێت بەناوی وەزارەتی دارایی و ئابووری دەتوانین بانكێك دابمەزرێنین بە ناوی بانكی دابەشكردنی مووچە، لە هەموو دنیادا وەزارەتی دارایی و ئابووری رۆڵی زۆر گەروە دەبینێت لە پرسە ئابوورییەكاندا كەچی لای خۆشمان ناوێكی گەورەیە، بەڵام تەنيا بۆ یەك مەبەست بەكاردێت ئەویش مووچە دابەشكردنە”.

ماوەی هەشت ساڵە وەزارەتی دارایی و ئابووری بەدەست بزوتنەوەی گۆڕانەوەیە، لە كابینەی پێشووتردا رێباز حەملان وه‌زیرى ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ بوو دوای تێپەڕبوونی دوو ساڵ بەسەر تەمەنی كابینەی هەشت دەستی لە بزوتنەوەكە هەڵگرت و بە فەرمی چوونی بۆ نێو پارتی دیموكراتی كوردستان راگەیاند، له‌ ئێستاشدا له‌لایه‌ن ئاوات شێخ جه‌ناب، له‌ پشكى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان به‌ڕێوه‌ده‌برێت.

 

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this