تەندروستیی هەڵەبجە: یەك دینارمان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا لەبەردەست نییە

0
459
کۆرۆنا

SNN-عەلی حەمە سەعید

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستیی هەڵەبجە ئاماژە بەوەدەكات: “لە ئێستادا تەندروستیی هەڵەبجە بە دۆخێكی خراپی داراییدا تێدەپەڕێت، بەجۆرێك یەك دینارمان لەبەردەستدا نییە بۆ كڕینی پێداویستی و رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا”، داوایەكیش ئاراستەی وەزارەتی تەندروستی دەكات.

د. ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستیی هەڵەبجە بە  SNNی راگەیاند: “لە سەرەتای سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا تا ئێستا لەلایەن وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمەوە بڕی 200 ملیۆن دینارمان بۆ تەرخانكراوە، هاوكات لەلایەن حكومەتی عێراقیشەوە بڕی 250 ملیۆن دینار و لەو بڕە یەك ملیار دینارەش كە بۆ كەرتی تەندروستیی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و ڕاپەڕین تەرخانكرا تەنها بڕی 170 ملیۆن دینارمان بۆ تەرخانكرا، كە كۆی گشتی دەكاتە 620 ملیۆن دینار”.

ئاماژەی بەوەشكرد: “بەشی زۆری ئەو پارانەی كە بۆمان تەرخانكرابوو لە كڕینی ئامێری پشكنین و پێداویستی تاقیگەكان و هۆكارەكانی خۆپارێزی خەرجكراون، بۆیە لە ئێستادا بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هیچ بڕە پارەیەكی لەبەردەستدا نەماوە بۆ كڕینی پێداویستییەكان و رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا”.

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستیی هەڵەبجە داواشی لە وەزارەتی تەندروستی كرد كە لای خۆیانەوە داوا لە وەزارەتی دارایی بكەن بە دابینكردنی بڕە بودجەیەك بۆ رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا و كڕینی پێداویستییەكان، چونكە بە بێ‌ دابینكردنی بودجە كارەكانمان بە باشی ناڕوات بەڕێوە و رووبەڕووی گرفتی زیاتر دەبینەوە”.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this